كارزان گلی – ههولێر
كۆریدۆری زەنگەزور، دەكەوێتە نێوان ئازەربێجان و ناوچەی ناهچیڤان، پاشان بەشێكی ئەو كۆریدۆرە دەكەوێتە ناو خاكی توركیا، ئەویش قارسی باكووری كوردستانە، كە لەرێگەی هێڵی ئاسنینی نێوان دیلیج و قارسە و ١٥ ملیۆن تەن دەگوازێتەوە.
عەبدولقادر ئۆڕالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیا، دەڵێت درێژی هێڵی ئەو كۆریدۆرە ٢٢٤ كیلۆمەترە و ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سەرنشین دەگوازێتەوە و ١٥ ملیۆن تەن كەلوپەلیش دەگوازێتەوە.
لە ٢٠٢٠ەوە باس لە گرنگی ئەو كۆریدۆرە دەكرێت، بەڵام لە ٨ی ٨ی ٢٠٢٥، لە ئەمریكا قسەی جیدی لەبارەوە كرا و چووە بواری جێبەجێ كردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەردوو سەرۆكی ئازەربێجان و ئەرمینیای بانگی كۆشكی سپی كرد بۆ ئەوەی ئاشتییەكی بەردەوام لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بێتە بوون و پاشان ئیمزای ئەو رێككەوتنەی پێكردن، كە كۆریدۆری زەنگەزور دروست بكرێت.
ئیلهام عەلییەڤ، سەرۆكی ئازەربێجان، لە گوتەیەكدا گوتی: ”ئەمڕۆ ئاشتی بۆ قەفقاسیا دەگێڕینەوە، ئێمە شەڕ و داگیركاری و رژانی خوێنمان ساڵانێكە لە بیر كردووە.“ لەلای خۆشییەوە نیكۆل پاشنیان، سەرۆكی ئەرمەنستان، ئەم رێككەوتنەی بە خاڵێكی وەرچەرخان ناوبرد.
تەرمپیش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بۆ ئەوەی بازرگانی لەڕووی وزە و تەكنەلۆژیا برەو پێبدەن، بۆیە ئەم رێككەوتنەی بە هەردوو وڵات ئیمزا كردووە.
پڕۆژەكە چییە؟
ئاژانسی (BBC) بەشی توركی، لەبارەی زەنگەزور، چەند زانیارییەكی ئاشكرا كردووە. بەگوێرەی زانیاری ئەو ئاژانسە، زەنگەزور، ناوی ولایەتێكە لە باشووری ئەو وڵاتەدایە و ناوی سیونیكە، بەڵام لە ئازەربێجان هەر بەناوی زەنگەزور ناوی ئەو ولایەتە دەهێنن.
لە رۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیەدا، ئازەربێجان بوونی هەیە، لە باشووریشی ئێران و لە رۆژئاواشی، كۆماریی ناهچیڤان هەیە، كە ناوچەیەكە خاوەنی فیدڕاڵییە و سەر بە ئازەربێجانە.
ئامانجی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە، لەرێگەی وشكانی و هێڵی ئاسنین، ناهچیڤان و ئازەربێجان بەیەكەوە ببەسترێتەوە، ئەگەر بەشێوەیەكی فراوانتریش پێناسەی ئەو كۆریدۆرە بكەین، بەستنەوەی راستەوخۆی ئازەربێجانە بە توركیاوە.
ئایە سازان لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربێجان بۆ ئەو پڕۆژەیە هەیە؟
لە ٢٠٢٠، لە دووەم شەڕی نێوان ئازەربێجان و ئەرمەنستاندا، كە رووسیا نێوەنگیریی كرد و ئاگربەست راگەیەندرا، لە رێككەوتنەكەدا لە مادەی ٩ دا هاتووە، كە پێویستە رێگەی نێوان ناهچیڤان و ئازەربێجان بكرێتەوە و بتوانن بەیەك ببەسترێنەوە. لە مادەكەدا هاتووە: ”لە ناوچەكەدا هەموو بەربەستە ئابووریی و گەیاندنەكان دەبێت بكرێتەوە، كۆماریی ئەرمەنستان، لە ناوچەی باشووری ئازەربێجاندا، ئاساییشی هەموو گەیاندنێك بپارێزێت.“
حكوومەتی ئەرمەنستان، دەڵێن ئێمە پاڵپشتی لە كردنەوەی رێگەیەك بۆ ناهچیڤان دەكەین، بەڵام لەو مادەیەدا ئاماژە نەدراوە، كە كۆریدۆری زەنگەزور دروست بكرێت و باس لەو بابەتە نەكراوە.
وەبەرهێنانی ئەو كۆریدۆرە بەو شێوەیەیە، كە دەریای غەزەر بە دەریای سپی دەبەستێت و هەروەها بە بەندەری بەسرای دەبەستێتەوە، هەروەها ئەرمەنستان و توركیا و ئازەربێجانیش، بەیەك دەبەستێت و بازرگانی نێوان ئێران و گورجستانیش لەڕووی وزەوە ئاسان دەكات، هەروەها پێشبینی دەكرێت بە گرنگترین ژێرخانی رێگاوبان دابنرێت.
بۆچی ئێران دژی ئەو پرۆژەیەیە؟
بەرپرسانی ئێران، لەرێگەی میدیاكانی خۆیانەوە باس لەوە دەكەن، كە دژی ئەو پرۆژەین، چوونكە لە قافقاسیا دەیانەوێت جیۆپۆلیتیكی ناوچەكە بگۆڕن و دەستكاری بكەن.
دەبێت ئەوەش باس بكرێت، بە ئەنجامدانی ئەو كۆریدۆرە، رێگەی وشكانی نێوان ئێران و ئەرمەنستان نامێنێت، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی ئێران دژی ئەو پڕۆژەیە. لە ئەیلوولی ٢٠٢٤، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا، كە ئێران بەهەموو شێوەیەك، دژی ئەوەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، هیچ گۆڕانكارییەكی سنووری بكرێت و بە هێڵی سووری ناوبرد و گوتی ”هەموو پڕۆژەكە قبوڵكراو نییە.“
توركیا چۆن سەیری كۆریدۆری زەنگەزور دەكات؟
لە ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لەبارەی زەنگەزورەوە لێدوانیدا و گوتی: ”كۆریدۆری زەنگەزور، تەنیا بۆ ئازەربێجان و توركیا و ئەرمەنستان گرنگ نییە، بەڵكوو سوودی بۆ وڵاتانی تریش دەبێت. ئێمە ئەو هێڵە لە هەمان كاتدا، بە جیۆئیكۆنۆمی دەچوێنین و هەروەها بەگرنگییەكی زۆرەوە سەیری دەكەین.“
ئەردۆغان باسی لەوەش كرد، ئەو كۆریدۆرە جۆگرافییەكانیش بەیەكەوە دەبەستێتەوە و لەڕووی بازرگانییەوە روحیان دێتەوە بەر و ئەمە هێڵێك نییە كە سەرچاوەكەی لە تێنەگەیشتنەوە هاتبێت، ئەمە رێككەوتنێكە بنەمایەكی گرنكی هەیە بۆ داهاتوو.

