هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
بەمەبەستی بە یاساییبوونی سەفین یاسین وەک ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی هەولێر، ڕۆژی شەممە لە یەکێک لە هوتێلەکانی شاری هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ دەستەی کارگێری یانەی هەولێر ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی بە پێی یاسا سەفین یاسین ببێتە سەرۆکی یانەی هەولێر، ئەمەیش نیگەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستانی لکێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش هەڵبژاردنەکە رەتدەکاتەوە
لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردی یانەی هەولێر رەتدەکاتەوە و لەو بارەیەوە بەمجۆرە رونکردنەوەیەکی نوسیوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان ئەو هەڵبژاردنە بە پێشێلكاری دادەنێت، بەوپێیەی بەشداریی بە بەرپرسی یەكەمی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان نەكراوە.
لە بەیاننامەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش نووسراوە: لە یەکێک لە هوتێڵەکانی هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەچووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایی یانە وەرزشییەکانی عێراق ژمارە (18)ـی ساڵی 1988 و یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە پێشێلکاری دامەزراوە وەرزشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئەو هەڵبژاردنە بەو شێوازەی كە كراوە بە هیچ شێوەیەك جێگای قبوڵکردن نییە و سەرلەبەری ئەم پرۆسەی ئەنجامدراوە باوەڕپێکراو نییە و رەتدەكرێتەوە.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە، لە هەرێمی کوردستان، لایەنی سەرەکی و بەرپرسی یەکەمی وەرزشی، بەپێی یاسایی ژمارە (12)ـی ساڵی (2011)، ماددەی ( دووەم) لە بڕگەی (نۆیەم) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاوكات بە پێی یاسایی دەستوری عێراقی مافی داوە بە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دامەزراوە وەرزشییەكان بكات، بۆیە ئەوەی هەولێر بە نهێنی كردوویەتی جێگای قبوڵکردن نیە و سەرلەبەری ئەم پرۆسەی ئەنجامدراوە لە لایەن ئێمە باوەڕپێکراو نیە و رەتیدەکەینەوە.
وەڵامی یانەی هەولێر بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش
دوا بەدوای بەیانامەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، لە بارەی هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ سەفین یاسین سەرۆکی دانراوی یانەکەی، وەڵامی بەیاننامەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستانی دایەوە و دەڵێت: “ئێمە پابەندی بڕیارەکانی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵمپی عێڕاق ” لقی هەولێرین و پابەندی بڕیاری ئەوان دەبین”
دەقی بەیاننامەکە وەک خۆی:
دوای ئەوەی 23/8/2025 یانەکەمان بە پێی یاسا و رێنمایی هەڵبژاردنی یانەکانی کوردستان، بە ئامادەبوونی 50 + 1ـی دەستەی گشتی یانەکەمان و دادوەر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵمپی عێڕاق/ هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکەمان کراوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی بەڕێز سەفین یاسین بە فەرمی بکرێت بە سەرۆکی یانەکەمان و بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، کە وەک ئاگادارن بەڕێز پارێزگاری هەولێر وەک سەرۆک یانە دەستنیشانی کردووە و ئێمەیش هەمان کارمان کردووە.
بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان و خودی بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان کە ئیش و کاری راستەقینەی خۆی بیرچووە و دەستێوەردان لە هەموو کارێک دەکات و تەنیا ئیش و کاری بوویتە یانەی هەولێر و لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەڵبژاردنە رەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی یانەکە لە 17/7/2025 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان نەماوین و هەڵوەشاینەوە.
ئێمە وەک یانەی وەرزشی هەولێر بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سەر بە نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵمپی عێڕاق/ لقی هەولێرین و پابەندی بڕیارەکانی ئەوان دەبین و ئەوانیش هەڵبژاردنەکەیان کردووە وەک هەموو شارەکانی تر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش دەسەڵاتی بەسەر هیچ یانەیەکی کوردستاندا نییە و بەسەر ئێمەشی نابێت.
بۆیە داوا لە رای گشتی و جەماوەری وەرزشی شاری هەولێر و هاندەرانی یانەی هەولێر دەکەین هەڵوێستیان هەبێت و ئاگاداربن کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان دژی بەرژەوەندییەکانی یانەی هەولێر کار دەکات.
وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یانەی هەولێر
دواتر دوێنێ یەکشەممە سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی پرۆسەی تەواوکاری دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێری کرد و گوتی بەپێی یاسا ئەو هەڵبژاردنە دەستووری نیە و پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش سەرپەرشتی بکات، سەرسورمانی خۆشی بۆ بەیانامەکەی یانەی هەولێر دەربڕی کە دەڵێن ئێمە سەر بە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقین، بیریان چووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تریلیۆن هاوکاری یانەی هەولێری كردووە لەبەرامبەر بەغدا ئامادە نەبووە بە 250 دیناری عێراق هاوكاری یانەكەی كردووە.
سەردار ئیسماعیل، هێما بۆ ئەوەش دەکات: “هەر هەڵبژاردنێک لە یانە وەرزشییەکان بکرێت، پێویستە بەشێوەیەکی ئاشکرا بێت، پێویستە 10 رۆژ پێشتر ناوی ئەندامانی دەستەی گشتی لەشوێنێکی فەرمی و باوەڕپێکراو بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەمانە لە یانەی هەولێر هیچی نەکراوە”.
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش رایگەیاند “دەبێت دەستەی کارگێڕی ئێستای یانەی هەولێر هەڵبوەشێتەوە و دەستەیەکی کاتی دانرێت، دوای ماوەیەک هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ دەستەی کارگێڕی بکرێتەوە”.

