رۆژنامەی ھەولێر

شنگال لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزاریەوە لە دۆخێکی خراپدایە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، دەبێتە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە ببرێت، دۆخی کارگێڕی و ئەمنی شارەکەش ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە ٥٥ ھەزار خێزانی ئاوارەی شنگال ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵە لەنێو کەمپ و دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک لە بارودۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، دەڵێت: حکوومەتی عێراق گرنگی بە شنگال و ئاوارەکان نادات.

پێنج ساڵە ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا کراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە ئەو قەزایە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزاریەوە لە دۆخێکی خراپدایە. بەرپرسانی شارەکەش، دەڵێن، ڕێککەوتنی شنگال لە سێ بەند پێکدێت و سەرەکیترینیان دەرکردنی ھێزە چەکدارەکانە، بەڵام ھیچیان جێبەجێ نەکراون. وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیانراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەھۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان، بە تایبەت لە پێکھاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەنە و زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار ئاوارە نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ھاتووە، لەبڕی پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینەخۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لیژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەی نایاسایی، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و ھەروەھا دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بەشێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.
وەزارەتی ناوخۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکات بەپەلە ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکرێت: یەکەم: حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت. دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە. سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال و دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختشی کردەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان و بەویست و ئازادی خۆیان و دڵنیابوون لە ئێستا و ئایندەیان لەڕووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان.ئاماژەی بەوەش دا کە چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لەڕێگا چارەی دروست و مامەڵەکردن لەگەڵ ھۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شنگال کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی، ڕۆژانە خەڵک لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و حەشدی شەعبییش ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی ھێناوەتە شنگال، ئەو گرووپانە ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن، چەندین جار ئیدارەی ناوچەکە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە.
بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زیادەڕۆیانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی ٦ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە ٧ ھەزار پێشمەرگە، کە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت کە سەربەخۆ و پێشەیی بێت پاش دیاریکردنی قایمقام لەڕووی ئەمنییەوە چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە، لەڕووی ئاوەدانکردنەوە لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە.
خەڵکی شنگال لە حکوومەتی عێراق بێ ئومێد بوونە، چونکە لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا وەکو خۆیان دەڵێن، ژیانێکی زۆر ناخۆشیان بەڕێ کردووە، حکوومەتی عێراقیش ھیچ ھەنگاوێکی بۆ باشترکردنی ڕەوشی شنگال نەناوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوەی بۆ ئێمە کراوە و تا ئێستاش خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن ھەموو لە لایەن حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە. جەخت لەوەش دەکەنەوە، لە یەکەم ڕۆژی ئەو کارەساتەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی ھەڵنەستاوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەغدا پشتگیری لە خەڵکی شنگال ناکات، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ کێشە و ئاستەنگ بۆ خەڵکی شارەکە دروست دەکات.
پیر دیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەوە زیاتر لە ١١ ساڵە خەڵکی شنگال دەربەدەر و ئاوارە بوونە، بەداخەوە ھەتا ئێستا ٢٠٨٠٠ خێزان لەناو کەمپەکان و ٣٥ ھەزار خێزانیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە، ئەوە بۆ جاری یەکەمە لە مێژوودا دروست دەبێت خەڵکێک لەناو وڵاتی خۆیدا ئاوارە و دەربەدەر بێت، ئەوەش شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی عێراق. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: حکوومەتی عێراق شنگالی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە، بەپێی ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە دەبوایە تا ئێستا ھەموو خەڵکی شنگال گەڕابانەوە و قەرەبوو کرابانەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یەک خاڵ لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، چارەسەری بنەڕەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.