ئـــامانج غــــــــازی
شوکر خەیات، وەک هونەرمەندێکی دیاری بواری چڕینی فۆرمەکانی کوردی ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستن و پەرەپێدانی میراتی موزیکی نەریتیی کوردی هەبووە.
فۆرمەکانی چڕینی کوردی لە نێو کولتووری کوردیدا تەنها شێوازێکی موزیکی نین، بەڵکو دەربڕینێکی قووڵی ناسنامە، مێژوو، هەروەها هەستی نەتەوەییمانن. بۆتە و فۆڕمەکانی چڕینی وەک (ئەڵاوەیسی و قەتار و نیوەشەو و، هتد)وەک ئاوێنەیەک وان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ئایینی، و پۆلەتیکیی کورد، کە تێیدا چیرۆک و داستان و پێرفۆرمەنسی کوردانە لە ڕێگەی دەنگ و ڕوانگەی میلۆدییەوە نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە.
فۆرمەکانی چڕینی کوردی لە بۆتەی موزیکی کوردیدا
شێوازێکی چڕینی کوردییانەی ڕۆژهەڵاتیی ناوجەکەیە کە لەسەر بنەمای مۆدە موزیکییە دیاریکراو و میلۆدیی تایبەت بنیاد نراون.
لە نێو چڕینی کوردیدا، شوکر خەیات خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی کە سروشتی دەنگەکەی ئاوێتەی ژینگە و جوگرفیای مێژوو و پانتایی ڕەسەنێتی کەلەپوور و کولتووری کوردستاندا بووە.
خەیات وەک دە نگێکی تینۆر ئامێز تاک و تەنیا دوای عەلی مەردان و حوسێن عەلی ئاڵای پێرفۆرمەنسی تژی لە ڕەسەنێتی و گرێدراو بە هاوچەرخێتی و هەمیشە ڕوو لە نوێگەری هەنگاوی چوست و بە بڕشتی ناوە و شارەزایی ئەو لە جوگرافیای شوێن و مێژژووی کولتووریی ڕێگەی ئەوەیان پێ داوە کە توانستە هونەرییەکانی دەنگی لە ڕووی وەرگرتن و گونجاندنی شێوازە جیاوازەکانەوە، زۆر بە لێهاتووییەوە بخاتە نێو چڕینە ناوازکانیەوە
بۆیە مۆرکی چڕینی کوردی لە دەنگی شوکر خەیاتدا مۆرکێکی قووڵی کوردەوارییە لە ڕووی:-
1. ڕەسەنێتی: شوکر خەیات وەک هونەرمەندێکی گەرمیانی، دەنگێکی ڕەسەن و پاکی هەبووە کە ڕەنگدانەوەی سروشت و ژیانی ئەو ناوچەیە بووە. رەسەنێتی لە دەنگی ئەودا واتە دەنگەکەی لەگەڵ کەلەپوور و کولتوور و دابەنەریت و خاکەکەیدا یەک
بگرێتەوە.
2. هەستی نەتەوەیی: چڕینە نەپساوەکانی شوکر خەیات هدمیشە هەڵگری پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی بوونە. دەنگی ئەو توانستی ڕاکێشان و ورووژاندنی هەستی کوردایەتی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان بە بەردەوامی هەبووە.
3. پەیوەستبوون بە ژینگەی فۆلکلۆرەوە: زۆرینەی جڕینی فۆرمەکانی کوردی لەلای شوکر خەیاتەوە کاریگەری ژینگەیەکی کوردانەی لەسەر بووە و هەر ئەو هۆکارەش بووەتە هۆی ڕەنگدانەوەی ئازار و خۆشییەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرە و دواتریش گەیاندنی ئەو فۆرمە چرینە کوردییانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە هەمان ڕیتم و تیمبەری دەنگیی تایبەتیی ئەوەوە.
بە گشتیی، شوکر خەیات تەنها شارەزایەگی گەورەی فۆرمەکانی چڕینی کوردی نەبووە، بەڵکو پارێزەرێکی میراتی کولتووری کوردی بووە. دەنگی ئەو تەنها ئاواز و میلۆدی و بۆ گوێگرتنێکی سەرپێییانە نەبووە، بەڵکو پەیامێک بووە بۆ پاراستنی شوناسی ڕەسەنێتی کورد و بەرزڕاگرتنی هەست و یادەوەری نەتەوەیی و
چڕینەکانی شوکر خەیات چیرۆکی کۆچ، ئاوارەیی، خۆشەویستی بۆ نیشتمان، و خەباتیان تێدایە. دەنگی شوکر خەیات گێڕانەوەی مێژوویەکی یاخییە لە جەور و ستەم و لە ناخی هەموو کوردێکدا ڕەنگی داوەتەوە.
4- دەنگی شوکر خەیات لە ڕوانگەی هونەری گەلەوە تەنها دەنگێکی موزیکی نەبووە، بەڵکو دەنگێکی نەتەوەیی و پارێزەری ورەی داتەپیووی ڕۆژگارێکی پر نەهامەتیی دوور و نزیکی خەڵکەوە بووە.
ئەو بە هونەرەکەی، بووەتە پردێکی هونەری و نەتەوەیی لە نێوان ئەوسا و ئێستادا و پەیامێکی بەهێزیشی بۆ نەوەکانی داهاتووش جێ هێشتووە سەبارەت بە گرنگی پاراستنی کولتوور و شوناسی نەتەوەیی.

