رۆژنامەی ھەولێر

خۆدادگاییکردن

ئاری ئاغۆک
گەورە نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی (میشێل دێ مۆنتێن) وتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: “هەموو مرۆڤێک خۆی پێ دادوەرێکی دادگەری دادپەروەرە، بەڵام کەس ناوێرێ خۆی دادگایی بکات!”
ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر ئەو وتە پڕ لە مانا و فەلسەفیەی ئەو فەیلەسوفە مەزنە بکەین، دەتوانین بڵێین بێ ئاوڕدانەوە بۆ سەردەمی زوو، بێ هیچ ئەگەرێک، ئەم پرس و بابەتە لە واقیعی ئێستای سەردەم ڕەنگی داوەتەوە و، ڕۆژانە چەندەها نموونەی زیندوو دەبینین و دەبیسین و وەبەرچاومان دەکەوێت، ئەمەش ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بەداخەوە لە سەردەمی زانست و تەکنەلۆژیا و دنیابینی و کرانەوەی پەنجەرەی بە ناو دیموکراسی و ڕۆشنبیری، هەرهەموومان لە چەندین دیدگاوە هەمیشە قسەمان هەیە، هەموومان بووینە شرۆڤەکاری سیاسی کەچی زۆربەمان لە ئەلف و بێی سیاسەت نەگەیشتوین! بەشێکی زۆرمان لە کاتی دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی بابەت و تەوەر لەسەر چ پرسێک بێت، دێینە پێش مایک قسە و پەیام و ڕەخنە و گلەییمان هەیە، کەچی بەداخەوە کەسمان قبوڵی بچوکترین گلەیی و ڕەخنەمان نیە.
لە بابەتێکی وەرزشی گرنگی ڕۆژ، زۆربەمان کۆمێنت و پەیاممان هەیە، بەڵام ڕەنگە زۆربەمان حەز بە وەرزش نەکەین! لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو هەریەکەمان دەبینە دادوەرێک و نازانین چی دەڵێین و چۆن بەشێوەیەکی یەکسانی و دادوەرانە بۆ چارەسەرکردن، ویژدان دەکەینە پێوەری گشتی ؟! کاتێ دیمەنێکی ناخ هەژێن دەبیستین یا دەبینین هەستمان ناجولێ و بێ ئەوەی بچینە ناوەڕۆک و بنج و بنەوانی بابەتەکە، ئەوا بەئارەزوو و بەرژەوەندی خود بڕیار دەدەین!.
لێرەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئایا بۆ کەسمان ناوێرین خۆمان دادگایی بکەین و بڵێین بەسە ئەوەندە خۆڵکردنە چاوی خەڵک! زات ناکەین لە کاتی پیاسەی تەنیایی خود، فلاشباکێک بکەین و بە خۆمان بڵێین ئـێمەش تاوانبار و کەمتەرخەمین بەرانبەر بە خۆمان و ئەو پرسە گرنگانەی دێنە پێش، کەچی خۆمان بێخەبەر دەکەین، ئازا و بوێرین لە ڕەخنە و گلەیی، بەڵام ڕەخنە گرتن لە ئێمە هێڵی سوورە، لە مەجلیسێک کەسێک قسەمان بۆ دەکات، ڕاستە بە جەستە لەوێین کەچی بە بیرکرنەوەی و خەیاڵ و وجودمان لە شوێنێکی دیکدایە.
ئەمانە و چەندین نموونەی زیندووی سەردەم وامان لێ دەکات بێ ئەوەی لەخۆ بگەین و لە چەمکی ڕەخنەی (بنیادنەر و ڕووخێنەر) تێبگەین، گەلێ جار چەپڵە بۆ ئەو کەسانە لێ دەدەین کە ستایشمان دەکەن، کەچی لە فۆرمی ناوەرۆکدا ڕەخنەی ڕووخێنەر و شکاندنەوەی کەسایەتیە، بەڵام هەستی پێ ناکەین.
کەواتە بەر لە هەموو شتێک (خۆ دادگاییکردن، بەخۆداچوونەوە) ئەو ڕێگا ڕاستەیە دەبێت پێیدا تێپەڕین، بۆ ئەوەی بە ڕاستی و بوێرییەوە لە گۆشەنیگاکانی دەرەوە و ناوەوە بەردەوام بین، بۆیە ئەم نا دادیە پێمان دەڵێت ئەی مرۆڤ هەوڵ بدە بەو ڕۆشناییەی ناوەوەی خۆتەوە، ببە رۆناککەرەوەی دەرەوە و دەوروبەر، لە هەمانکاتدا ئەو رۆناکیەی بۆ خۆتت دەوێ، دەبێ لە دەرەوەش بە کردار و هەڵوێست لە ژیانی ڕۆژانەتدا ڕەنگ بداتەوە، ئەوکات خۆدادگاییکردن، دەبێتە ئەو تابلۆ جوانەی کە هەموومان پێویستمان پێیەتی، بەڵام بە مەرجێک بە ناشیرینی نیشانی نەدەین.