بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئابی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکانی سنووری شارەوانییەکە کۆبووەتەوە و تێیدا جەخت لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە و جوانترکردنی شار کراوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی نوێی کارکردن بۆ رێکخستنەوەی شاری هەولێر کراوە و چەند بڕیار و راسپاردەیەک دەرکراون، لەوانە:
1. بایەخدان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و کارەکانی قیرتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامەکان.
2. رێکخستنەوە و چاککردنەوەی شەقامەکان و لابردنی تاسە، هەروەها بەدواداچوون بۆ فلکەکانی سووڕانەوە (یوتێرن) لەپێناو کەمکردنەوەی ئاستەنگیی هاتوچۆ.
3. بەدواداچوون بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی.
4. پاراستنی پاکوخاوێنیی شار و بەردەوامیی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزییەوە.
5. بەدواداچوون بۆ ئاڵای کوردستان لەسەر گشت دامودەزگا حیزبی و حکومی و ئەهلییەکان دەکرێت و نابێت ئاڵای کۆن و دڕاو هەڵبواسرێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام نوێ بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەکرێتەوە.
6. فراوانکردنی هەڵمەتەکانی دارچاندن و زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
7. چاودێریکردنی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر کەسێک کە سەرپێچیی بەفیڕۆدانی ئاو بکات.
8. زیادکردنی تیمێکی دیکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەگە بێلانەکان لە پارک، شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر.
9. بایەخدان بە رێگە سەرەکی و دەروازەکانی هاتنەناوەوەی شار لەڕووی ژینگە و پاکوخاوێنییەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ فەرمانبەران کرایەوە بۆ پێشخستنی ئاستی کارکردن.

