مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
یانەی ڕۆما، یاریزانێكی ئەستۆن ڤێڵای بۆ ریزەكانی گواستەوە
یانەی ڕۆمای ئیتاڵی، ڕایگەیاند، كە بە شێوەیەكی فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ لیۆن بایلی، ئەستێرەی یانەی ئەستۆن ڤێلا كردووە، وەكوو ئامادەكارییەك بۆ وەرزی نوێی خولی ئیتاڵیا.
یانەی رۆما، لە ڕاگەیاندراوێكدا لە وێبسایتی فەرمیی خۆیەوە ڕایگەیاند: گرێبەستمان لەگەڵ بایلی، یاریزانی یانەی ئەستۆن ڤێلادا واژۆ كرد، گرێبەستەكە بە شێوەی خواستنە، لەگەڵ بژاردەی كڕینی هەمیشەیی.
یانەكە باسی لەوە كردووە، كە بایلی بڕیاری داوە درێسی ژمارە 31 لەگەڵ یانەی رۆما بپۆشێت، بایلی لە ساڵی 1997ـدا لەدایك بووە، دەبێتە یەكەم یاریزانی جامایكی لە مێژووی یانەی ڕۆمادا.
یاریزان لیۆن، وەكوو یاریزانی باڵی هێرشبەر یاری دەكا و 377 یاریی نێوخۆیی كردووە و 76 گۆڵی لە كاروانی ژیانی وەرزشیدا كردووە.
چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوە كردووە، بایلی بەرانبەر 2 ملیۆن یۆرۆ بە شێوەی خواستن چووەتە ریزەكانی یانە ئیتاڵییەكە، هەروەها بەهای گرێبەستەكەی گەر بكرێتە هەمیشەیی دەگاتە 22 ملیۆن یۆرۆ.
لەسەر (ماستانتۆنۆ) كێشەیەكی یاسایی بەرۆكی یانەی ریاڵ مەدریدی گرتووە
یانەی ریاڵ مەدرید، كێشەیەكی یاسایی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، دوای بەشداریكردنی یاریزانی ئەرژەنتینیی لاو (فرانكۆ ماستانتۆنۆ)
فرانكۆ ماستانتۆنۆ، یاریزانی لاوی ئەرژەنتینی، بەم دواییە ناوی لە لیستی دووەمی یانەكە بە درێسی ژمارە 30 تۆمار كرا و بەشداریی یارییەكەی ئۆساسۆنای لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ كرد، دوای ئەوەی لە خولەكی 67ـەوە بە شێوەی یەدەگ، چووە نێو یاریگە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە: بەشداریكردنی ئەو یاریزانە، مشتومڕێكی دەمودەستی دروست كرد، دوای ئەوەی میخێل جالان، سەرۆكی ناوەندی نیشتمانیی بۆ پێكەوەنانی راهێنەران، رایگەیاندووە: یانەی ئۆساسۆنا، مافی ئەوەی هەیە سكاڵا لەسەر ریاڵ مەدرید تۆمار بكات، بە هۆی بەشداریكردنی نایاسایی، دوای ئەوەی ئەو یاریزانە لە تیپی دووەم تۆمار كرا و لە تیپی یەكەم بەشداریی پێ كرا.
جالان لە ڕاگەیاندراوێكدا لە هەژماری خۆی لە ئێكس، ڕایگەیاند: لە خولەكی 67ی یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و ئۆساسۆنا، یاریزان ماستانتۆنۆی 18 ساڵان لەلایەن یانەی ریاڵ مەدریدەوە بەشداریی پێ كرا، ئەوەیش كێشەیەكی یاسایی دروست كرد و ئۆساسۆنا 24 كاتژمێری لەبەردەمدا بوو لە دوای كۆتاییهاتنی یارییەكەوە بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامەكەی بدا، ریاڵ مەدرید بڕیاری داوە هەڵە و مەترسیی هەڵەكەی لە ئەستۆ بگرێ.
ئاماژەی بەوەش كردووە: ئەوەی گرنگە ڕوون بكرێتەوە، ناونووسینی یاریزانەكە لە لیستی یاریزانانی بانگهێشتكردوودا كێشە دروست ناكا، بەڵكوو گەر یاریزانەكە بە كردار بەشداری بكا، سەرپێچیی یاساییە.
دوای دوورخستنەوەی لە مارسیلیا، ئەدریان رۆبیۆ یانەی داهاتووی دیاری دەكات
دوای ئەوەی یاریزان ئەدریان ڕۆبیۆ، لە یانەی مارسیلیا دوور خرایەوە، بڕیاری خۆی دەدا و یانەی خۆی دەستنیشان دەكات.
ماوەی گواستنەوەی هاوینە، بۆ یانەی ئۆلیمپیك مارسیلیا پێشهاتی نوێی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەو ڕووداوەی لەگەڵ جۆناتان رۆ لە ژووری جلۆگڕین ڕووی دا، بۆیە ئەدریان ڕابیۆ ناچار كرا كە یانەكە جێ بهێڵێ.
یاریزانی نێودەوڵەتیی فەرنسیی، ئەدریان رۆبیۆ، پێش تەنیا ساڵێك چووە یانەی مارسیلیا، بەڵام ماوەیەكی كەم و تەنیا یەك وەرز لەو یانەیە مایەوە و ریزەكانی جێ هێشت.
یانەی مارسیلیا گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانە كرد بۆ بەهێزكردنی هێڵی ناوەڕسات و 31 یاریی بۆ ئەو یانەیە كرد و 10 گۆڵی تۆمار كرد و 6 گۆڵیشی دروست كرد، بەڵام بە شێوەیەكی چاوەڕێنەكراو، ئەو یاریزانە یانەكەی جێ هێشت، ئەوەش دوای دروستبوونی دەنگەدەنگ لەگەڵ جۆناتان رۆی یاریزانی ئینگلیزیی هەمان یانە، لە گەڕی یەكەمی خولی فەرەنسی، كە دواتر چارەنووسی لەو یانەیە گۆڕی و وای كرد لەو یانەیە نەمێنێ.
بەپێی زانیارییەكانی نیكۆلۆ شیرا، ئەو یاریزانە دەیەوێ بچێتە خولی ئینگلیزی، لەوانە یانەكانی مانچستەر یونایتد و نیوكایڵ یونایتد، كە ئەو دوو یانەیە لە ڕابردووش بایەخی زۆریان بەو یاریزانە داوە، هەروەها یانەی گەورەی دیكەی وەكوو چێڵسی، ئارسناڵ و لیڤەرپوولیش كێبەركێ دەكەن بۆ دەستخستنی.
هاوكات، ڕابیۆ بە تەواوی بیرۆكەی چوونی بۆ خولی ئینگلیزی رەت نەكردووەتەوە و بە دووری نازانێ، هەریەك لە یانەكانی ئەی سی میلان، ئینتەر میلان و یوڤێنتوس، چاودێریی ئەو یاریزانە دەكەن. ماسیمیلیانۆ ئەلێگری، كە پێشتر لە تۆرینۆ راهێنەرایەتیی ئەوی كردووە، بە دڵ پێی خۆشە بگەڕێتەوە یانەكەی.
یانەی مارسیلیا، 15 ملیۆن یۆرۆی بۆ دەستبەرداربوون دەوێ و لەو بڕە زۆر كەمترە كە ساستی ترانسفێرماركێتی تایبەتمەند بڵاوی كردووەتەوە ك ە 25 ملیۆن یۆرۆیە.

