هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر دەسبەکاربوون لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆ کردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و خۆی بۆ خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئامادە دەکات، لەلایەکی تر بۆ وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان یانەی ئاکرێ ڕاهێنەری نوێی دەست نیشان کردووە.
دهۆک بەتووندی سزای یاریزانێکی دا
یانەی دهۆک بەهۆی جێهێشتنی کەمپی مەشق و راهێنانەکانەوە سزایەکی قورسی ئاکۆ حوزێریدا، لە راگەیەنراوێکدا یانەی دهۆک بڵاویکردەوە ” بەهۆی پابەند نەبوونی ئاکۆ حوزێرەوە بەڕێنماییەکان و جێهێشتنی کەمپی مەشق و راهێنانی یانەکەمان بە بێ ئاگاداری ستافی تەکنیکی کارگێڕی یانەکەمان بڕیاریدا ٪٥٠ موچەی مانگانە لێببڕێت، لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی سزای توند تر دەدرێت، یانەی دهۆک لە ئێستادا بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان لە دهۆکە و خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە دەکات.
یانەی هەولێر گرێبەستی یاریزانێکی پیشەگەری راگەیاند
بەفەرمی یانەی هەولێر گرێبەستی بەرگریکارێکی جامایکی راگەیاند، یاریزانی پیشەگەری جامایکی “دامیۆن لۆوی” کە لە هێلی بەرگری یاریدەکات بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆ کرد.
ئەو یاریزانەی هەڵبژاردەی جامایکا لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و دوا وێستگەی یاریکردنی بەر لەوەی پەیوەندی بە ئیمپراتۆرەوە بکات لە خولی رۆشنی سعودی و بە دیاریکراوی لە یانەی”ئەلخدود” بووە، بۆ وەرزی ٢٠٢٥/٢٠٢٦ ـی خولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی عێڕاق هەولێر لەئێستادا سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆ کردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوویشدا یانەکە کۆمەڵێک گرێبەستی تر رادەگەیەنێت.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا سەفین مەنسور، ئەرکان ئەمیر، هەڵگورد قەیس، نیاز محەمەد کە لە هێڵی ناوەراست و هێرشبردن یاریدەکەن بۆ وەرزی دووەم گرێبەستیان لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە، هەروەها یانەکە گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکاری پێشووی یانەی زاخۆ عەلا رەعد و هێرشبەری ئۆزباکستانی شێرزۆد تەیمورۆڤ واژۆ کردووە.
هێور مستەفا بووە ڕاهێنەری یانەی ئاکرێ
یانەی ئاکرێ، هێور مستەفای راهێنەری پێشو تری یانەی برایەتی وەک راهێنەری یانەکە دیاریکرد، بەپێی سەرچاوەیەکانی هەواڵ یانەی ئاکرێ لە گەڵ هێور مستەفای راهێنەری پێشوتری یانەی برایەتی گەیشتوەتە رێکەوتن و ئەو راهێنەرە وەرزی داهاتوو لە خولەکانی کوردستان راهێنەرایەتی یانەی ئاکرێ دەکات، هێور مستەفا پێشوتر لە ئاستی لاوان راهێنەری برایەتی بوو دوو وەرز لەمەو بەریش راهێنەری تیپی یەکەمی ئەو یانەیە بوو لە خولی نایابی کوردستان.
دوای ئەوەی سەرۆکی یانەی ئاکرێ بووە ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، لە ئێستادا یانەکە سەرۆکی نیە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر لە یانەکە ڕویانداوە، جگە لەوەی کە هەژار سابیر وەک ڕاهێنەر لە یانەکە نەماوە، ئەرکان مەنسووری کاپتنی یانەکە و چەند یاریزانێکی تر ڕویان کردۆتە خولی نایابی عێراق و لە یانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێڕاق یاری دەکەن.

