رۆژنامەی ھەولێر

دوو خانمە شێوەكاری كورد بەشداری ڕاهێنانێكی هونەری نێودەوڵەتی دەكەن 

 

ئاریان دەرگەڵەیی

هەردوو خانمە شێوەكاری كورد تارا عەبدوڵا و شەریفان بارانی بەشدارییان لە ڕاهێنانێكی هونەری نێودەوڵەتی كرد.

ئەم ڕاهێنانە هونەرییە لە شاری میچۆڤ لە پۆڵەند ساز كرا و ژمارەیەك شێوەكاری نێودەڵەتی بەشدارییان تێدا كرد و، چەندین چالاكیی تایبەت بە نیگاركێشانی لێ كران؛ ئەو ڕاهێنانە هونەرییە لە ژێر ناونیشانی “ڕەنگەكانی پۆڵەندای بچووك” لەلایەن ئۆفیسی پێشانگە هونەرییەكانی “U Jaksy” بەڕێوە برا و لەلایەن پاوێل ئۆلچاوە سەرپەرشتی كرا.

(تارا عەبدوڵا) لە لێدوانێكدا بۆ “هەولێر” گوتی: دروستكردن و پەیوەندیكردن و هاوبەشكردنی ئەم ئەزموونە لەگەڵ هونەرمەندانی دەرەوە وەكو وڵاتانی سربیا، سلۆڤینیا، ئیتاڵیا، مەقدۆنیا و كرواتیا، مایەی خۆشحاڵی بوو. دەرفەتی ناوازەم بۆ ڕەخسا لە کەشێکدا لە ناو وێستگەیەكی پاسدا كار بكەم و پێنج تابلۆی نوێم دروست كرد، ئێستا بەشێكە لە كردنەوەی پێشانگاكە بۆ هەموو بەشداران. سوپاس میچۆڤ بۆ میوانداری گەرم و ئاڵوگۆڕی دەوڵەمەندی كولتووری. بە هاوڕێیەتی نوێ و ئیلهام و یادەوەریی لەبیرنەكراوەوە دەڕۆم.