رۆژنامەی ھەولێر

کورە کوردێکی منداڵ کاندیدە بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ لە وڵاتی ئیتاڵیا

محەمەد لادێ

 

فیلمی (پەیکەر) کە لە دەرهێنانی بڕوا کامیل، لە ڤیستیڤاڵێکی کورتەفیلم لە ئیتاڵیا وەرگیراوە و کوڕەکەشی کە لە فیلمەکەدا بەشدارە و، پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ.

 

دوای بەشدارییکردنی لە چەندین فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی ژمارەیەك خەڵات ئێستاکە، کورتەفیلمی (پەیکەر) لە فیستیڤاڵی (کورتەفیلمی سینەمایی کلتوری کلاسیک) (cineci short movie cultural classic) لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیا بەشدارە و (ئاریاس بڕوا)ش کارەکتەرێکی ناو فیلمەکەیە، لەگەڵ سێ ئەکتەری تردا کە خەڵکی ئێران و ئەرجەنتین و ئیتاڵیان، لە پێشبڕکێدایە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەر.

خودی فیلمەکەش له پێشبركێی بردنەوەی باشترین دەرهێنەرە بۆ بەشی كورته فیلمه نێودەوڵەتیەكان، فیلمەکە تاکە فیلمی کوردییە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارەو بڕیارە لە رۆژانی ١١ و ١٢ و ١٣ و١٤ مانگی یانزەی ٢٠٢٥ له شاری ناپولی بەڕێوەبچێت.

 

كورتەفیلمی (پەیكەر) لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرهەم هاتووە بەرهەمی ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگە و كۆمپانیای (Mithra production)) کاری جێبەجێكردنی ئەنجام داوە، هونەرمەند (بڕوا كامل عەتار) لەگەڵ ئامادەكردنی سیناریۆی فیلمەكە كاری دەرهێنانی كردووە و (ئارژین واحید) كاری وێنەگرتنی کردووە، ژمارەیەك ئەكتەر و شانۆكار تێیدا بەشدارن كە بریتین لە سۆما باپیر و ئاریاس بڕوا عەتار و رامان عەلی، هەروەها ژمارەیەك پێشمەرگە بەشدارییان لە فیلمەكەدا كردووە.

کورتەفیلمەکە لە نزیکەی ٢٥ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا پەخش کراوە و لە فێستیڤاڵی هونەرە جوانەکان لە کۆلێجی کۆمەڵایەتیی سۆمەریت لە ئەمریکا سێ خەڵاتی بردووەتەوە، هەروەها لە کوردستان لە فێستیڤاڵی “نا بۆ تیرۆر” لە هەولێر، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی بردەوە، لە فێستیڤاڵی نەینەواشدا خەڵاتی رێزلێنانی لیژنەی دادوەرانی پێ بەخشراوە.