رۆژنامەی ھەولێر

مەلەکردن لە مەلەوانگە و کێشەی قورگ و لووت و گوێ

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

مەلەکردن تەنها چالاکیەکی کات بەسەربردن نییە بۆ ئەوانەی ئارەزووی دەكەن؛ بەڵكو سوودی ناوازەی بۆ مێشک هەیە کە ڕەنگە لەگەڵ هیچ چالاکیەکی تردا هاوتای نەبێت. “بە شێوەیەکی ناوازە تەندروستی مێشک بەرز دەکاتەوە”. هەروەها مەلەکردنی بەردەوام “بیرەوەری و کارکردنی مەعریفی و باری دەروونی باشتر دەکات، یارمەتی باشتركردنی زیانەکانی پەیوەست بە فشار دەدات.

مەلەکردن وەرزشێکی بەناوبانگە بۆ هەموو تەمەن و ئاستەکانی لەشجوانی گونجاوە. لە ڕووی تەندروستییەوە مەلەكردن چەندین سوودی بۆ جەستە هەیە لەوانەش بۆ بەهێزکردنی دڵ و سیستەمی سووڕی خوێن، هەروەها بەهێزکردنی ماسولکەکانی هەموو جەستە لەڕێگەی ئەو هەوڵەی کە پێویستە بۆ پاڵنانی ئاوەکە. هەروەها کاریگەری لەسەر جومگەکان نییە.
د. هێمن نوری حەسەن پسپۆری قوڕگ و لووت گوێ تیشك دەخاتە سەر كێشە تەندروستیەکانی مەلەکردن لە مەلەوانگەکان پەیوەست بە قورگ و لووت و گوێ

د. هێمن نووری ئاماژە بە كێشە تەندروستیەکانی مەلەکردن سەبارەت بە لووت دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
1. لەبەرئەوەی کلۆر و دەرمانی پاکژکردنەوە دەکرێتە ئاوەکەوە کێشەی ھەستیاری لوت زۆر زیاد دەکات و کەسەکە توشی لوت گیران و ئاوی لوت و پژمەی زۆر دەکات.
2. ھەندێک جار بەھۆی پیسداگەڕانی ئاوەکە و لەبەرچاو نەگرتنی پاک و خاوێنی ئاوەکەوە ئەگەر هەیە ببێتە ھۆی ھەوکردنی ناو لووت و جیوبەکان و ئازاری دەم و چاو و سەرئێشە.
د. هێمن نووری كێشە تەندروستیەکانی مەلەکردن لە بارەی بە گوێ دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
١- بە گشتی لەو کەسانەی ئەگەر کەمێک مادەی مۆمی ناو گوێی ھەبێت ئاوەکە شلی دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی گیران و کپداگەڕانی گوێ.

٢- تووشبوون بە ھاسپیۆری و هەستیاری گوێ و ھەوکردنی گوێی دەرەوە لەو کەسانەی پەردەکانی گوێیان ساغە و کون نییە.
٣- تووشبوون بە (کەڕوو)ی گوێ، کەسەکە ھەست بە خوران و ئازاری زۆری گوێی و کپبوون و تەڕی گوێی دەکات.
٤- ئەو کەسانەی پەردەی گوێیان دڕاوە تووشی ھەوکردنی گوێی ناوەڕاست دەبن کەسەکە توشی کپبوونی گوێ و تەڕی و خوران و ھەندێک جار ئازاریش دەکات.
سەبارەت بە قوڕگ د. هێمن نوری دەڵێت:
ئەگەر ئاوەکە پیس بێت و بچیتە دەم و قوڕگی کەسەکەوە توشی ھەوکردنی قوڕگ و هەستیاری دەکات .

پاشخان
سوودە تەندروستییەکانی مەلەکردن
بۆ ئەو کەسانەی کە بریندار نیین، مەلەکردن گونجاوە بۆ خۆماندوكردن و زۆر كات بەسەربردن، بۆیە هیچ لایەنێکی خراپی ماندوێتی زۆری نییە. بۆیە پێشنیارکراوە لە هەفتەیەكدا سێ جار مەلە بكەیت، کە هەر چونە نێو ئاوێك لە نێوان ١٥ بۆ ٤٥ خولەک دەخایەنێت. با چاوێک لە سودەکانی بکەین.

بەدەستهێنانی نەرمی: بە بەشداریکردنی بەشێکی زۆری ماسولکەکانی سەرەوە و خوارەوەی جەستە، زۆرێک لە جومگەکان ڕۆڵ دەگێڕن لە جوڵەی ژێر ئاودا، باشترکردنی مەودای جووڵە و بەهێزکردنی ماسولکەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نەرمی و کەمبوونەوەی مەترسی برینداربوون (بە پلەی یەکەم لە پشت).
سووتاندنی کالۆری: مەلەکردن بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە خێرایی مامناوەند دەتوانێت تا ٥٠٠ کالۆری بسووتێنێت. بۆیە دەبێتە ئامرازێکی جددی بۆ ئەو کەسانەی کە ئامانجیان بریتییە لە دابەزاندنی کێش.
زیادکردنی توانای سییەکان: مەلەکردن میکانیزمی هەناسەدان باشتر دەکات، بەمەش توانای سییەکان زیاد دەکات. ئەم حاڵەتە یارمەتی ئەندامەکانی سک دەدات باشتر کار بکەن؛ جگە لەوەش پەستانی خوێن ڕێکدەخات و ئۆکسجین زیاد دەکات.
سترێس کەم دەکاتەوە: چوونە ناو ئاو و چڕکردنەوەی هەموو سەرنجەکانت لەسەر جوڵەی قۆڵ و قاچەکانت، هەروەها هەناسەدانت، دەبێتە هۆی هەستکردن بە پشوو. بەم شێوەیە سترێس کەم دەکاتەوە و بەرەنگاری خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبین. جگە لەوەش، هانی مێشك دەدات كە فشارەكانی سەری كەم بێتەوە و هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بكەیت.
کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان: مەلەکردن سوودی تەندروستی تری هەیە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان. ئێمە لێرەدا ئاماژە بە نەخۆشی شەکرە و تەنگەنەفەسی و بەرزی چەوری دەکەین. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە مەلەكردن هەستیاری ئەنسۆلین زیاد دەکات و سیستەمی هەناسەدان باشتر دەکات و ئاستی چەوری خوێن “کۆلیسترۆڵ” ڕێکدەخات.
زیادبوونی توانای جووڵەیی: مەلەکردن توانای جوڵە باشتر دەکات. ئەمەش بۆ گەشەکردنی جەستە گرنگە.