ماكوان عيززهت-هەولێر
سەوەفان واتە “هەوکردن و داخورانی جومگە” یاخود “لێکخشانی ئێسکەکانی جومگە”. سەوەفان یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی ھەوکردنی جومگە کە دەبێتە ھۆی داخوران و دڕبوونی ڕووکەشی کڕکڕاگەی جومگە.
د. نەبەرد زەنگەنە دكتۆرا لە نەشتەرگەریی ئێسك و شكاوی لە بارەی هۆکارەکانی سەوەفانی ئەژنۆ وە ڕوونیدەكاتەوە كە بەشێوەیەکی گشتی سەوەفان لە کۆی 291 نەخۆشی پەکخەری مرۆڤ ڕیزبەندی ژمارە 11 وەرگرتوە و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەوتنە سەرجێگا و نەمانی چالاکی و جوڵەی مرۆڤ دادەنرێت .
هەر بۆیە هۆکارەکانی ئەم حاڵەتەش بریتین لە:
1. بەساڵاچوون و هەڵکشانی تەمەن .
2. بۆماوەیی
3. قەڵەوی و کێشی زیاد
4. بەرکەوتن بە زەبری دەرەکی و پێکانی ئەژنۆ وەکو لە یاریزانەکاندا .
5. ڕەگەزی مێ زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت.
6. فشاری زۆر و بەردەوامی سەر ئەژنۆکان وەکو لەهەندێک پیشەی وەکو کرێکاری کە زۆر قورسایی هەڵدەگرن یان زۆر بە قینچکەوە کار دەکەن وەکو ئەوانەی کاری دانانی کاشی دەکەن .
7. ناڕێکیی جومگە و ئێسک بە شێوەیەکی زگماکی .
هاوكات د. سەرمەد شاکر پسپۆری نەشتەگەری ئێسک و شکاوی و جومگە و بڕبڕەی پشت وتێکچونی دەست و قاچ ئامۆژگاری ئەوكەسانە دەكات ئەو شتانەی کە پێویستە بکرێن لەو کەسانەی بە سەوەفانی ئەژنۆ دەناڵێنن بریتین لە:
١.کەمکردنەوەی کێشی لەش:
دەرکەوتووە کە کێشی زیاد بە بڕی ١ کیلۆ گرام دەبێتە ھۆی زیادبوونی پەستان لەسەر ئەژنۆ بە بڕی ٣-٤ کیلۆ گرام.
٢.چالاکیی بەردەوام و ئەنجامدانی ئەو وەرزشانەی کەمترین پەستان دەخەنە سەر ئەژنۆ وەکو بە پێ ڕۆیشتن، پایسکل و مەلەوانی.
٣.دوورکەوتنەوە لەو چالاکیانەی پەستانی سەر ئەژنۆ زیاد دەکەن وەکو بەکارھێنانی پەیژە (قادرمە) و ڕاکردنی خێرا.
٤.ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ لەکاتی پێویست بۆ بەکارھێنانی چارەسەرەکانی سەوەفان بە پێی ڕێژەی (دەرەجەی) سەوەفان.

