رۆژنامەی ھەولێر

هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

قۆناغی یەکەمی کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەست پێدەکات. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنکەی سەربازیی بەغدا و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەگرێتەوە و بەگوتەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ئەرکەکەیان دژی داعش کۆتایی نایەت بەڵکوو دەگۆڕدرێت.

لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ ساڵێک و لە سووریا بۆ دوو ساڵ درێژ کرابووەوە و لە دوای ئەو قۆناغەش ئەو هێزانە ڕۆڵی ڕاوێژکارییان دەبێت و بەپێی ڕێککەوتنەکە مانەوەیان پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ئەو کات ئەمەریکا خۆی بڵاوی کردەوە کە لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی تا ساڵێکی دیکە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی لە عێراق بهێنرێت و لە چوارچێوەی ڕێکارێکی نوێی دابینکردنی ئاسایش درێژە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ عێراقی فیدراڵیدا بدات.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کاتێک دامەزرا کە لە ٢٠١٤ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلی هاویشتە بەشێکی بەرچاو لە خاکی سووریا و عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هاوپەیمانێتییەکە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبوو لە پاشەکشە و لاوازکردن و لەناوبردنی داعش.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا باس لەوە کراوە کە ئەمەریکا لە مانگی داهاتووەوە هێزەکانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان پاشەکشە پێ دەکات.
باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی نەهاتووە بەڵکوو دەگۆڕدرێت و پێداگری لەوە کردووە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبن. باڵوێزخانەکە ئاماژەی داوە کە وردەکارییەکانی پەیوەست بە پلان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان، ڕەوانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەکەن و عێراق وەک هاوبەشێکی ئەمنییان دەمێنێتەوە.
بەشێک لە بەرپرسانی عێراقی پێیان وابووە بە یەکجاری ئەو هێزانە دەکشێنەوە و گۆڕەپانەکە بۆ گرووپە میلیشیاکان چۆل دەکەن.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتووەوە لە کاتێکدایە کە جگە لە پاشماوەکانی داعش، هێزە میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانی عێراق بوونەتە هەڕەشەیەکی نوێی ئەمنی و ئەمەریکا چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کۆتایی بەو هێزانە بهێنێت و چەک تەنیا لە دەستی هێزە یاساییەکاندا بهێڵێتەوە.
ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتووەوە لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئاسایشی دوو لایەنە کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکانە و بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر داعش بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی لە وڵاتەکەدا.
بەپێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی ڕابردوو ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارەش بڕیاری کۆتایی نییە و پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
گرنگترین گۆڕانکاری و ڕووداو کە لەوەتەی ڕێککەوتنەکەوە هاتووەتە کایەوە بریتی بووە لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و ئەمەش تا ڕادەیەک سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەی گۆڕیوە و هەر چەندە پێوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریادا هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و دووبارە سەرهەڵدانی داعش نیگەرانە. جگە لەمە لە عێراقیش گرووپە میلیشیاکان لە هەوڵی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبیدان کە ئەمەریکا دژایەتی دەکات و بۆیەش هێزەکانی ئەمەریکا وا بە ئاسانی گۆڕەپانەکە چۆل ناکەن.
ئەوەی بووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان چالاکتر دەکرێن و هەر لە هەرێمی کوردستانەوە هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش و گواستنەوەی چەک و پێداویستی لۆجستیکی بۆ لێدانی داعش لە سووریا و کەمکردنەوەی تواناکانی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان درێژەیان دەبێت.