رۆژنامەی ھەولێر

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت

دوێنێ، بە سەرپەرشتیی د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند، پێشکەوتنی گرنگ لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەدەست هاتووە و دەشڵێت، هەموو مەرجەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە تەواو کراون.
ەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشکەوتنەکان لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولادا کراوە، کە بریتی بوون لە “دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان، لەگەڵ دۆسیەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی”.
ڕاگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، “پێشکەوتنێکی گرنگ بەدەستهاتووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، کە تێیدا هەموو داواکاری و مەرجە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانیی عێراق “سۆمۆ”ـەوە تەواو کراون”.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە کە گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ تەواوکردنی داواکارییەکانی دیکەی تایبەت بە دۆسیەکانی دیکە.