رۆژنامەی ھەولێر

تاوەكوو ئێستا ١٠ سەرۆك شارەوانیی جەهەپە چوونەتە ناو ئاكەپە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ئاكەپە دووچاری شكستێكی گەورە بوو، بەوەی وەكوو پارتی یەكەم نەما و جەهەپە شوێنی گرتەوە، هەروەها لە كۆی ١٥ گەورە شارەوانیی ١١ی بە جەهەپە دۆڕاند، لەناویانداگەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵیشی تێدا بوو.

ئاكەپە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شارەوانییانەی لەدەستی داوە بیگێڕێتەوە، دوو رێگەی لەبەردەم بوو، یەكەمیان قەیومكردنی شارەوانییەكانی جەهەپە بوو، لەوەیاندا تا ئاستێك سەركەوتوو نەبوو، چونكە بە دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، سەركەوتوو نەبوو شارەوانییەكانی قەیوم بكات، بۆیە كەسێكی تر لە جەهەپە چووە شوێنی ئیمامئۆغڵو.
بەڵام رێگەی دووەمی گرتووەتە بەر، ئەویش كڕینی سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپەیە، لەوەیاندا زۆر سەركەوتوو بووە و توانیویەتی ١٠ سەرۆك شارەوانیی جەهەپە بهێنێتە ناو ئاكەپەوە.
ئۆزلەم چەرچیئۆلو، سەرۆكی شارەوانیی ئایدن، كە یەكێك بوو لەو كەسایەتییانەی ٢٠ ساڵە لەناو جەهەپەدا سیاسەت دەكات و پێشتریش دوو خول پەرلەمانتار بووە، چووە ناو ئاكەپە و لەلایەن خودی رەجەب تەییب ئەردۆغانەەوە، مەدالیای ئاكەپەی بەست.
ئۆزلەم زۆر كاریگەریی لەسەر ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە دروست كرد، بۆیە هێرشی توندی كردە سەر و بەبێویژدان و خۆفرۆش ناوی برد و ئاماژەی دا، كە ئۆزلەم چەندین دۆسییەی گەندەڵی لەسەرە و چووەتە ناو ئاكەپە تا ئەو دۆسیانەی بۆ دابخەن، بەڵام ئۆزلەم ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە و گوتی رووم سپییە و لە هیچ ناترسم.
جیا لە ئۆزلەم، نۆ سەرۆك شارەوانیی تری سەر بە جەهەپە چوونە ناو ئاكەپە و لە مەڕاسیمێكی تایبەتدا پێشوازیان لێكرا.
وەكوو ئەوەی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە باسی دەكەن، چەندین سەرۆك شارەوانیی تری سەر بە جەهەپە، پەیوەندییان بە ئاكەپەوە كردووە و لە داهاتوو بەمەڕاسیمێك ئەوانیش دێنە ناو ئاكەپەوە.
چەند نووسەرێكی توركیا، چوونی ئەو سەرۆك شارەوانییانە بە خیانەت ناو دەبەن، پێیانوایە ئەوان بەدەنگی دەنگدەری جەهەپە بوونەتە سەرۆك شارەوانیی، واتە دەنگدەر بەهۆی جەهەپەوە دەنگی بەوان داوە، بۆیە كاتێك دەچنە ناو ئاكەپە، بەو مانایە دێت دەنگی جەهەپەیان دزیوە و بۆ بەرژەوەندی پارتێكی تر بەكاری دەهێنن.
بەگوێرەی هەواڵی چەند میدیایەكی توركیا، كە سەر بە جەهەپەن، هەرچەندی ئەو سەرۆك شارەوانییانە بچنە ناو ئاكەپەوە، بەو مانایە نییە ئاكەپە دەنگەكانی زیاد بكات، بەپێچەوانەوە دەنگی ئەو پارتە هەر كەم دەكات، چونكە دەنگدەر دەنگی بە پارت داوە، نەك ئەو بەربژرانە، بۆیە دەنگی ئاكەپە روو لە كەمییە نەك زۆری.
دەنگۆیەك بڵاوبووەوە، كە مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا، بەنیازە بچێتە ناو ئاكەپە و ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بكەن، بەڵام یاڤاش زۆر بەتوندی هاتە دەنگ گوتی، ئەوانە هەموو پروپاگندەن و ناچمە ناو هیچ پارتێكەوە.
یاڤاش، لە راگەێیندراوێكدا دەنگۆی چوونی بۆ ناو ئاكەپە رەتكردەوە و دەڵێت: ”بەداخەوە بۆگەنی سیاسیی بە هەموو شوێنێكدا بڵاوبووەتەوە.“
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، جەهەپە توانی ٣٧.٧٦٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و ببێتە پارتی یەكەمی توركیا و بەپێش ئاكەپە كەوتەوە.