رۆژنامەی ھەولێر

لە هەڵەبجە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی راگەیەنرا

نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند “بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە، پارێزگاکەمان ڕووبەڕووی کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە بوویەوە لە ناوچەکانی چنار و مۆردین و نەیجەڵە، کە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆزی پارێزگاکەمان”.

راشیگەیاند “ئەم دوو هاووڵاتییە خۆشەویستە کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی، ئێمە وەک (شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان) ناویان دەبەین”.

نوخشە ناسح هەروەها رایگەیاند “بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکیان و هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری دا بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت”.

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەشی دا “سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز ڕادەگیرێت وەک ڕێزێک بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدەكانمان”.

داواشی لە هاووڵاتییانی هەڵەبجە كرد کە لەم وەرزە گەرمەدا تا ئەوپەڕی ئاگاداری ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی گیان و سامانی گشتی و تایبەت پارێزراو بن”.