رۆژنامەی ھەولێر

کاریگەریی ڕۆڵی ئافرەت لە ئۆرگانەکانی حیزبدا

حەیات مەجید
لەم ساڵیادەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پێم خۆش بوو تیشکێکی کورت بخەمە سەر ڕۆڵی ئافرەتان لەناو حیزبدا، بەتایبەت حیزبێکی گەورە و خاوەن ئەزموونی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان. هەڵبەت، پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بایەخێکی گرنگی بە ڕۆڵی ئافرەتان داوە و وەک بەشێکی دانەبڕاو و کاریگەری پرۆسەی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ کردوون. پشت بەستن و متمانەپێکردنی ئافرەتان، وای کردووە هێزێکی هزری و توانایەکی پڕ و کامڵ بهێننە کایەوە تا لەو ڕێگەیەوە کاری حیزبایەتی بکەن.
هەر لە دەیەی یەکەمی دامەزراندنی پارتییەوە، وەک پێویستییەکی هەنووکەیی ئەو سەردەمە و زەروورەتێکی مێژوویی، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا. ئەم هەنگاوە، خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی کاری حیزبایەتیدا لە باشووری کوردستان. ئەمە دەرفەتی زیاتری بە ئافرەتانی کورد بەخشی تا لە ڕێگەی ئەم کەناڵەوە هەست بە بوونی خۆیان بکەن، بەشداریی کارا لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام ڕووی لە گەشەکردن بێت.
جگە لەمە، ئەو گیانە یاخیبوونە ئەرێنییەی کە لە سروشتی ئافرەتی کورددا هەیە، وای لێکردووە کە دەست بۆ هەر کارێک ببات، بە سەرکەوتوویی ئەنجامی بدات، بەتایبەت لە کاری سیاسی و ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. ساڵ لە دوای ساڵ و دەیە لە دوای دەیە، ئەم بەشداریکردنە پەرەی سەند و بەرەوپێش چوو. ئەم بەرەوپێشچوونە لە دوای ڕاپەڕینەوە خێراتر بوو، بە جۆرێک کە بوار بۆ ئافرەتان زیاتر ڕەخسا تا لە بوارە سیاسی و ڕێکخراوەییەکاندا ڕۆڵی فراوانتر بگێڕن. لەوەتەی دەیەی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی دووهەزارەوە تا ئێستا، ئافرەتان بە شێوازێکی زۆر ڕێک‌وپێک لە ئۆرگانەکاندا ڕۆڵیان گێڕاوە و ڕۆڵەکانیان پەلیکێشاوە بۆ بوارەکانی میدیا، ڕۆژنامەوانی، بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردن.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە هەلی زۆری بە ئافرەتان بەخشیوە و بەردەوامیشە لە پێدانی دەرفەت بۆ ئەوەی بەشداریی کارا لە پرۆسەی سیاسی و ئیداریدا بکەن. بەڵگەی هەرە دیاریش ئەوەیە کە لە دوایین کۆنگرەدا، ئەو دەرفەتە بۆ ئافرەتان ڕەخسا تا بگەنە لووتکەی هەرەمی سیاسی، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی پارتیدا ئافرەتێک بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ئەم هەموو دەرفەتە زێڕینانە لە سەردەمی ئێستادا، زەمینە خۆش دەکەن بۆ ئەوەی ئافرەتان بە بیرێکی کراوەتر و پڕۆژەی گەورەترەوە، کاری باشتر و شیاوتر لەناو ئۆرگانەکاندا ئەنجام بدەن.