پۆلیسی راپەڕین لە بانگەوازێكدا بۆ هاووڵاتییان دەڵێت “ماوەیەکە باندێک پەیدابوون هەڵدەستن بە داونلۆدکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی وەک (سناپ چات، فەیسبووک، ئينستاگرام…) بە گشتی (public ) دادەندرێت”.
دەشڵێت “دواتر باندەكە هەڕەشە لە خاوەنی وێنە و ڤیدیۆیەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە، بە پێچەوانەوە بڵاوی دەکەنەوە”.
هەروەها دەڵێت “جگە لەوەش باندەكە هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوە و دەستکاریکردن و دانانی نووسینی نەشیاو لەسەر وێنە و ڤیدیۆکان، دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئاینی”.
پۆلیسی راپەڕین داواشی لە هاووڵاتییان كرد خۆیان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانیان بە شێوەی گشتی (public) لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئاماژەی بەوەش دا “لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەم چەشنە، دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بکەن”.
جەختیشی كردەوە كە هێزەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵدەستن.

