رۆژنامەی ھەولێر

نزیکەى ( 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینار ) بۆ جێبەجێکردنى ( 1 هەزار و 214 ) پڕۆژەى جۆراوجۆرى خزمەتگوزارى خەرج کراوە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.8.17، بە مەبەستی پتر خزمەتکردنى هاوڵاتییان و گرنیدان بە پڕۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرهێنانى پارێزگای هەولێر و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیاتری دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگاکە، بە سەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى تیمى ئەنجومەنى وەزیران، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەرانى گشتیى فەرمانگەکان و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرانى ناحییە و بەشێک لە بەرێوەبەرانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.

لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە لە ڕابردوو و لە ئێستادا پیشکەشى پارێزگای هەولێریان کردووە، جەختیشى لەوەکردەوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی جەنابى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە ئەنجامدانى چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزارى کراوە، کە لە ئێستادا بەشێک لەو پڕۆژانە لە جێبەجێکردندان و بەشێکى تریشیان دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت.

هەروەها دەستخۆشى لە سەرجەم قائیمقام و بەرێوەبەرانى گشتیى فارمانگەکان و بەڕێوەبەرى ناحییەکان و شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانى تەواوى دام و دەزگاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و فەرمانبەران کرد، کە خەمخۆرانە و بەڕێک و پێکى سەربارى ئەو دۆخە سەختە و قەیرانى دارایی بەردەوام بوونە لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان و وەک یەک تیم بەیەکەوە کاریان کردووە بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتییان.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وێڕاى ئەوەى تەواوى پاڵپشتی و هاوکاری سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە، تەئکیدى لەسەر هەموو ئاسانکارییەک و پاڵپشتییەک کردەوە بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر.

هەروەها سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە سیاسەتی کارگێری و ئیداری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە ئەولەیاتى کارەکان کردەوە و کە خۆی دەبینێتەوە لە پاراستن و بەردەوامیدان بە قەوارەی دەستوری هەرێم کە قەوارەیەکی دەستورییە و تیشکى خستەسەر پرسی ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و بودجە و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و ڕێککەوتنى نێوان هەردوولا.

دواتر ئامانجی کۆبوونەوەکەى خستەڕوو، کە مەبەست لێى خزمەتکردنی پارێزگای هەولێر و هەروەها گەڕاندنەوەی فیدباکی کار و پلانەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لە ساڵانی ڕابردوودا، تاوەکو بتوانرێت لە داهاتوودا بەشێوەیەکى باشتر خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.

لەوبارەیەشەوە سەرجەم ئەو پڕۆژانەى لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و لە سەردەمى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێکراون خرایە ڕوو، کە سەربارى هاتنە پێشی چەندین کۆسپ و هەموو ئەو قەیرانە یەک لە دوایەکانەى کە رووبەرووی هەرێمى کوردستان بۆتەوە، وەک هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانى دارایی و نەدانى شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمى کوردستان لە خزمەتکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی نەوەستا و توانیویەتى ئەو قەیرانە تێبپەڕێنێت و زاڵبێت بەسەریاندا و تەنها لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، نزیکەى ( 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینار ) لە سەر بودجەى پەرەپێدان و وەبەرهێنانى پارێزگا و بودجەى ئاسایی و سەربار خرجکراوە بۆ جێبەجێکردنى ( 1 هەزار و 214 ) پڕۆژەى گرنگ و جۆراوجۆرى خزمەتگوزاریى، ئەوە جگە لە ئەنجامدانى چەندین پڕۆژەى دیکەى ستراتیژى و گەورەى دیکە کە لە ئێستادا لە جێبەجێکردندان وەک پڕۆژەى فریاگوزاریى خێرای گەیاندنى ئاوى هەولێر و دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆیی و بەستنەوەی هێڵە لاوەکیەکانی بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزاریى و پڕۆژەکانى دروستکردنى دووسایدى ( هەولێر – کۆیە) ( کەسنەزان – گۆمەسپان) و ( گۆمەسپان – سماقوڵى) و ڕێگای ( کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل ) و هەردوو تونێلى ( میراوە – ماوەران ).

لە کۆتایشدا، بۆ زیاتر خزمەتکردنى ھاووڵاتییان، باس لە پێداویستی و کەم کوڕی و گیروگرفتە ئیدارەییەکان و پێداویستیەکان لە ڕوویی کارگێری و دارایی و پەرەپێدانی دامەزراو و فەرمانگە حکومییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ھەماھەنگی بەردەوامی نێوانیان کرا.