عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
تیپی شانۆی پیرەمەگرون بەهاوکاری قایمقامیەتی قەزای دوکان، نمایشی شانۆیی «بەرد» لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێشکەشدەکەن!
شانۆیی بەرد، لە نووسین و دەرهێنانی ئومێد کەمال، لە هۆڵی قوتابخانەی سارۆی بنەڕەتی لە قەزای دوکان نمایش دەکرێت.
شانۆیی (بەرد) نمایش دەکرێت و بڕیاریشە رۆژانی یەکشەمە و دووشەمە بخایەنێت.
هونەرمەند (ئومێد کەمال،) نووسەر و دەرهێنەری شانۆییەکە بە هەولێری راگەیاند، ناوەڕۆکی شانۆییەکەیان باسی کاریگەریی ماددەی هۆشبەر لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە و خێزان دەکات کە بەهۆیەوە چەندین خێزانی هەڵوەشاندەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سودیان لە چیرۆکێکی راستەقینە وەرگرتووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی شانۆیەکەیان تەنها دوو رۆژ دەخایەنێت، ئومێد کەمال وتی “لەبەر نەبوونی هۆڵ، لەنێو قوتابخانەیەکدا شانۆییەکە نمایش دەکەین، بۆیە ماوەی شانۆییەکەش کورتە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە ئەگەر هاوکاری بکرێن پێیان باشە نمایشەکە ببەنە ناوچەکانی دیکەش، بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی بینەریان هەیە و شانۆیان نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئومێد ئەوەشی گوت : تا ئێستاکە 35 کاری شانۆییمان بەرهەمـهـێناوە، لە ناحیەی پیرەمەگرون نمایشمان بۆ کردووە، بەڵام هۆڵی شانۆییمان نیە!.
ئومێد کەمال، نووسەرێکی دیاری بواری دراماشە دەڵێت، کارێکی درامی بەدەستەوەیە بەناوی سۆراخ، کە درامایەکی کۆمەڵایەتییە و لە ٣٠ ئەڵقە پێکدێت، هەر شوێنێک سپۆنسەریان بکات، دەتوانن بەرهەمی بهێنن، جگە لەم بەرهەمە، درامای نووسراوی دیکەشم ئامادەیە.

