ئەمڕۆ شەممە 2025.8.16، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ڕابەر عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و عەبدوڵڵا شەمسەدین، بەڕێوەبەری شارەوانی2 و محەمەد یوسف، بەڕێوەبەری شارەوانی3 ، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆی و بەستنەوەی هێڵە لاوەکیەکانی بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاوی هەولێری بەسەرکردەوە، کە پڕۆژەکە تەواوكەری پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێراى هەولێرە و بەگوژمەی ( 25 ملیار دینار) لەلایەن ” کۆمپانیای کەیوەن ” و بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر دەست بەجێبەجێکردنی کراوە و بە تەواوبوونیشی ( 248 هەزار ماڵ ) کە دەکاتە ( 63 هەزار ) هاوبەشی ئاو لە هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.
دوای بەدواداچوون لە چۆنیەتی دەسپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە و پێداویستی و بەڕێوەچوونی کارەکان، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە کۆمپانیا و ئەندازیار و سەرپەرشتیار و کرێکارانی پڕۆژەکە کرد، کە لە ماوەیەکی کەمدا و بەر لە ماوەی دیاریکراوی خۆی توانیان کارەکانی قۆناغی یەکەم لە سنووری هەرسێ شارەوانی 4 و 5 و 6 بەکۆتا بهێنن و ئەمڕۆش دەست بە قۆناغی دووەم لەسنووری هەردوو شارەوانی 2 و 3 دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکەدا، کە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرایی گەیاندنی ئاوی هەولێر، پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگ و گەورەیە و سوودێکی یەكجار زۆری هەیە بۆ شارى هەولێر و بەشێوەیکی ئەندازەیی و تۆکمە و سەردەمیانە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناو گەڕەكەكانی هەولێر بە هێڵە سەرەکییەکانی دەبەستێتەوە.
جێگەی باسە، لە 20ی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردی بناغەی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆی و بەستنەوەی هێڵە لاوەکیەکانی بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاوی هەولێر داندرا و بڕیارە لە ماوەی یەک ساڵ بڕی ( 413 هەزار مەتر ) بۆری پلاستیکی بە 6 قەبارەی جیاواز لە کوچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر دابندرێت، لە 5 مانگی یەکەمى کارکردن لە پڕۆژەکەدا نزیکەی ( 200 هەزار مەتر ) بۆڕی لە سنووری شارەوانییەکانی 4 – 5 – 6 داندراوە و کۆتایی مانگی رابردووش ئاوی پاک گەیشتە سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی 120 مەترى خێراى هەولێر، کە کەوتوونەتە سنووری ئەو 3 شارەوانییە، ئەمڕۆش دەستکرا بە کارکردن لە پرۆژەکە و دانانی بۆڕییەکان لە سنووری شارەوانییەکانی 2 – 3 و بڕیارە لە ماوەیەکى نزیک بڕی ( 215 هەزار ) مەتر بۆری دیکەی ئاو بە ( 6 ) تیرەی جیاواز بۆ ئەو گەڕەکانەى دەکەونە سنوورى هەردوو شارەوانی 2 و 3 دابندرێت.

