رۆژنامەی ھەولێر

دۆناڕۆما یەكلا بووەوە و پاریس جێ دەهێڵێ، یەك هەنگاوی بۆ مان سیتی ماوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

 

دۆناڕۆما یەكلا بووەوە و پاریس جێ دەهێڵێ، یەك هەنگاوی بۆ مان سیتی ماوە
پێش یاریی جامی سوپەری ئەورووپی كە دوێنێ بەڕێوە چوو، خەریكە باسوخواسی چوونی دۆناڕۆمای گۆڵپارێز لەسەر چوونی بۆ مان سیتی كۆتایی دێت.
یانەی پاریس سان جێرمان، ڕایگەیاند كە گۆڵپارێزەكەیان (جیانلویجی دۆناڕۆما) لە یانەكەیان نامێنێ، كە لە لایەن لویس ئێنریكیی راهێنەرەوە دوور خرایەوە و ئێستە خۆی ئامادە دەكات بۆ چوونی بۆ یانەی مانچستەر سیتی.
بۆ ئەو مەبەستە، دانوستان و گفتوگۆكان خێرا بوونە، بەڵام تارماییەكی یاسایی، هێشتا ڕێی لەو جیابوونەوە لەناكاوەكەی دۆناڕۆما لە پاریس گرتووە.
جیانولیجی دۆناڕۆمای ئیتاڵی، ڕایگەیاند كە بە شێوەی فەرمی لە یانەی پاریس سان جێرمان نەماوە، پێش چەند هەفتەیەكیش ئەو گۆڵپارێزە ئەو پێشبینییەی خستبووە ڕوو، ئێستە دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵ مانچستەر سیتی و پێپ گواردیۆلایە.
رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی باسی لەوە كردووە، كە ئەو گۆڵپاریزە 26 ساڵە، لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانییەكەی دانیشتووە و گفتوگۆی كردووە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردووە، یەك وردەكاریی گرنگ ماوە، ئەویش گواستنەوەی ئیدیرسۆنە بۆ یانەی گەلاتەسەرای توركی، كە كارێكی پێویستە بۆ ئەوەی لە مانچستەر سیتی شوێنی ئەو بگرێتەوە، بۆیە گرێبەستەكەی تەواو نەكراوە.
گۆڵپارێزی بەڕازیلیی یانەی مانچستەر سیتی ئیدەرسۆن، وەرزی ڕابردوو ئاستێكی باشی لەگەڵ یانەكەی پێشكەش كرد و ژمارەی پێوانەیی لە دروستكردنی گۆڵ تۆمار كرد لە نێو گۆڵپارێزان، بەوەی 6 گۆڵی دروست كرد و بەسەر پۆڵ رۆبنسۆنی گۆڵپارێزی پێشووی یانەی لیدز یونایتد و تۆتنهام و بلاكبێرن رۆڤەرزدا سەر كەوت، كە 5 گۆڵیان لە خولی ئینگلیزی دروست كردبوو.

گرنگترین وەرز لەگەڵ یانەی نەسر چاوەڕوانی ڕۆناڵدۆیە
ئەستێرەی پورتوگالیی یانەی نەسری سعوودی، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، خۆی بۆ گرنگترین وەرز لەگەڵ یانە سعوودییەكەدا ئامادە دەكا، كە بە گرنگترین وەرزی كاروانی پیشەگەریی لە 23 ساڵی ڕابردوودا دادەنرێ.
یانەی نەسر، وەرزی 2024/2025 بە ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ئیتیحاد لە نیوەی كۆتایی جامی سوپەری سعوودی لە هۆنگ كۆنگ دەست پێ دەكا.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی باسی لەوە كردووە، كە یەكێك لە هەرە گرنگترین وەرزەكانی رۆناڵدۆ، وەرزی داهاتوویەتی لەگەڵ یانەی نەسر.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، كە 40 ساڵانی تەواو كرد، هیوای وایە بەردەوام بێ لە بردنەوەی ناسناو و تۆماركردنی ژمارەی دیكەی گرنگ لە وەرزی داهاتوودا.
كاپتنی یانەی نەسر، لە دوو وەرزی رابردوودا، سەرلیستی گۆڵكەرانی خولی سعوودیەی گرت و بەسەر كەریم بنزیما ئەستێرەی یانەی ئیتیحیاد و ئیڤان تۆنی ئەستێرەی یانەی ئەهلیدا سەركەوت.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، ڕۆناڵدۆ بەم دواییە، هاوبەشی لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیا تایبەتمەندەكان بە ئاستی جەستەیی كرد، بۆ ئەوەی وردەكاریی تەواوی خۆراك و جووڵە و خەوی بۆ ئەو تەمەنە بۆ ڕێكتر بكاتەوە، بۆ ئەوەی تەمەنی ڕۆناڵدۆ نزیكەی 10 ساڵ كەمتر و گەنجتر دەربخات.
رۆژنامەی ماركا باسی لەوە كردووە، كە هۆكاری سەرەكیی ئەوەی وەرزی داهاتوو گرنگترین وەرزە بۆ ڕۆناڵدۆ، ئەوەیە كە ڕۆناڵدۆ دەیەوێ بەشداریی یارییەكانی مۆندیالی 2026ـیش بكات.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، هیوای بەوەیە كە لە مۆندیالی 2026ـدا، لە سەرووی لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەوە بێ، كە وەكوو دواپاڵەوانیەتیی گەورە دەبێ لە ژیانیدا كە بەشداریی تێدا بكا، بۆیە دەیەوێ ئاستێكی باش پێشكەش بكات لەگەڵ یانەی نەسر، بۆ ئەوەی ببێتە چەكێك و خۆی پێ بسەلمێنێ بۆ یاریكردنی لە تیمەكەی سەركردەی پورتوگال رۆبێرتۆ مارتینیز.
رۆناڵدۆ كە كاروانی پیشەگەرییەكەی لە ساڵی 2003ـەوە دەست پێ كرد، پورتوگال پێشتر بە ناسناو و بردنەوەی پاڵەوانیەتییەكان ئاشنا نەبوو، لە سەردەمی ڕۆناڵدۆدا، هەڵبژاردەی بەڕازیلی ئەورووپا، سێ پاڵەوانیەتیی بردەوە، دواناسناویان پێش چەند مانگێك بوو، كە بە ڕۆڵ و كاریگەریی ڕۆناڵدۆ بردیەوە.
هەروەها هەلێكی زۆر باش و نموونەییە، بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ پەیوەندیی خۆی لەگەڵ جامی جیهانی باش بكاتەوە، دوای ماڵئاواییە خەمناكەكەی مۆندیالی 2022ـی قەتەڕ، كە لەسەر دەستی هەڵبژاردەی مەغریب ماڵئاوایی كرد، كە ڕۆناڵدۆ بە هیچ جۆرێك لەو ئەنجامە ڕازی نەبوو، تەنانەت ئاستی خۆیشی بە دڵ نەبوو.
خەونی هەزارەمین گۆڵ لە كاروانی پیشەگەرییدا، یەكێكە لە ئاواتەكانی دیكەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، كە ڕۆناڵدۆ لەنێو ئەو ژمارە گۆڵەدا، گۆڵی زۆر نایاب و دەگمەن و یەكلاكەرەوەی تۆمار كردووە، ڕۆناڵدۆ ئێستە 938 گۆڵی كردووە و زۆر دوور نییە لەو ژمارەیە. لێهاتوویی ڕۆناڵدۆ و متمانەی بە خۆی، وای لێ دەكات نزیكتر بێ لە تۆماركردنی ئەو ژمارەیە و بڕینی ئەو بەربەستە.
رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، كە ڕۆناڵدۆ سەرەڕای خۆگونجان و سەركەوتنی لەگەڵ یانەی نەسر، بەڵام ناسناوەكانی لەگەڵ ئەو یانەیە وەكوو پێویست نین، جگە لە پاڵەوانیەتیی عەرەبی لەگەڵ ئەو یانەیە، هیچ ناسناوێكی دیكەی نەبردووەتەوە.
ڕۆناڵدۆ بەهیوایە، كە لە وەرزی نوێدا، بتوانێ ناسناوی ناوخۆیی، یان كیشوەری بباتەوە و ئەو تەوقەی چەند ساڵی ڕابردوو بشكێنێ.

ئایا كۆمان بەشداریی یارییەكانی نەسر لە جامی سوپەر دەكات؟
هاندەرانی یانەی نەسری سعوودی، چاودێری ڕاگەیاندنی بۆندی یاریزانی فەرەنسی كینسجلی كۆمان، یاریزانی باڵی یانەی بایرن میونشن دەكەن، بۆ ئەوەی درێسی یانەكەیان بپۆشێ.
چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوە كردووە، كە یانەی نەسر لەگەڵ بایرن میونشن گەیشتووەتە ڕێككەوتن بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كینسجلی كۆمان، بەرانبەر 30 ملیۆن یۆرۆ، لەم چەند رۆژەیشدا بە فەرمی ڕادەگەیەندرێ.
ئەوە پێش یاریی جامی سوپەری سعوودییە، كە بڕیارە لە نێوان 19 و 23ی ئەم مانگە لە هۆنگ كۆنگ بەڕێوە بچێ.
بەپێی رۆژنامەی ئەلیەومی سعوودی، كۆمان بە ڕێژەیەكی زۆر ئەگەری بەشداریكردنی لە پاڵەوانیەتیی سوپەری سعوودی هەیە، چاوەڕێ دەكرێ پێش چەند ڕۆژێك لە یارییەكەی نەسر و ئیتیحاد، بۆندەكەی بە فەرمی ڕابگەیەندرێ.
بڕیارە ئێوارەی سێشەممەی داهاتوو، نەسر بەرانبەر یانەی ئیتیحاد، لە چوارچێوەی یارییەكانی نیوەی كۆتایی جامی سوپەری ناوخۆیی، یاری بكات.
بۆ بیرهێنانەوە، یانەی نەسر لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، چەند گرێبەستێكی گرنگی كردووە، لەوانە جواو فلێكسی پورتوگالی، ئینجۆ مارتینیزی ئیسپانی، نادر شەراری و عەبدومەلیك جابر. هەروەها گرێبەستی كینسجلی كۆمان و سەعد ناسر، ڕاگەیاندنی فەرمییان ماوە.