هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر دەسبەکاربوون لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆ کردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و خۆی بۆ خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئامادە دەکات، لەلایەکی تر دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق متمانەیە بە ئەرسەلان جەلال بەخشیەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەس بە ئامادەکارییەکان دەکەن.
دەستەی راهێنەرانی پێشمەرگەی سلێمانی دیاریکران
بە فەرمی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق جارێکی تر ئەرسەلان جەلالی وەک ڕاهێنەری یانەی دەست نیشانکردەوە، کارگێڕی یانەکە ڕاهێنەرەکەی سەرپشک کردووە بۆ دروست کردنی پێکهاتەی تیپەکە.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی یانەکە، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا یانەکە ئامادەکارییەکانی دەسپێدەکات و جگە لە ئەرسەلان جەلال کە ڕاهێنەری تیپەکەیە، محەمەد عەدنان، وەک یاریدەدەری ڕاهێنەر و جەواد موزەفەر وەک ڕاهێنەری توانای جەستەیی و راستگۆ سەعید وەک ڕاهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکە سلێمانی دەسبەکار دەبن.
دوای دەست نیشانکردنی ستافی ڕاهێنەری یانەکە، کارگێڕی یانەکە لە کۆبونەوەیەکدا گوێیان لە پلان و بەرنامەی ڕاهێنەر گرت و باسی ئامانجی یانەکەیان کرد بۆ وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق، ئامانجەكەش سەرخستنی یانەكەیە بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق.
هەولێر گرێبەستی دوو یاریزانی تری ڕاگەیاند
بە فەرمی یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ شێرزۆد تەیمیرۆفی ئۆزباکستانی واژۆ کرد، یانەی هەولێر رایگەیاند”شێرزۆد تهیمیرۆف گرێبەستی لەگەڵ یانەکەمان واژووکرد کە لههێلی هێرشبهر یاریی دهكات.
تەیمیرۆف تەمەنی ٢٦ ساڵە و یاریزانی ههڵبژاردهی ئۆزباكستانه،پێشتر لهیانهكانی باختاكۆری ئۆزباكیستانی، پیریسپۆلیس وپیكانی ئێرانی،كیتچی هۆنگ گۆنگ، یاریی كردووه، لەلایەکی تر یانەی هەولێر بۆ زیاتر تۆکمەکردنی پێکهاتەی تیپی تۆپی پێی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، بۆ سێیەم وەرز لەسەریەک گرێبەستی یاریزان گەیلان لوقمان ـی نوێکردەوە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا سەفین مەنسور کە لە هێڵی ناوەراست و هێرشبردن یاریدەکات بۆ وەرزی دووەم گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە، هەروەها گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکاری پێشووی یانەی زاخۆ عەلا رەعد واژۆ کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، باسم قاسم راهێنەری یانەی هەولێر نیاز محەمەدی بەرگریكاری لە پلانەكانی بۆ وەرزی نوێ دوورخستووەتەوە.
عەلی شاخەوان ماڵئاوایی لە قوە جەویە کرد
ناوەڕاستکاری کورد عەلی شاخەوان بە پۆستێک ماڵئاوایی لە یانەی قوەجەویە کرد، عەلی نوسیویەتی: کۆتایی بەگەشتەکەم هات لەگەڵ یانەی قوەجەویە، وەرزێک لەگەڵ یانەی قوەجەویە جیاواز بوو، هیوام وابوو سەرکەوتنی زیاتر بەدەسبهێنم نازناوەکا ببەمەوە، بەڵام واقع جیاواز بوو، لە کۆتایدا عەلی شاخەوان سوپاس و پێزانین ئاراستەی دەستەی کارگێری و ستافی راهێنەران و هاندەرانی یانەکەی بەغدا دەکات.
هەریەک لە یاریزانان عەلی شاخەوان و محەمەد سامی وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یانەی قوەجەویە یاریان دەکرد، جگە لە عەلی کە ماڵئاوایی لە یانەکە کرد، تا ئێستا چارەنووسی محەمەد سامیش دیاری نەکراوە و ڕەنگە ئەو یاریزانەش یانەکەی بەغدا جێبهێڵیت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، عەلی شاخەوان لە پەیوەندیكردنی بە یانەی هەولێر نزیك بووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.

