مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
لیڤاندۆڤسكی: لە یارینەكردن بۆ یانەی بۆمانچستەر یونایتد پەشیمان نیم
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، یاریزانی پۆڵەندیی یانەی بەرشلۆنە، لەبارەی رەتكردنەوەی هەردوو بۆندی یانەی بلاكبێرن رۆڤەرز و یانەی مانچستەر یونایتد، بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە خولی ئینگلیزییەوە بكا، ڕایگەیاند پەشیمان نییە.
دوای وەرزی دووەمی لەگەڵ یانەی بوڕوسیا دۆتمۆند، هەردوو یانەی بلاكبێرن رۆڤەرز و مانچستەر یونایتد، ئۆفەریان پێشكەشی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی كرد، بەڵام یانە ئەڵمانییەكە ئەوكات رەتی كردەوە دەستبەرداری ئەو یاریزانەی بێ و لیڤا خۆیشی پەشیمان نییە لەوەی نەچووەتە ئەو یانەیە
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئێزگەی بریتانی (بی بی سی)، ئاشكرای كردووە: بیرم لە گواستنەوە بۆ یانەی بلاكبێرن كردەوە، بەڵام بڕیارەكەم لەو رووەوە یەكلا نەكردەوە، بەڵام لەبارەی مانچستەر یونایتدەوە، بە كردار بڕیارم دا و گرێبەستەكەم پەسەند كرد. وتیشی: دەمەویست گرێبەست لەگەڵ مانچستەر یونایتد بكەم و كار لەگەڵ سیر – ئەلێكس فێرگسۆن بكەم، بەڵام یانەی دۆرتمۆند رەتی كردەوە دەستبەردام بێ، چونكە دەیانویست بمهێڵنەوە بۆ ئەوەی قازانجێكی زۆریان پێ بگەیەنم گەر ماوەیەكی زۆر بمێنمەوە.
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ مانچستەر یونایتد سەری نەگرت، بەڵام لیڤاندۆڤسكی دووپاتی كردەوە: هەست بە پەشیمانی ناكەم لە یارینەكردن لە خولی ئینگلیزی، لەو رووەوە دەڵێ: هەر بڕیارێك كە دابێتم، بڕیاری تایبەتیی خۆم بووە، ئەوەم كردووە كە خۆم ویستوومە و هیچ كەسێكی دیكە بڕیاری بەسەرمدا نەسەپاندووە. لیڤاندۆڤسكی، كاروانە پیشەگەرییەكەی تا ساڵی 2024 لەگەڵ بوڕوسیا دۆرتمۆند بەردەوام بوو، دواتر چووە یانەی بایرن میونشن و 8 وەرزی لەگەڵ ئەو یانەیەیش بەسەر برد.
لە هاوینی ساڵی 2022، یانەی بەرشلۆنە ئەو یاریزانەی بردە ریزەكانیەوە و بووە هێرشبەری سەرەكیی یانە كاتەلۆنییەكە و لەو كاتەوە تا ئێستە، لە كۆی یارییەكانی لە خول و پاڵەوانیەتییە جیاوازەكاندا، 101 گۆڵی لە كۆی 147 گۆڵدا تۆمار كردووە.
بەرشلۆنە گەشبینە كە لیژنەی پزیشكیی خولی ئیسپانیا بە قازانجی ئەو بڕیاری بدات
یانەی بەرشلۆنە، چاودێری بڕیاری لیژنەی پزیشكیی دەستەی خولی ئیسپانیا دەكات، لەبارەی ڕاپۆرتی پزیشكی لەسەر پێكانی گۆڵپاریزی ئەڵمانی مارك ئەندریە تیر شتیگنەوە.
بەرشلۆنە پێی وایە كە تیر شتیگنی 33 ساڵان، بە گشتی 4 مانگ لە یاریكردن بە هۆی پێكانەوە دابڕاوە، ئەوەش وای لێ كرد، كە پرسەكە بۆ لیژنە بەرز بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ بەشێك لەو مافە داراییەی لە تیر شتیگن وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ گۆڵپارێزێكی دیكە (خوان گارسیا) كە گرێبەستی لەگەڵ كردووە، بتوانێ پارەكەی بە تەواوی بدات و تۆماری بكات. رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی كردەوە، كە ڕێژەی سەدی مووچەی ئەو، گەر دووركەوتنەوەكەی بە 4 مانگ بخەمڵێندرێ، ئەوا بەرشلۆنە سوود لە 50%ی مووچەكەی وەردەگرێ، گەر بگاتە 5 مانگ و زیاتر، دەگاتە 80%ی مووچەكەی.
بەرشلۆنە گەشبینە لەبارەی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشكیی بۆ هەڵسەنگاندنی حاڵەتەكەی تیر، وەك چۆن پێشتر بۆ حاڵەتی رۆناڵد ئەراوخۆی ئۆروگوایی كرد، كە وای كرد ڕێگە بە تۆماركردنی ئینجیۆ مارتینیز بدا، هەروەها حاڵەتی پێكانی ئەندریاس كرستینسنیش، وای كرد بەرشلۆنە بتوانێ دانی ئۆلمۆ و باو ڤیكتۆر تۆمار بكا لە هاوینی ڕابردوودا. بەرشلۆنە دەیەوێ بەهۆی بڕیارەكەوە، بتوانێ گۆڵپاریز خوان گارسیا تۆمار بكا و بتوانێ لە یاریی كردنەوەی خولی ئیسپانیا، كە شەممەی داهاتووە بەرانبەر ریاڵ مایۆركا، یاری بكات.

