شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەند رێوی تەمۆ، دوای بڵاوبوونەوەی چەندین بەرهەمی هەڵپەڕکێ و بەشداربوون لە ئاهەنگەکاندا، کۆتایی بە ڤیدیۆی کلیپێکی نوێ هێنا بەناونیشانی “ناز و دەلال”.
ئەو گۆرانیە لە تێکست و ئاوازی سەیداێی تیرێژە، کە شاعیرێکی ناسراوی کوردە و تا ئێستاش چەندین تێکستی لە لایەن هونەرمەندانی ڕۆژئاوا کراونەتە گۆرانی.
رێوی تەمۆ نیشتەجێی ئەڵمانیایە و لە ئاخاوتنێکیدا ڕایگەیاند، بە تایبەتی بۆ کلیپکردنی ئەم بەرهەمە نوێیەی گەڕاومەتەوە کوردستان، چوونکە ناوەڕۆکی گۆرانییەکە باسی لە کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگە دەکات و دیمەنەکانیشی لە هەرێمی کوردستان وێنە گیراوە.
جێگەی باسە، تەمۆ دەیویست لە رێگەی کلیپەکەیەوە مێژوو و سرووشتی جوانی کوردستان نیشان بدات، بۆ ئەم مەبەستەش هەولێری پایتەخت و هاوینەهەواری بێخاڵی بۆ تۆمارکردنی دیمەنەکانی هەڵبژاردووە.
کاری میکس و ماستەرینگی گۆرانییەکە لەلایەن میلاد ئومەرییەوە کراوە و ڤیدیۆکلیپەکەش لە دەرهێنانی رەزا میدییە.
رێوی تەمۆ لە کلیپەکەدا بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت و لە دیمەنێکدا ئاڵای کوردستانی بەدەستەوەیە و دەچێتە نێو خەڵک بە وێنە بیرەوەرییان لەگەڵدا تۆمار دەکات.
هونەرمەند رێوی تەمۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە.

