رۆژنامەی ھەولێر

شێوەكارێكی كورد دەچێتە سیمپۆزیۆمە نێودەوڵەتییەکەی كرێفێڵد

 

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

كۆڕبەندە هونەرییەکەی (ON TOP) سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتی شاری كرێفێڵدی ئەڵمانیایە. كاری تاكەكەسی، هونەرمەندانی بەئەزموونی وێنەكێش و پەیكەرتاش بەشداری دەكەن.

كامپی هونەری (ON TOP) جۆرێكە لە كاركردنی هونەری تاكەكەسی و هونەرمەندان بە ئازادی لەسەر بابەتەكانی خۆیان كار دەكەن، هەریەكەیان بە شێواز و ماتریاڵ و ئایدیای تایبەتی خۆیان.
لە سیمپۆزیۆمەكەدا جگە لە هونەرمەندانی (ئەڵمان، رووس، ئینگلیز، فارس و عەرەب، چەند هونەرمەندێكی كوردیش لە كوردستانەوە بەشداری دەکەن لە سیمپۆزیۆمەكەدا.
شێوەكار (حەمە هاشم) یەكێكە لە بەشدارانی ئەم سیمپۆزیۆمە و دەڵێ:
سیمپۆزیۆمی هونەری ON TOP یەك هەفتە دەخایەنێت، لە 15وە هەتا 22ـی ئابی 2025 لە شاری (كریفێڵد)، كامپەكە ئەزموون و كارگەیەكی هاوبەشی هونەرمەندانێكە كە ئایدیای جیاواز و خاوەنی ستایڵی جیاوازن، كولتوری جیاواز و خوێندنی جیاواز، بیرۆكەی بنەڕەتی سیمپۆزیۆمەكەش پرۆسەی كاركردنی كراوە و كۆمەڵایەتییە، واتە هونەرمەندەكان لەوێ تابلۆكانیان دەكەن و دواتر لە پیشانگایەكی هاوبەشدا نمایشی دەكەن.
ئەمەش واتای ئەوەیە كە هەموو بەشدارەکان ئیلهام لە یەكتری وەردەگرن لە رووی تەكنیك و لە ئاستی بیركردنەوە، هەروەها پراكتیك و ئەزموونە گشتییە مرۆییەكان.
نمایشەكە بە پێی ئاراستەی گۆڕانكارییە جیهانییەكان، زاراوەی “پاراستن”ـی بۆ دانراوە، ئەمەش كۆمەڵێك پرسیار لەخۆی كۆدەكاتەوە كە هونەرمەندەكان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی پاراستنی ژینگەیی و ئەزموونە كۆمەڵایەتییە مرۆڤدۆستانەكانەوە.
لەم سیمپۆزیۆمەدا پەیوەندی لەگەڵ سەردانكەران گرنگییەكی تایبەتی پێ دەدرێت، دەرگای كەمپەكە بۆ هەركەس كراوەیە كە بێت ئەزموونەكان ببینێت و بینەر دەتوانێ راستەوخۆ لەسەر ماتریاڵ و ئایدیا لەگەڵ هونەرمەندەكان گفتوگۆ بكات.
هونەرمەندانێك كە خۆیان بۆ كامپی هونەری ئامادە دەكەن و دەیانەوێت بچنە ناو گفتوگۆی هونەرییەوە، پێشتر هەڵبژێردراون و بانگهێشت كراون بۆ بەشداریكردنیان لەو كۆڕبەندە گرنگە.
دوای تەواوبوونی كارەكان پیشانگایەكی هاوبەش دەكرێتەوە بۆ بەرهەمە هونەرییەكان لە ٢٢ـی ئابەوە تا ٢٥ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت .