رۆژنامەی ھەولێر

هەوکردنی پەنکریاس هۆکاری چییە و چۆن چارەسەری دەکرێت؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

 

پەنکریاس ڕژێنێکی گەورەیە کە دەکەوێتە پشت گەدە و ئەنزیم بەرهەم دەهێنێت کە یارمەتی لەش دەدات بۆ هەرسکردنی خۆراک.

هەوکردنی پەنکریاس حاڵەتێکی جددی و مەترسیدارە بۆ سەر ژیان، هەربۆیە هەوکردنی پەنکریاس دەکرێ توند بێت، واتە لەناکاو ڕوو بدات یاخود دەکرێ درێژخایەن بێت. هەردوو جۆرەکەی مەترسی لەسەر ژیان درووست دەکەن.
د. سەرکەوت رەووف محەمەدئەمین پزیشکی پسپۆڕی ورد لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و هەناوبینی (نازوور)، هۆكارەكانی هەوکردنی پەنکریاس ڕوون دەكاتەوە كە بریتییە لە زۆرخواردنەوەی كحول و زیادبوونی سێانەچەوری لە خوێندا، یانیش گیرانی لوولەی زەرداو بەهۆی بەردەوە و كێشەی بۆماوەیی و پەیوەست بە بەرگریی لەشەوە یان زیادبوونی كالیسیۆم و كەڵەكەبوونی پرۆتینەوە.
د. سەرکەوت رەووف گرنگترین نیشانەكانی دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
* ئازاری دووبارە و بەردەوام و توندی سك.
* لەدەستدانی كێشی لەش بەهۆی خراپیی مژینی خۆراك.
* پاشەڕۆیەكی چەور و بۆن ناخۆش.
* تووشبوون بە نەخۆشینی شەكرە.
د. سەرکەوت رەووف چارەسەركردنی هەوكردنی پەنكریاس دەخاتە ڕوو كە:
١. چوونە لای پزیشكی شارەزای نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس بۆ چارەسەركردن، بۆیە ئەگەر بەردی زراو یان داخرانی كەناڵی زراو و پەنكریاست هەبێت، ئەوكات نەشتەرگەری لابردنی بەرد و كردنەوەی كەناڵەكەت بۆ دەكرێت.
٢. وەرگرتنی دەرمان لە رێگەی دەم یان خوێنهێنەرەوە، پێڕەوكردنی سیستەمە خۆراكێکی كەمچەوری و خواردنەوەی شلەیەكی زۆر لەگەڵ ژەمی بچووك و زووزوو؛ ئەگەر حاڵەتەكە بەهۆی دەرمانێكی دیاریكراوەوە دروست بووبێت، ئەوكات دەبێت لە وەرگرتنی بوەستیت یان بیگۆڕیت.