سلێمان تاشان – ههولێر
پڕۆژەی فریاکەوتنی ئاوی هەولێر لە کاتێکی زۆر گونجاودا فریای دانیشتووانی هەولێر کەوت و بەشێکی بەرچاو لە گەڕەکەکانی شار بە ناحیە و قەزاکانی دەوروبەرییەوە ئاویان پێ گەیشت و خەڵکی لە بێئاوی ڕزگار کرد. بەڵام بەداخەوە تەنگژەکە لە کەمیی ئاوەوە بۆ زۆریی ئاو گۆڕدراوە و خەڵکێک ڕۆژگاری قەیرانەکەیان بیرچۆتەوە و بەفیڕۆی دەدەن و هەر بۆیەش لە ڕێی تیمی چاودێرەوە پلانێک هەیە بۆ ئەوەی پێش بە بەفیڕۆدانی ئاو بگیرێت.
کەم نەبوون ئەو خێزانانەی بۆ ماوەی چەندین مانگ شەوان ئێشکیان دەگرت بەڵکوو ئاوی بیر بگاتە لوولەی بەردەم ماڵەکانیان و چۆڕێک ئاو بە تانکییەکانی سەربانیان بگات، ئەمە گلەیی گەڕەکێک و دوو گەرەک نەبوو بەڵکوو بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابەزینی ئاوی بیرەکان ببووە کێشەی ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەک و ماڵەکانی پایتەخت.
پڕۆژەی فریاکەوتنی ئاوی هەولێر لە هەژدەی مانگی تەممووزەوە بە فەرمی لە تەواوی گەڕەکەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە دەرەوەی شەقامی بازنەیی سەد و بیست مەتری دەستی بەکارکردن کردووە و ئاو بە خێراییەکی زۆر دەگەیەنێتە هەموو ماڵێک و ئەو گەڕەکانەی بە دەستی بێئاوی دەیانناڵاند، خەڵک بەم پڕۆژەیە زۆر دڵخۆش بوون و لە قووڵایی دڵەوە دەستخۆشیان لە حکوومەت کرد.
بەر لەم ڕووداوە بێئاوی تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیبوو و بەداخەوە لە گەڕەکەکان دارێکی زۆر وشکبوون و هەندێک ماڵ هەبوون دەرگای ماڵەکانیان داخست و بە شێوەی کاتی لای ماڵی باوکیان یان ماڵی خزم و کەسەکان دەمانەوە، خەڵک بێزار بوون هێندەی پارە بە کڕینی ئاو بدەن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە داراییە و دواکەوتنی مووچە ، بە تاسەوە چاوەڕوانی پڕۆژەکەی حکوومەتیان دەکرد.
ئێستە ئاوەکە لە هەموو ماڵێکە بەڵام وا هەست دەکرێت خەڵک زۆر بە خێرایی دۆخی قەیراناویی ڕابردوویان بیر چۆتەوە، بە لێشاو ئاوەکە بەکاردەهێنن و خەریکی شوشتنی جادە و ڕێگاوبانن. زۆر ماڵ هەن تەوافەیان لە تانکیی ئاوی ماڵانیان نەبەستووە و شەو تا بەیانی ئاو لە سەربان و ئاوەڕۆی ماڵان دەڕژێتە خوارەوە و بەفیڕۆ دەڕوات. جۆگەلە و ئاوەڕۆی کۆڵانەکان کە سەیر دەکەی ئاوێکی زۆری پێدا دەڕوات و وەک ئەوە وایە بارانێکی بەخوڕ باری بێت کە دەیسەلمێنێت خەڵک دەست بە ئاوەوە ناگرن و بەداخەوە بەلێشاو ئەو سامانە بەبەها نیشتمانییە بەفیڕۆ دەدەن.
ئەم دیاردەیە حكوومەتی ناچار کردووە چاودێر لە كۆڵانەكان دابنێت و ڕێگە لە زێدەڕۆیی بگرێت. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاندووە سی و دوو تیمیان وەك چاودێر دامەزراندووە کە بەمزووانە دەستبەكار دەبن. كاری ئەم تیمانە ئەوەیە ڕۆژانە ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو بكرێت كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە زێدەڕۆیی دەكەن و بەردەوام ئاو بەكار دێنن. بەپێی ئەو ڕێکارەی داندراوە جاری یەكەم هاووڵاتیی سەرپێچکار ئاگادار دەكرێتەوە، جاری دووەم بە پێبژاردن لە سی هەزار بۆ پەنجا هەزار دینار سزا دەدرێت، ئەگەر بەردەوام ئاو بەفیڕۆ بدات، كەسەكە دەدرێتە دادگا.
هەرچەندە ئەو هەنگاوەی حکوومەت زۆر باشە بەڵام ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو تەنیا بە تیمەکان ناکرێت بەڵکو دەبێت ئەو هۆشیارییە لای هاووڵاتییان خۆیان دروست ببێت، میدیا و پەروەردە کاری لەسەر بکات و تەنانەت مامۆستایانی ئاینی بیکەن بە وتاری هەینییان چونکە ئاین دژی بە فیڕۆدانی ئاو و زێدەڕۆییە. جگە لەمە پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە ڕێکارێکی هاوشێوەی کارەبا بۆ بەکاربردنی ئاو هەبێت تا پارێزگاری لەو سامانە نیشتمانییە بکرێت.
وەک ئاشکرایە سەعات بۆ هەموو ماڵێک بەستراوە بەڵام کەمتەرخەمییەکی زۆر لە ئیدارەدانیدا هەبووە و دەکرێ ئاوڕی جددی لەو کەرتە بدرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی باری دارایی هاووڵاتییان ئیدارەدانەکەی تۆکمە بکرێت.

