رۆژنامەی ھەولێر

لیژنەی پەرلەمان بۆ چەكدانانی پەكەكەیە یان پرسی چارەسەریی كورد

كارزان گلی – هه‌ولێر

لیژنەیەكی تایبەت كە لە ٥١ ئەندامی پارتە سیاسییەكان پێك هاتووە، بۆ بابەتی پرسی چەكدانانی پەكەكە كۆ بوونەوە و، هەروەها ئەركی لیژنەكە بەدیهێنانی ئاشتییە لە تەواوی توركیادا. بەڵام ئەوەی بووەتە مشتومڕی میدیاكان، ئایە ئەو لیژنەیە بۆ پرسی چارەسەریی كوردە، یان تەنیا چەكدانانی پەكەكەیە؟

ئەگەر سەیری لێدوانەكانی بەرپرسانی توركیا بكەین، وەكوو رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، باس لە چارەسەریی پرسی كورد ناكەن، ئەوان دەڵێن كورد و تورك بران، ئەوەی هەیە، دەبێت توركیایەكی بێتیرۆر بنیاد بنێین.
عەبدولا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، دوای ئەوەی لە ٢٧/٢/٢٠٢٥ لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد، چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، ئەویش باسی لەوە كرد، ئیدی كورد پێویستی بە دەوڵەت و فیدراڵی و حوكمی زاتی نییە، دەبێت لە چوارچێوەی توركیایەكی دیموكراتدا باس لە مافەكانمان بكەین.
بە گوێرەی شرۆڤەی بەشێكی زۆر لە نووسەرانی باكووریی كوردستان، ئەو لیژنەیەی لەناو پەرلەمانی توركیا دروست بووە، تەنیا بۆ بابەتی چەكدانانی پەكەكەیە و هەروەها چەند گۆڕانكارییەكیش لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە كورد دەكرێت، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانە بەو مانایە نییە پرسی كورد چارەسەر دەكرێت.

باران، لە هەژماری خۆی لە پلافۆرمی (یوتوب)، دەڵێت ئەگەر پرسی كورد ئەوە بێت، كە ئۆجەلان و قەندیل دەستیان پێی كردووە، ئەی بۆچی پێشتر ئەوەتان لەگەڵ ئەتاتوركدا نەدەكرد و ئەو هەموو خوێنەش نەدەڕژرا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو لیژنەیەی لەناو پەرلەمانی توركیا دروست بووە، زیاتر بۆ چۆنیەتیی چەكدانانی پەكەكەیە، بەوەی گەریلاكان دوای چەكدانان چییان لێ بكرێت و بەرپرسە باڵاكانیان چارەنووسیان چی لێ دێت و هەروەها، كار دەكرێت بۆ ئەوەی بە یاسا هەزاران زیندانی سیاسی لە توركیا ئازاد بكرێت.
باس لەوەش دەكرێت، گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵدەگیرێت و ئیدی رۆژنامەنووسان و خانەوادەكەی و پارێزەرەكانی بۆیان هەیە بیبینن.
هەروەها كار دەكرێت بۆ ئەوەی كۆتایی بە قەیومكردنی شارەوانییەكانی كورد بهێنرێت لە باكووریی كوردستان.
ئاكەپە و مەهەپە، لە ئامادەكاریدان تا بتوانن دەستووریی توركیا هەموار بكەنەوە، لەوێدا رێگە خۆش دەكەن تا ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم و چوارەمیش خۆی بۆ پۆستی سەركۆماریی توركیا بەربژێر بكاتەوە. چاودێرانی سیاسی داوا دەكەن، دەم پارتی، كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە پەرلەمانی توركیا، فشار بخاتە سەر ئەو دوو پارتە، تا زمانی كوردی لە پاڵ زمانی توركیدا دانی پێدا بنرێت، هەروەها نەتەوەی كوردیش وەكوو نەتەوە حیسابی بۆ بكرێت و لە دەستووردا شوێنی بۆ بكرێتەوە، ئەگەر ئەوە بكرێت، ئەوە سەركەوتنە بۆ كورد.

دەمیرتاش ئازاد دەكرێت؟
بابەتێكی تر كە زۆر باسی لێوە دەكرێت، ئایە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد دەكرێن؟
عەبدولقادر سەلڤی، لە تازەترین وتاریدا كە بۆ رۆژنامەی (حوڕیەت)ـی توركی نووسیوە، هیچ ئومێدێك نادات كە بەم زووانە دەمیرتاش و یەكسەكداغ ئازاد بكرێن.
سەلڤی، كە زۆر لە ئەردۆغانەوە نزیكەوە، لە وتارەكەیدا دەڵێت: “بۆ ئازادبوونی دەمیرتاش، پێویست دەكات یاسای تیرۆر هەموار بكرێتەوە، تا یاسای تیرۆر هەموار نەكرێتەوە، ئازادبوونی ئاسان نابێت.”
ئەگەرچی دەم پارتی، لە یەكەم دانیشتنی ئەو لیژنەیەی بۆ چەكدانانی پەكەكە دروست بووە، داوایان كرد دان بە زمانی كوردیدا بنرێت و رێگە بدرێت كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەرێنیان لە ئەندامەكانی تری لیژنە وەرنەگرت.