رۆژنامەی ھەولێر

دیاردەیەکی ناشارستانی

شێرکۆ حەبیب
بەداخەوە ماوە ماوە گۆێ بیستی هەواڵی کوژرانی کەسانی سیڤیلی بێ تاوان دەبین، کە بەهۆکاری گرژی و لێک تێنەگەیشتن پەنا بۆ چەک دەبەن و کارەساتی نەخوازیاری لێدەکەوێتەوە.
لەم ماوەیەدا چەند حاڵەتی لەو جۆرەی لەو بەنزینخانەکە ڕوویدا بینیمان کە هۆکارەکەی ئەوە نییە ببێتە مایەی لەدەستدانی گیانی هاووڵاتی، تەنانەت ئەگەر گرفت و کێشەش هەبێ یاسا هەیە دادگا هەیە، جا هەر کەس دووچاری گرفت بوو بێ یەک دوو پەنا بۆ چەک ببات و قوربانی لێبکەوێتەوە پێویستمان بەدادگا و یاسا نییە.
ئەم جۆرە کردەوانە ڕووی شارەکە و هەرێم ناشیرین دەکات و دەبێتە هۆی دڵەڕواکێی هاووڵاتیان نەهاتنی گەشتیاران و لەسەرووی هەموویان بوونی چەند بارەگای دیبلۆمات و نێردراوە نێودەوڵەتیەکان کە هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بە ناوچەیەکی نائارام هەژماری بکەن.
دەبێ مەبەست لە بوونی چەک لە بەنزینخانە یا هەر شوێنێکی کارکردنی گشتی یا تایبەتی هاووڵاتی چی بێت و بۆ چی بێت؟ بەتایبەتی ئەو بەنزینخانانە هی خەڵکی خوا پێداون، بوونی چەک لە شوێنی کار کردن ئەوە دەگەیەنێ کەوا وڵات ئارام نییە و بۆ پاراستنی گیانی خۆی چەکدارە، کە ئەمەش دوورە لە ڕاستی، لە سایەی شەونخونی هێزەکان ئاسایش و پۆلیس کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی گەل تەرخانکردوە هەولێر لەو پەری ئارامیدایە، لەوانەیە بڵێن لە زۆر شوێنی وڵاتان تاوانی لەم جۆرە روودەدات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئاسایی بێت لای ئێمەش روو بدات.
لەگەڵ ئەوی وەزارەتی ناوخۆ درێغی نەکردووە لە کارەکانی بەڵام پێویستە زیاتر پشکنین بەدوای چەکی بێ مۆڵەت بکات و ڕێنماییەکان و سزاکان توند تر بکات، و لە شوێنە گشتییەکان چەک قەدەغە بکات.
و ئەو شوێنە گشتیانە پێویستە پشکنینی پسپۆری پزیشکی داوا بکەن لە کارمەندەکان.
ئەو ڕووداوەی پێش چەند ڕۆژێک لەو بەنزینخانە لە سۆشیال میدیا پێش ئەوەی لێکۆڵینەوە تەواو بێت دۆسیەیان بۆ تاوانبار دروست کرد کە تاوانبار دووچاری نەخۆشی دەرونی بووە پێش ماوەیەک لە ژێر چاودێری پزیشکی بووە، ئەگەر وایە چۆن چەک لەبەردەستی دادەنرێت.
ئەگەر ئەم دیاردە سەرجەم لایەنی پەیوەندار چارەسەری نەکەن بارودۆخەکە زیاتر مەترسیدار دەبێت هاووڵاتی لە ژیانی خۆی تووشی مەترسی و دڵەڕاوکێ دەبێت، هەڵگرتنی چەک دیاردەیەکی ناشارستانییە تەنیا بۆ ئەوانەی ئاسایش و پارێزگاری شاریان لە ئەستۆ دایە ڕێگە پێدراوە.
هەروەها پێویستە سنورێک بۆ هەندێ لە دزەگاکانی ڕاگەیاندن دابنرێت نەک پێش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و دادگا بکەون، هەندێکیان پاساو دێنەوە کەوا بەرگری لەخۆی کردووە بەرامبەر کەسێک کە جەستەی بەهێز تر بووە. لە ڕاستیدا دەبێ ئەم کەیسە بۆ پۆلیس و دادگا جێ بهێڵن چونکە زۆر پرسیار هەڵدەگرێ، شێوازی کوشتنەکەی کەسێکی شارەزایە، ئایا تەنیا دوو کەس لەو بەنزینخانە بوون. ئەگەر ئەو چەکە لە شوێنێکی قوفڵدراو بووبێت چۆن توانی بیکاتەوە.
بەهەر حاڵ چەکداری دیاردەیەکی ترسناکە دەبێ ئەو جۆرە کارانە کۆنترۆڵ بکرێت.