ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
گەلەری هونەری یاتكی لە شاری ئۆسترۆڤ مازۆڤێچكی سوپاسی میدیا كوردییەكانی كردووە كە توانیویانە رۆڵێكی گرنگ ببین لە نزیكکردنەوەی كولتووری پۆڵەندا و كوردستان.
ئەو گەلەرییە لە ماڵپەڕی خۆیاندا تیشكیان خستووەتە سەر وتەیەكی هوبێرت بێتلێیڤسكی سەرۆكی شارەوانی ئۆسترۆڤ مازۆڤێچكی كە كاتی كردنەوەی پیشانگایەكەی چواردە خانمەكەی كورد، ئاماژەی بەوە كرد كە مێژووی كورد وەكو مێژووی پۆڵەندییەكانە ئەو كاتەی زیاتر لە سەدوبیست ساڵ تێكۆشان بۆ سەربەخۆیی؛ ناوبراو گوتی: كولتوور و نەریت و ڕێوڕەسمەكان ئەو پایەن كە ڕێگە بە نەتەوەكان دەدەن ناسنامەی خۆیان بپارێزن، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا. هێزی زیاتر دەدەنە بەرگەگرتن و هیوا و باوەڕ دەبەخشنە داهاتوو
ئەو ماڵپەرە دەشڵێت كە ئێمە لەڕادەبەدەر شانازی بەوەوە دەكەین كە ئۆسترۆڤ مازۆڤیچكا بووەتە شوێنێك كە لە میدیای كوردیدا باسی لێوە دەكرێت. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئێمە كە هونەر دەتوانێت پرد لە نێوان كولتوورەكاندا دروست بكات، گەلەری ئێمەش دەتوانێت کەشی گفتوگۆ بێت سەبارەت بە پرسە گرنگ و گشتگیرەكان. خۆشحاڵین كە دەنگی هونەرمەندانی كوردستانیش لە پۆڵەندا دەبیسرێت، ئۆسترۆڤیش لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەكەوێت.

