سۆن هیۆنگ ڕایگەیاند: یانەی تۆتنهام جێ دەهێڵم
یاریزان سۆن هیۆنگ مین، كاپتنی یانەی تۆنهام هۆتسپێری ئینگلیزی، ڕایگەیاند كە ئەم هاوینە ریزەكانی یانەكەی جێ دەهێڵێ، كە 10 ساڵە لە ریزەكانی ئەو یانەیەدا.
ئەو یاریزان و ئەستێرەیەی كۆریای باشوور، لە ساڵی 2015ـدا لە یانەی بایەر لیڤەركوزنەوە چووە یانەی تۆتنهام و 173 گۆڵی لە كۆی 454 یاریدا تۆمار كردووە.
هەروەها كاپتنی یانەكە بوو، كاتێك یانەی تۆتنهام بەسەر یانەی مانچستەر یونایتددا لە یاریی كۆتایی خولی ئەورووپی لە ئایاری ڕابردوودا سەركەوت، ئەوەش دوای 17 ساڵ یەكەم ناسناوی بوو.
سۆنی 33 ساڵان گرێبەستی لەگەڵ یانەی تۆتنهام تا ساڵی 2026 بوو، بەڵام بەم دواییە ناوی بە یانەی لۆس ئەنجلێس ئێف سیی خولی ئەمریكییەوە گرێ درا.
سۆن لە شان راهێنەری نوێی (تۆماس فرانك) وتی: ئەوە سەختترین بڕیاری كاروانی ژیانم بوو.سۆن گوتیشی: وەكوو منداڵێك هاتمە باكووری لەندەن، لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا بووم، نەمدەزانی بە ئینگلیزی قسە بكەم، بەڵام كاتێك یانەكە جێ دەهێڵێم، كەسێكی پێگەیشتووم و ئەوەش شانازییەكی گەورەیە بۆ من.
ئێستە یانەی تۆتنهام لە سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشوورە بۆ كەمپی ئامادەاكری بۆ وەرزی نوێ، كە بڕیارە سۆنیش بە شێوەی سەرەكی بەشداریی یارییەكە دۆستانەكەیان لەگەڵ یانەی نیوكاسڵ بكات، كە ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێ، ئەوەش دەبێتە دوای دەركەوتنی لەگەڵ ئەو یانەیە و لە وڵاتی دایكی دەبێ.
بەڵام تۆماس فرانك، كە لە حوزەیراندا جێی ئینجی پۆستیكۆگلۆی گرتەوە، سۆنی بە ئەفسانەیەكەی ڕاستەقینە ناو برد و بە یەكێك لە گەورەترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێی خولی ئینگلیزییش ناوی هێنا. فرانك وتی: ئەگەر ئەمە دوا یاریی سۆن بێ، چ شوێنێك لەمە باشترە كە لە نێو هاندەرانی وڵاتەكەیدا بێ، ئەوە دەبێتە كۆتاییەكی جوان.
لە 13ی ئابدا، یانەی تۆتنهام لە یاریی جامی سوپەری ئەورووپی، لە 13ی ئابدا ڕووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمان دەبێتەوە، بەڵام گەر تا ئەوكاتە سۆن یانەكەی جێ هێشتبێ، بێگومان بەشداری ناكات.
یانەی ئیتیحاد جەددە وەڵامی دەنگۆی گرێبەستی لەگەڵ ڤینیسۆس دایەوە
یانەی ئیتیحاد جەددە، بە شێوەیەكی كاتی، دەرگەی ئەو باسەی داخست، لەبارەی ئەگەری گرێبەستكردن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریاڵ مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، لە ئارادا بوو.
ڕامۆن پلانیس، بەرپرسی وەرزشیی یانەی ئیتیحاد جەددە، بە ئێزگەی ڕادیۆی ماركای ڕاگەیاند: نە دانوستان، نە گفتوگۆكان لەگەڵ ڤینیسیۆسدا نەكردووە.
سەرەڕای ئەو ڕەتكردنەوە ڕاستەوخۆیە لەبارەی بوونی دانوستانەوە، بەڵام پلانیس دەڵێ: ئاساییە ناوی ڤینی وابەستەی یانەیەكی وا لە خولێكی ناوازە بەو هێز و كاریگەرییەوە بكرێ. چەند ڕاپۆرتێك باسیان لەوە دەكرد، كە ئەو ئەستێرە بەرازیلییە دەچێتە خولی سعوودیە، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە گەورەیەی دەیانەوێ ناوە گەورەكانی تۆپی پێ لە خولی وڵاتەكەیاندا بێ.
پلانێس لە كاتێكی پێشتردا بە ماركای ڕاگەیاندبوو: گرێبەستێكی وا، دەكرێ بە واقیعی سەیر بكرێ و سوودی بۆ هەموو لایەنەكان هەیە.
شایانی باسە، مانەوە یان نەماوەی ڤینیسیۆس، لە نێو یانەی ریاڵ مەدریددا هێشتا جێی مشتومڕە و یەكلا نەكراوەتەوە، كارگێڕیی یانەكە نایانەوێ ئەستێرەیەكی وا لەدەست بدەن.
دواجار، لە 20ی تەمووزدا، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە كە دانوستانی نێوان بریكارانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و یانەی ریاڵ مەدرید، وەستا، ئەوەش دوای ئەوە دێ، لە مانگی دووی ڕابردووەوە، دانوستان و گفتوگۆ، بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، دەستی پێ كردبوو. ئەو كاتە ڤینیسیۆس جۆنیۆر زۆر گەشبین بوو بەوەی لەگەڵ ریاڵ مەدید دەگەنە ڕێككەوتنێكی نوێ لەسەر گرێبەستەكەی، كە لە هاوینی ساڵی 2027ـدا كۆتایی پێ دێت. ڤینیسیۆس جۆنیۆر داوای كرد كە ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆی پێ بدرێ، ئەوەش 5 ملیۆنیۆرۆ زیاترە لەو مووچە ساڵانەیەی كە ئێستە پێی دەدرێ.
هێشتا ڤینی، یەكێكە لەو یاریزانانەی كاریگەریی زۆری لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هەیە و نرخیشی یەكجار زۆرە، یانە گەورەكانیش چاودێریی دەكەن، ڕەنگە بۆندە سعوودییەكەش لە داهاتوودا بگەڕێتەوە، بە تایبەت ئەگەر دانوستانی نێوان ریاڵ و ڤینی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، دەست پێنەكاتەوە.
نزیكانی ڤینی دانیان بەوەدا ناوە، كە ریاڵ مەدرید، ڕێڕەوی دانوستانەكانی لە دەستە و لێ ناگەڕێ زۆر بووەستێ و لە ساڵی 2026ـدا گفتوگۆی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ڤینی، دەست پێ دەكاتەوە.

