سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ یەکشەم سێی ئاب ڕێک یازدە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تێدەپەڕێت و دوای ئەو ماوە درێژە هێشتا زۆرینەی ئێزدییەکان لە ئاوارەییدا دەژین و ژیانیان ئاسایی نەبووەتەوە، حکوومەتی عێراق نەک هیچ شتێکی بۆیان نەکردووە، ئەو بەڵێنانەشی جێبەجێ نەکردووە پێشتر پێی دابوون. ئێزدییەکان بە کردەوە جینۆساید کران بەڵام ئاوڕلێدانەوەیان لە لایەن عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا دروشم بووە و دوای ئەو ماوە درێژە نەک برینەکانیان ساڕێژ نەبووە هێشتا مەترسیی دووبارە جینۆسایدکردنیشیان نەڕەویوەتەوە.
کەمتر لە دوو مانگ دوای ئەوەی داعش مووسڵی گرت و خەلافەتی خۆی ڕاگەیاند ئاراستەی هێرشەکانی بەرەو کوردستان گۆڕی و ڕوویان لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا کرد کە زێدی ئێزدییەکانە و داعش بە پاساوی ئەوەی ئایینەکەیان ئیسلام نییە، بڕیاری کۆمەڵکوژیی ئەو پێکهاتە ڕەسەنە کوردییەیان دا.
بە سەدان هەزار ئێزدی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەشێکیشیان ڕوویان لە چیاکان کرد، بەشێکی تریشیان هیچ دەرەتانیان نەبوو و تیرۆریستانی داعش دەستگیری کردن و بە کۆمەڵ بۆ شوێنی نادیاری گواستنەوە. دەگوترێ هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ئەو هێرشە ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان بە تایبەتی بەساڵاچووەکانیان کۆمەڵکوژ کران.
بەپێی دواین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاو کرایەوە، شەش هەزار و چوارسەد و حەڤدە کوردی ئێزدی کە لە لایەن داعش ڕفێنرابوون، سێ هەزار و پێنجسەد و هەشتا و نۆ کەسیان ڕزگار کراون و هێشتا دوو هەزار و هەشتسەد و بیست و هەشت کەس ماون ڕزگار بکرێن.
ساڵانە ئێزدییەکان لە یادی ئەو ڕۆژە کارەستابارەدا ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر ڕێک دەخەن و لە دوێنێوە یادەکە بە چالاکیی جۆراوجۆر دەستی پێ کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سێی ئاب لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە بچێت. بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش بەو ڕێوڕەسمە هەڵدەستێت کە لە سەعات ١٠ی پێشنیوەڕۆ دەست پێ دەکات.
ئێزدییەکان پێیان وایە ویژدانی مرۆڤایەتی دەرحەق بەو کۆمەڵکوژییەی لە سێی ئابی ٢٠١٤ ڕووی دا مردووە ئەگەرنا دەبوایە کۆمەڵگەی عێراقی و نێودەوڵەتیی مشووری ئەو خەڵکە لێقەوماوەیان خواردبا کە لەم کارەساتەدا ڕزگاریان بوو.
خەمخۆری سەرەکیی ئێزدییەکان لە ماوەی ئەو یازدە ساڵەدا هەرێمی کوردستان بووە. میرحازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان و نوێنەر و پەرلەمانتارانی ئێزدی لە پەیام و لێدوانەکانیاندا کە باسی دۆخی ئێزدییەکان دەکەن دان بەوەدا دەنێن کە خەمخۆری سەرەکییان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و ئێستەیش نێوە نێوە بە هاوکاریی حکوومەت دەستبەسەرکراوانیان لە ژێر دەستی داعش ڕزگار دەکرێن و دەگەڕێنرێنەوە نێو خێزانەکانیان.
حکوومەتی عێراقی کەمتەرخەمییەکی زۆری هەیە سەبارەت بە دۆسیەی ئێزدییەکان، بۆ ئاوارەکان هیچی نەکردووە هەتا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان گرنگترین شت کە بیکردایە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بوو بەڵام نەیکردووە. بەشی زۆری شنگال و خانووی هاووڵاتیانی ئێزدی هەر بە ڕووخاوی ماونەتەوە، بۆیە خەڵک ناگەڕێتەوە شنگال، سەرەڕای نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری، هێزی چەکداری حەشد لەو ناوچانەدا هەن و شنگال بووەتە مەکۆی چەندین میلیشیا و هێشتا ئاسایش و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە نەگەڕاوەتەوە.
بەپێی ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان بەغدا و هەولێردا واژۆ کراوە هیچ هێزێکی چەکدار لە شنگال نامێنێت و دەبێت هێزە چەکدارەکان بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە دەرەوەی گوندەکانی دەوروبەری شنگال جێگیر ببن، هاوکات پەڕاوی ئەمنیی شارەکە ڕادەستی پۆلیسی نێوخۆیی دەکرێت. چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرا هەرچی زووە دۆخی ژیانی ئیزدییەکان ئاسایی بکاتەوە بەڵام ئەوانە هێشتا زۆربەیان لە ناو کەمپەکاندا دەژین و ژمارەیەکی زۆریشیان ئاوارەی وڵاتان بوون و لە ئێستەدا گرنگترین هەنگاو ئەوەیە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە ئاسایی بکرێتەوە و پاشان دروشمەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کردەوە بگۆڕدرێن.

