رۆژنامەی ھەولێر

سیاسەت و تێگەیشتنی هەڵە

شێرکۆ حەبیب
ساتێک سیاسەت بە هەڵە یا بە تێگەیشتنی نادروستی ڕەفتار و پیادە دەکرێت، باجەکەی لەسەر هاووڵاتی قورس دەبێ و وڵات دەخاتە مەترسی و دڵەڕاوکێ، سیاسەت وەک دەڵێن هونەرە و هەموو کەس ئەگەری ئەو هونەر و بەهرە و شارەزاییەی نییە، بۆیە کەسی سیاسەتمەدار دەبێ خاوەن لێکدانەوەی دروست و دوور بین بێت، بەداخەوە عێراق کەسانی سیاسەتمەداری لێ هەڵکەوتووە لە ڕۆژی بونیاد نانی وەک دەوڵەت، بەڵام زۆریان ڕێگا دروست و ڕاستەکەیان پیادە نەکردووە، بەڵکو لە بەرژەوەندی لایانێک یا کاریگەری وڵاتێک چ زلهێزێک یا وڵاتێکی ناوچەیی سیاسەتیان دارشتوە ئەم سیاسەتە چەوتەش عێراقی گەیاندە ئەمرۆ کە پێویستی بە کەسانێکە لەوە بگەن کەوا عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و ئاین و مەزهەبە، تەنانەت ئەو پێکهاتانە بە زۆری بە عێراقیانەوە لکاندووە دوور لە خواستی خۆیان لەسەر بنەمایەکی نا دروست لەسەر بەرژەوەندی زلهێزەکان دامەزراوە.
ماوەیەک پێش ئێستا گوێ بیستی بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بووین، گوتی ئەوەی دژایەتی هەرێمی کوردستان بکات لە هەڵبژاردن دەنگی باش بەدەست دێنێ، بەڕاستی جێگای سەرسووڕمانە کە کوردستان هەرێمکی دەستووریە لە دەوڵەتێکی فیدراڵ ئەوەها ڕەفتاری بەرامبەر بکرێت، بەڵام ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە ئەو بۆ چوونانەی بەرێز محمەد سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە کە بەگوێرەی سۆشیال میدیا گوتویوتی هیچی تر ناتوانم هاوکاری هەرێمی کوردستان بم چونکە هەڵبژاردن لە ئارادایە و خەڵکی ناوەراست و باشوور دەنگم پێ نادەن و ناتوانم داهاتی ئەو شارانە چی تر بدەین بە کوردستان، ئەمە گوتەی سیاسەتمەدارانی عێراقە کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، کە دژی هەموو بەهاکانی مافی مرۆڤ و یاسا و ڕێنماییەکانی هەڵبژاردنە و دەچێتە چوارچیوەی دووبەرەکی و ناکۆکی نێوان هاووڵاتیان، دەبێ بەرێز سودانی ئەو مافە دەستووریەی هەرێم لە بەشە مووچە کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێوازێکی نادەستووری ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت، خێر و سەدەقە و زەکات بێت پێمان دەدات، نازانێ چۆن مووچەی خۆی حەڵاڵ کردووە ئەوە ئەو مافەش بۆ گەلی کوردستان حەڵاڵە، هەرەها دیارە ئاگادار نییە کەوا کوردستان لە شارەکانی ناوەراست و باشوری عێراق دەوڵەمەندترە، بەڵام بەداخەوە لەکاتی ڕژێمی پێشوو داهاتی کوردستان بۆ وێران و کاولکاری، ئەمرۆش بەشێوازێکی دژایەتی دیکە حکوومەتی بەغدا رەفتار دەکات، هەروەها داهاتی باشوری عێراقیش ئاشکرایە چی بەسەر دێت، بەتایبەتی شارێکی وەک بەسرە کە دەوڵەمەندترین شاری جیهانە لە کەمی بێ ئاوی و خزمەتگوزارییەکان دەناڵێنێت. ئەمە هەمووی بۆ داپۆشینی گەندەڵی و کارە نا یاسایەکانیانە.
لەو باوەڕەدانیم هاووڵاتی عێراقی دژی سەقامگیری بارودۆخی کوردستان بن، ڕۆژانە بە سەدان هاووڵاتی ڕوو لە کوردستان دەکەن و بەشێوازێک باسی لێوە دەکەن کە لە وڵاتێکی دیکەبن، ناڵێم ئەوانەی بازرگانی جەنگن و لە ژێر هەژموونی مەزهەب و هێزی دەرەکی ڕەفتار دەکەن دژی کوردستان بن.
لێرە دا بەراوردێک لە نێوان سیاسەتمەداری ئێمە و ئەوان، پێش چەند ساڵ هەندێ گەنج لە هەولێر ویستیان هێرش بکەنە سەر هەندێ لاوی عەرەب، بەڵام کە جەنابی سەرۆک بارزانی بەو بابەتەی زانی گوتی “هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو هاووڵاتیانە هێرشکردنە بۆ سەر من”. ئەمە روانگەی تێگەیشتنی سەرکردەی ئێمەیە، کە هەردەم لە هەوڵی برایەتی وپێکەوە ژیان و ئاشتی دایە.
گەلۆ دەبێ ئەوانەی کە خۆیان ڕادەستی بەغدا کرد لە کاڵفامەکان ئیستا دەبێ چۆن وەڵامی هاووڵاتی کوردستان بدەنەوە کە دەیانگوت پێویستە کوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەر بەغدا، ئەوا بەغدا جیاوازی لە نێوان ئەم و ئەو ناکات.
دەرکەوت کەوا کێ سیاسەتی هەڵەیە و کێ سیاسەتی دروست و ڕەوایە!