وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – ههولێر
بە درێژایی مێژوو، زاناگەلێكی زۆر تەمەنیان بۆ پێشخستنی زانست تەرخان کردووە، بەو هیوایەی بتوانن ژیانی مرۆف باشتر بکەن و ئاسوودەیی و تەندروستیی زیاتر بە کۆمەڵگە ببەخشن، بەڵام زانست بە هەموو شکۆمەندی و تواناكەیەوە هەمیشە تاقە ڕێگەچارە نەبووە و بە خێر نەشكاوەتەوە. هەندێک جار دەستکەوت و داهێنانێک کە دەبوو ڕزگارکەری مرۆڤەکان بێت، بووەتە خۆی ڕوودانی کارەساتێک و وەڕاستگەڕانی خەونی تاریکترین و مەترسیدارترین مێشک. لە کاتی وەهادا، ئاخۆ دەتوانین زانا وەك هاوبەشێكی تاوانەكە تەماشا بكەین؟
ئەلبێرت ئانیشتاین، فیزیکزانی مەزنی سەدەی بیستەم، زیاتر لە هەموو شتێک بە “تیۆری ڕێژەیی” ناسراوە؛ بەڵام بە دەستی ئەنقەست بووبێت یان نا، ناوی تێكەڵ بووە بە یەکێک لە تۆقێنەرین کارەساتەکانی مرۆڤایەتی: بۆردوومانە ئەتۆمییەكەی هیرۆشیما و ناگازاکیی ژاپۆن. ئەگەرچی ئەو ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمدا نەبوو، بەڵام ئەو نامەیەی لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ سەرۆکكۆماری ئەمریکای نووسی، چەخماخەی دەستپێکی پڕۆژەی (مانهاتان ـ Manhattan) بوو.
شانۆنامەی (خیانەتی ئانیشتاین) لە نووسینی (ئیریک ئیمانوێڵ ئیشمەیت)، گێڕانەوەیەکی ژیرانە و مرۆڤانە لەم ڕووداوە ئاڵۆزە دەخاتە ڕوو. بەرهەمێکی درەوشاوە کە بە زمانێکی سادە بەڵام کاریگەر، دەمانخاتە نێو گومانە ئەخلاقی و قەیران ویژدانییەكانی دەستەبژێرێكەوە كە ئەویش ئەنیشتاینە.
تیلەچاوێك لە شانۆنامەی خیانەتی ئانیشتاین
ئالبێرت ئەنیشتاین، لە تەنیاییەكانی پیریدا، لە ڕۆخ گۆلاوێک لە نیوجێرسی، پیاوێکی قەلەندەر و وێڵگەرد ئەناسێت؛ پیاوێک کە ڕابردووەكەی نهێناوی و زمانی تیژ و قسە ڕەقە. ئەم دوو پیاوە کە بە ڕووكار هیچیان لێك ناچێت و هیچ خاڵێكی هاوبەشیان نییە، یەکێکیان دەستەبژێرێكی جیهانییە و ئەوی دیکەشیان مرۆڤێکی تارێنراو لە کۆمەڵگە، بەڵام بە هۆی تەنیایی و پیری و گومان و پەشیمانییەوە دەبنە هاوڕێی یەكتری و نهێنی و ڕازە گەورەکانیان بۆ یەكتری ئاشكرا و باس دەكەن.
لە نێو ئەم هاوڕێیەتییە نائاساییەدا، پەردە لەسەر قەیرانێکی گەورە هەڵدەماڵرێت: ددانپێدانانی ئەنیشتاین بەوەی کە ئەو نامەیەی بۆ ڕۆزفێڵتی سەرۆکكۆماری ئەمریکای نووسیوە، بووەتە دەستپێکەری پڕۆژەیەک کە بە کارەساتی بۆمبی ئەتۆم ناو دەبرێت. شانۆنامەکە، بە باز و یاریكردن لە نێوان ساڵانی ١٩٣٤ بۆ ١٩٥٥، پەیوەندی ئەم دوو پیاوە پەرە پێدەدات؛ پەیوەندییەک کە لە هەناوی خۆیدا پرسیارگەلی قووڵی لەبارەی زانست، ئەخلاق، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەڵگرتووە.
ئایا زانا دەبێت وەڵامدەری دەرەنجامە سیاسی و سەربازییەکانی داهێنان و دۆزینەوەکانی بێت؟ ئایا زانست دەتوانێت بێلایەن بمێنێتەوە کاتێک جیهان لە ئاگری جەنگدا دەسووتێت؟
ئیشمەیت لەم شانۆنامەیەدا بە بەزمەساتە تاڵ و دیالۆگە کاریگەرەكانیەوە، سنووری نێوان دەستەبژێری و پەشیمانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. (خیانەتی ئەنیشتاین)، چیرۆکی خیانەت نییە؛ چیرۆکی مرۆڤە؛ مرۆڤێک کە تووشی پرسیارە بێکۆتاكانی ویژدانی خۆیەتی و دوای تێپەڕینی چەندین ساڵان هێشتا نازانێت ئەوەی لە دووڕیانی ئاشتیخوازی و پێشگرتن لە کارەساتێکی خراپتر هەڵیبژاردووە، کارێکی درووست بووە یان نا.
ئەمە بەشێكە لە دیالۆگی نێوان ئەنیشتاین و پیاوە قەلەندەرەكە:
قەلەندەر: بیرتانە کە چەند ساڵ لەمەوبەر ڕۆژێکیان توڕە ببووم، چونکە دەترسام لەوەی ئێوە زاناکان چەکی زۆر بەهێز دروست بکەن؟ لە ڕاستیدا دەبێت ددانی پێدا بنێم کە ئێستا ڕوانگەم گۆڕاوە. ترس پشتیوانیمان لێ دەکات. شەڕێکی ناوەكی و ئەتۆمی، دۆزەخێكی وەها كارەساتبار دروست دەکات کە دەسەڵاتداران ناچار دەكات بەر لەو شەڕە لەگەڵ یەکتری دانوستان بکەن. ئێمە دەگەینە ئاشتی، چونکە هەمووان لە ترسان میز بە خۆیاندا دەكەن.
ئەنیشتاین: ئاشتی، ئەو ناوەیە کە لەسەر ئەم تۆقینەی دادەنێن؟
قەلەندەر: ئاشتی ئەتۆمی.
ئەنیشتاین: من خەباتم کردم لە پێناو ئەوەی لە شەڕ دوور بكەوینەوە و ئەمەش ئەنجامەکەیەتی، ئاشتییەک کە ناوی جەنگی ساردە! ئاشتی هەمیشەیی بە هاوكاری ترسی هەمیشەیی (1).
بەزمەسات و مەرگەسات لە تەنیشت یەكتری:
ئەگەرچی شانۆنامەی (خیانەتی ئەنیشتاین) لەبارەی یەکێک لە جدیترین قەیرانەکانی سەدەی بیستەمە، بەڵام ئاوازی ئەم شانۆنامەیە بە هیچ شێوەیەک وشک و ماندووكەر نییە. ئیشمەیت بە شارەزایەکی تایبەتەوە، تەنز و بەزمەساتتە جوان و کاریگەرەكانی خستووەتە نێو دیالۆگەکانیەوە کە نە تەنیا ماندوویەتی بینەر لادەبەن، بەڵکوو درك و تێگەیشتنێکی قووڵتری دەدەنی لەسەر هەڵكەوتەی كەسایەتییەكانی نێو شانۆگەرییەكە.
ئەم تەنزە، زیاتر لە لایەن پیاوە قەلەندەرەكەوە دەخرێنە نێو گفتوگۆکەوە؛ پیاوێک کە پێچەوانەی ڕووخسارە تێكشکاوەکەی، هەندێک جار زیرەکتر و وردبینترە لە خودی ئەنیشتاین. ئەو وەک نوێنەری خەڵکی ئاسایی کە بوونەتە قوربانی بڕیارەکانی سیاسەتڤانەكان، دەنگێکی جیاوازتر دەبەخشێتە دەقە شانۆییەكە.
هۆشیاری و بەرپرسیاریەتییەكەی؛ قەیرانی ویژدانی دەستەبژێرێك:
لە بەشەکانی شانۆنامەکەدا، ئەنیشتاین بە ئاشکرا هەست بە تاوان دەكات بەرامبەر بەو ڕۆڵەی كە لە کارەساتی بۆردومانكردنی هیرۆشیما هەیبووە، ئەگەرچی ئەو ڕاستەوخۆ بەشدار نەبووە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا، بەڵام وەک ئەوەی کە ڕێگەکەی خۆش کردووە، هەمیشە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە: “ئەگەر ئەو نامەیەم نەنووسیبا، چ دەبوو؟”
ئیشمەیت بە خۆدانە قەرەی ئەم پرسیارە، زانست نەک وەک دیاردەیەکی بێلایەن، بەڵکوو وەک خاوەن دەرەنجامە ئەخلاقییەکان تەماشا دەكات. تەنانەت دەستەبژێرێكی وەک ئەنیشتاینیش ناتوانێت لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەكانی زانست ڕابکات. لێرەدا، “خیانەت” تەنیا خیانەت نییە لە ئاشتی؛ لەوانەیە خیانەت بێت لە ویژدانی کەسی، لە زانست، و تەنانەت لە ئایندەیەكیش کە چیتر ناتوانرێت بگۆڕدرێت.
ئەمەش بەشێكی دیكەیە لە وتووێژی نێوان ئەنیشتاین و قەلەندەرەكە:
قەلەندەر: چ هەواڵێکی باش!
ئەنیشتاین: ببورە؟
قەلەندەر: دڵخۆشم كە بە بەرەکەتی ئێوە، ئەمریکا بە زوویی دەستی بەم چەکە گرنگە دەگات!
ئەنیشتاین: خۆ من ئەم کارەم بۆ ئەمریکا ناکەم، بەڵکوو ئۆپەراسیۆنی دژەهیتلەرە. ئەگەر ئەم بۆمبە یۆرانیۆمە بکەوێتە دەست فاشیستەکان، شارستانیەت لەنێو دەچێت. من بەرگری لە تێهزرینێك، جیهانێک، کەلتوورێک دەکەم نەک لە وڵات و حکومەتێک (2).
دوو کەسایەتی لەگەڵ یەكێك، دیمەنێك بە فراوانی هەموو دنیا
ئەم شانۆنامەیە تەنیا سێ ئەکتەری هەیە: ئەنیشتاین، پیاوە قەلەندەرەكە و ئەفسەرێكی هەواڵگری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەمەندییە هزری و سۆزدارییەكەی هێندە باڵا و گەورەیە كە هەر هەست بە نەبوونی كەسایەتی دیكەی لاوەكی ناكرێت! هەموو ڕووداوەکانی شانۆگەرییەكە، لە فەزای ڕۆخ گۆلاوەکە ڕوودەدەن؛ بەڵام زەین و بیری بینەر بەردەوام لە نێوان زەمەن و شوێنە جیاوازەكان و قەیرانە جیهانییەکاندا لە هاتنوچوونە.
لە شوێنگەلی جیاوازی ئەم شانۆگەرییە، زۆرجار فەزایەکی مینیماڵیستی هەڵبژێردراوە تا قورسی و بەهێزی گفتوگۆکان زیاتر خۆی نیشان بدات. بینەر سەرقاڵی دیالۆگەکان دەكرێت، نەک دیكۆر و ستەیج و ئەم وردبینییەش ئەنجامبەخشە.
بۆچی پێویستە (خیانەتی ئەنیشتاین) بخوێنینەوە؟
ئەم بەرهەمە تەنیا لەبارەی ئەنیشتاینەوە نییە؛ بەڵكو لەبارەی هەموومانەوەیە. لەبارەی مرۆڤی ئەمڕۆ، و ئەو بەرپرسیاریەتییانەی کە بەرامبەر بە زانین، هەڵبژاردن و تەنانەت بێدەنگی خۆشمان هەمانە. خوێندنەوەی ئەم شانۆگەرییە، پێنشیار دەكەین بە ئارەزوومەندانی شانۆی فەلسەفی، ئارەزوومەندانی زانست و ئەخلاق، و ئەوانەی کە بەدوای دیدێكی جیاوازەوەن لە مێژووی سەدەی بیستەم.
پەخشانەكەی ئەم بەرهەمە، سادە بەڵام لێوڕێژە لە واتا. ئەگەر لەو بینەر و خوێنەرانەن کە چێژ لە دیالۆگی درێژ بەڵام واتادار و شانۆگەرییە لێوڕێژ لە مشتومڕە دەروونییەكانی كەسایەتییەكان وەردەگرن، پێویستە ئەم شانۆنامەیە بخوێننەوە و دەكرێت یەکێک لە هەڵبژاردنە درەوشاوەکانتان بێت.
ئیریک ئیمانوێڵ ئیشمەیت كێیە؟
ئیریک ئیمانوێڵ ئیشمەیت، نووسەر و شانۆنامەنووس و فیلمنامەنووس و دەرهێنەری بەلجیکی ـ فەڕەنسییە و یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی ئەدەبیاتی هاوچەرخ. ئیشمەیت، لە ساڵی ١٩٦٠ لە فەڕەنسا لەدایک بووە و لە بواری فەلسەفە دکتۆرای بەدەست هێناوە. دەستڕۆیشتووییەكەی لەسەر فەلسەفە، بەتایبەتی لە بەرهەمە شانۆیەکان، درەوشاوەیە.
ئیشمەیت سەرەتا لە زانکۆدا وانەی دەوتەوە، بەڵام بە هۆی سەرکەوتنی بەرچاوی یەکەمین شانۆنامەی، بە خێرایی ڕێڕەوی پیشەییەکەی بەرەو نووسین و ئەفڕاندنی بەرهەمی شانۆیی دیكە گۆڕی.
شانۆنامەکانی ئیشمەیت، تێکەڵن لە بیری فەلسەفی، تەنز و بەزمەسات، و پەیوەندیە مرۆییەكان و بە هۆی زمانە سادە بەڵام قووڵەكەیەوە هەم بینەری گشتی و هەم تایبەتی هەیە. یەکێک لە ناسراوترین بەرهەمەکانی ئیشمەیت، (خیانەتی ئەنیشتاین ـ La Trahison d’Einstein)ـە کە تیایدا دیدێكی ئینسانی، ئەخلاقی و ئاڵۆز لەسەر کەسایەتی ئالبێرت ئەنیشتاین بەتایبەت لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی دووەم دەخاتە ڕوو.
لە بەرهەمە ناسراوەکانی دیکەی ئیشمەیت، دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین:
ـ وردە تاوانەکانی هاوسەرگیری
ـ ئەشقلەرزە
ـ ئەگەر لە سەرەتاوە دەست پێ بکەینەوە
ـ ئاوازی نهێنی و میوانی نەخوازراو
ئیشمەیت لە بواری ڕۆمان نووسینیشدا سەرکەوتووانە کاری کردووە و ڕۆمانگەلی سەركەوتووی هەیە وەك:
ـ ئۆسکار و خاتوونی پەمەیی
ـ کاتێک کە بەرهەمێکی هونەری بووم
ئیشمەیت تا ئێستا چەندین خەڵاتی وەک خەڵاتی مۆلێری فەڕەنسای بەدەست هێناوە و بەرهەمەکانیشی چەندین جار لە فێستیڤاڵە گەورەكانی دونیا ڕێزیان لێ نراوە.
لە نێو كوردیشدا چەندین بەرهەمی وەرگێڕدراوەتە سەر كوردی، یەكێكیان بەندە كردوومەتە كوردی بە ناوی (ئینجیلەكانی من).
ئیشمەیت. نووسەرێکە کە توانیویەتی فەلسەفە لە چوارچێوەیەكی شانۆیی، ئینسانی و وەها سادە كە جێگەی تێگەیشتن بێت، بخاتە نێو ژیانی ڕۆژانەمانەوە،
سەرچاوە: ئاڤانگارد

