هەرێمی کوردستان بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافی و پێگە مێژووییەکەیەوە بە شوێنێکی گرنگی جیهان دادەنرێت لە دەوڵەمەندی بە ناوچە شوێنەوارییەکان کە ڕۆژانە تیمەکانی شوێنەوارناسی لە لێکۆڵینەوەدان بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری نوێ و حکوومەتیش گرنگی تەواوی بەم بوارە داوە و ئێستا کوردستان خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیەتی لەم بوارەدا کە لە پەرلەمانەوە پەسەند کراوە.
بە پێی بەدواداچوونەکان، بەڕێوبەرایەتی گشتیی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام بە هاوبەشی لەگەڵ تیمە بیانییەكان كاردەكەن، تا سەرەتای ئەمساڵ نزیكەی 25 تیم لە سەرتاسەری هەرێم لەمانگی 4 تا 11 كاردەكەن كە هی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا و ژاپۆنن ئەوەش بەرەو پێشچونێکی گەورەیە لە ئاستی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی کوردستان و ئەو بایەخەی ئێستا هەستی پێدەکرێت لەم بوارەدا بێ وێنەیە، ئەمەش وایكردووە هەرێمی کوردستان بچێتە سەر نەخشەی جیهانیی كەلەپوور و شوێنەوار، بە تایبەتی لەماوەی 10 ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 تیمی شوێنەواری كاریان كردووە و چەندین راپۆرتی زانستی گرنگیان لەسەر نووسیوە . بە پێی زانیارییەکان تائێستا نزیکەی 50 % ناوچەكانی هەرێم پشكنینی شوێنەوارییان بۆ كراوە و نزیکەی ٨ هەزار شوێنی شوێنەواری تۆمار کراوە و ئەگەر پرۆسەی گەڕان و پشکنین بگاتە تەواوی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکرێت ئەو ناوچە شوێنەواریانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن ١٠ هەزار شوێن تێپەڕێنێت.
بەهۆی زۆری ناوچە شوێنەوارییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاسان نییە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت کۆنتڕۆڵی پاراستن و نۆژەنکردنەوە و بایەخی تەواوەتی بە هەموو ناوچەکان بدات و لەم بارەیەوە چەند فەرمانبەرێکی بەڕێوبەرایەتی شوێنەوارناسی باس لەوە دەکەن، ناكرێت نزیکەی ٨ هەزار شوێنی شوێنەواریی دیواری بۆ دروست بکرێت و پاسەوانی بۆ دابنرێت، هەوڵدراوە لەگەڵ خەڵكی لادێکان، قەزا و ناحیەكان هەماهەنگی بکرێت بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان و هۆشیاری و ڕۆشنبیری خەڵکی زیاد بکەن لەو بارەیەوە، هەرچەندە لەساڵی 2012 بڕیاری دروستكردنی فەوجێكی پۆلیسی شوێنەواریی دەركراوە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان، بەڵام وەک باسی لێوە دەکەن بەهۆی قەیرانی دارایی و فشارە ئابورییەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئەوە جێبەجێ نەكراوە. بەڵام یاساکان لە بارەیەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن و بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستات، هەركەسێك لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر شوێنەوارێک دەستگیر کرا بەپێی یاسای شوێنەوار و كەلەپوور سزا دەدرێت، بە پێی ئامارەکانیش لەساڵی 2023 دا 28 كەیسی دزین و زیادەڕۆیی كردن لەسەر شوێنەوار هەبووە و کەسەکان دەستگیر کراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
شانەدەر وەک شوێنەوارێکی جیهانی
یەکێک لەو دۆزینەوە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان کراوە، دۆزینەوەکانی ئەشکەوتی شانەدەرە. دکتۆر ئێما پۆمەرۆی- ئەو شوێنەوارناسەیە کاری لە دۆزینەوەی کەللـە سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت؛ دۆزینەوەی ئەو ئێسکەپەیکەرەی ئەشکەوتی شانەدەر دەگەڕێتەوە بۆ ٧٥ هەزار ساە پێش ئێستا. ئەو دۆزینەوەیە دەنگدانەوەیەکی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و چەندین تیمی زانستیی جیهانی لێکۆڵینەوەیان تیایدا کردووە و ئێستاش هەر بەردەوامن. هەر لەبارەی ئەو دۆزراوەیەشەوە فیلمێک لەلایەن بەشی مێژووی سرووشتی “بی بی سی” بەرهەم هاتووە. بەڵگەفیلمەکە بیرۆکەکەی هی “بی بی سی” بووە و ئەوان کارەکەیان کردووە و پێشکەشی نێتفلێکسان کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەو دۆزینەوە گرنگ و جیهانیەی ئەشکەوتی شانەدەر هەر زوو هاتە سەر خەت و لە ڕێگەی لایەنە پەیوەنددارەکانییەوە چەندین پلانی لەسەر داناوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی شوێنەواری سۆران کە ئەشکەوتەکەی لێیە، باس لەوە دەکات، تیمێکی زانکۆی کامبریج ساڵانە، لە سەرەتای مانگی نیسان دێنە هەرێمی کوردستان، کاری کنین و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر دەکەن و تا مانگی ئەیلوول دەمێننەوە. لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا، لە ئەنجامی کاری کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن شوێنەوارناسە ناوخۆیی و جیهانییەکان، چەندان پارچەی شوێنەواری دۆزراونەتەوە، دواییانیان ئێسکەپەیکەری ‘شانەدەر Z’ بوو.”
یەکێک لە پلانەکانی حکوومەت، کردنەوەی مۆزەخانەیەکی هاوچەرخە لە نزیکی ئەشکەوتەکە و لەو ڕێگایەوە هانی گەشتیارانی جیهان بدات ئاشنای کوردستان و مێژوو کلتوورەکەی بن و لە لایەکی دیکەشەوە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی توێژینەوەی زانستی بۆ نێوەندە نێودەوڵەتییەکان.
ئهشكهوتی شانهدهر دهكهوێته چیای “برادۆست”ی سهر به شارۆكهی مێرگهسۆر كه به دووری 145كم دهكهوێته ئهوپهڕی باكوری ڕۆژههڵاتی شاری ههولێر، له ڕۆژئاوای ئهم ئهشكهوته زێی گهوره ههیه كه به 3 كم لێی دووره، له ڕۆژههڵاتیشی مێرگهسۆر ههیه، له باشوری رۆژههڵاتی دێی شانهدهره كه 4كم لێی دووره، 42 كم له خهلیفانهوه دووره، 822م له ئاستی ڕووی دهریاوه بهرزه.

