سلێمان تاشان – ههولێر
وشکەساڵییەک بەربینگی عێراقی گرتووە کە لە نەوەد و دوو ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و هەڕەشە لە ملیۆنان جووتیار و ئاژەڵداری وڵاتەکە دەکات، دابەزینی لەڕادەبەدەری ئاوی دیجلە و فورات لە لایەک و بێتوانایی دەوڵەت لە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نەبوونی هیچ پلانێکی زانستیانە بۆ ئیدارەدانی ئاو بە گرنگترین هۆکاری ئەو قەیرانە هەژمار دەکرێن، ئەمەش کاردانەوەی خراپی بەدواوە بووە و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە پارێزگاکانی عێراق دەستی پێ کردووە.
عێراق وەک دەوڵەت ئەوەندە لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و ناکارامەیی نوقم بووە کە پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵاتی لەبیر کردووە، کێشەکان هیی ساڵانێکی زۆرن و بەسەریەکدا کەڵەکە بوون و بوونەتە قەیرانێک کە چارەسەرکردنیان کارێکی ئاسان نییە.
وەزارەتی ئاوی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە ئەمساڵ بە وشکترین ساڵی عێراق لەوەتەی ساڵی ١٩٣٣ هەژمار دەکرێت و تێکڕای ئەو ئاوەی دەڕژێتە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بیست و حەوت لەسەدا کەمی کردووە. کۆی ئەو ئاوەی لە بەنداوەکان گل دراوەتەوە تەنیا لەسەدا هەشتی توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکانە و لەم ڕووەوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پەنجا و حەوت لەسەد لە کورتێی داوە.
وەزارەتەکە هۆشداری داوە لەو قەیرانەی تووشی عێراق بووە و ڕوونی کردووەتەوە کە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی پشکی شێریان پێ دەبڕێت و تەنانەت گوتوویەتی ئەگەر وڵاتە باڵادەستەکان لە پرسی ئاو کە مەبەستی تورکیا و ئێرانە، هاوکاری نەکەن ئەوا ئاسایشی ئاو لە عێراق بە تەواوی دەخەنە مەترسییەوە.
داوا لە تەواوی لایەن و دامەزراوەکانی عێراق کراوە هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بە هەر ڕێکارێک وڵاتانی دراوسێ ناچار بکەن قەبارەیەکی زیاتر لە ئاو بەربدەنەوە بۆ ئەوەی لە کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لەسەر کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و ژینگە و ئاژەڵداری لە عێراق کەم ببێتەوە.
کەمیی ئاو وای کردووە خەڵک بە تایبەت جووتیاران و ئاژەڵداران بێنە سەر شەقامەکان و نارەزایەتی لە دژی حکوومەتی عێراق دەرببڕن، ڕۆژی هەینی خەڵکی شارۆچکەی موجریە لە پارێزگای بابل کە کەوتووەتە باشووری عێراق بۆ دووەم جار خۆپێشاندانیان کرد چونکە ئاوی ڕووباری موجریە وشکی کردووە، ڕووبارەکە بە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی شارۆچکەکە هەژمار دەکرێت.
هاووڵاتییان دەڵێن وشکبوونی ڕووبارەکە لە ڕاستیدا کۆتاییهاتنی ژیانە لەو شارۆچکەکە و بۆیەش هەڕەشەیان کردووە تا ئەو دۆخەیان بۆ چارەسەر دەکرێت ئەوا لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبن.
جگە لە بابل لە پارێزگاکانی میسان، دیوانیە، زیقار، دیالە و چەندان شوێنی تر خۆپێشاندان ڕوی داوە و لە هەندێک شوێن خەڵک ڕێگا سەرەکییەکانیان داخستوون بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر دەسەڵات بەڵکوو ئاوڕێکیان لێ بداتەوە.
کێشەکە تەنیا کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نییە بەڵکوو خەڵک تەنانەت ئاوی خواردنەوەیان پێ دابین ناکرێت، ئاوی خواردنەوەی ئەو شوێنانە هەر لە ڕووبارەکان دابین دەکرێت دوای ئەوەی بە پڕۆسەیەک دەپاڵێورێت بەڵام کێشە لەوەدایە ئەگەر ڕووبار خۆی ئاوی تێدانەبێت چۆن دەکرێ ئاوێک بپاڵێورێت.
موزر کورەوی نوێنەری دیالە لە پەرلەمانی عێراق داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی عێراقی کردووە بە تایبەتی دوای ئەو بەیاننامەیەی کە وەزارەتی ئاوی عێراق بڵاوی کردەوە و بە پێویستی زانی مشووری ئەو دۆخە بخورێت.
ئەو داوای کردووە بەر لەوەی قەیرانەکە گەورەتر ببێتەوە چارەسەریی بەپەلەی بۆ بکرێت و دەکرێ دەستەیەکی باڵا دابمەزرێت و بەپەلە هەندێک ڕێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکە بگرێتە بەر.
داوا کراوە لە تەواوی کەرتەکانی ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و ئاوی خورادنەوە و بواری پڕۆژەکانی وبەبەرهێنان چاکسازی بکرێت، بەنداوی نوێ بنیات بنرێن و حکوومەتی عێراق کارێک بکات ئەو قەیرانەکە قەیرانی گەورەتری بەدواوە نەبێت.
ماوەی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەسرا پڕۆژەیەکی کردەوە کە تایبەتە پاڵاوتن و ئامادەکردنی ئاوی سوێری دەریا بۆ خواردنەوە و دیار نییە ئەو پڕۆژەیە کەی دەتوانێت فریای ئەو شوێنانە بکەوێت کە ئاوی خواردنەوەیان نییە.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاو دادەنرێن بەربینگی وڵاتانی تری جیهانیشی گرتووە جیاوازییەکە لەگەڵ عێراق ئەوەیە ئەوان بە کارامەیی و ئیدارەدانی ئاو و گرتنەبەری ڕێکاری زانستی بۆ دابینکردنی ئاو ڕووبەڕووی قەیرانەکە بوونەتەوە، بەڵام لە عێراق هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

