هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی یانەی دهۆک بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی جامی عێڕاق لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و واژوی لەگەڵ چەند یاریزانێکی تر کردووە، لەلایەکی تر هەریەک لە یاریزانان ئەمیر ئیسماعیل و دلێر حاتەمە نزیکن بۆ ئەم وەرزەیش لە خولی نایابی عێڕاق یاری بکەن و گرێبەستی نوێ واژۆ بکەن.
دهۆک بەردەوامە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانان
بە فەرمی یانەی دهۆک بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی ئاکۆ عوزێری یاریزانی ناوەڕاستکاری نوێکردەوە، یانەی دهۆک لەپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە” لە دڵی هەولێرەوە بۆ گیانی دهۆک، ئاکۆ عوزێر بۆ وەرزی چوارەم لە گەڵ دهۆکە، وەفاداری سنور نازانێت بەڵکو ڕەگی درێس لە بەردەکات، ئاکۆ لە هێڵی ناوەراست یاریدەکات و چوار ساڵ پێش ئێستا لە یانەی برایەتیەوە چووە یانەی دهۆک پێشو تریش یاری بۆ یانەی هەندرێن کردووە لە خولی نایابی کوردستان.
جگە لە ئاکۆ عوزێر، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵۆیەکانی چیا، گرێبەستی کاپتنی یانەکە و یاریزانی کۆدیڤواری یانیک زاکیریشی نوێکردەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەحمەد عەلی برای یاریزان زانا عەلیش گرێبەستی لەگەڵ درێس زەردەکان واژۆ کرد.
خولی ژێر ٢٠ ساڵان دواخرا
بەهۆکاری بەرزی پلەکانی گەرما لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان دواخرا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە ئاگاداریەکدا نوسیویەتی: بە هۆی پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لە پێناو سەلامەتی یاریزانەکانەکان و هەمووان ، بڕیاردرا بە دواخستنی یارییەکانی گەڕی ٨ـی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان بۆ رۆژی پێنج شەممە.
ئەمیر ئیسماعیل دەچێتە گازی باکوور
بەرگریکاری پێشووی موسڵ، ئەمیر ئیسماعیل پەیوەندی بە یانەی گازی باکوورەوە دەکات
لە لێدوانێکی تایبەتدا “ئەمیر ڕۆژبەیانی بەرگریکاری پێشووی یانەی موسڵ گووتی: دوای ئەوەی پەیوەندیم بە یانەی موسڵەوە نەما، لەلایەن چەند یانەیەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق و خولی نایابی عێراق پەیوەندیم پێوە کراوە، وەکو یانەکانی ئەمانەی بەغدا و روومادی و گازی باکوور، بەڵام نزیکترین یانە کە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەم، یانەی گازی باکوورە، قسەم لەگەڵ ڕاهێنەری یانەکە کردووە و تەنیا لەسەر بڕی پارەکە ماوە، ئەمیر ئیسماعیل وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یانەی موسڵ سەرکەوت بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق.
دلێر حاتەم گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە
دوای وەرزێک یاریکردن لە یانەی ناسریە دلێر حاتەم نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، بەپێی سەرچاوەکان ئەو گۆڵپارێزەی شاری هەولێر ئۆفەری یاریکردنی لە چەند یانەیەک پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەرزی ڕابردوو دلێر لەگەڵ ناسریە بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتووە، کارگێری ئەو یانەیە دەیانەوێ گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە، سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەیش کرد ئەو گۆڵپارێزە خۆیشی ئۆفەرەکەی ناسریە بەلاوە گونجاوە، بۆیە نزیکە لەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
دلێر حاتەم جگە لە یانەی ناسریە، یاری بۆ یانەکانی هەولێر، هەندرێن، زێرەڤانی، سیروانی نوێ، پێشمەرگەی هەولێر و چەند یانەیەکی تر کردووە.
ئەبو حەشیش ماڵئاوایی لە یانەی زاخۆ كرد
بەرگریكارە ئوردنییەكەی یانەی زاخۆ بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە هەژماری فەرمی خۆی رۆیشتنی لە یانەی زاخۆ راگەیاند، ئەمەش لە كاتێكدا بوو، زاخۆ زۆر نزیك بوو لە نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە پیشەگەرە.
محەمەد ئەبو حەشیش دوای تێپەڕبوونی وەرزێك یانەی زاخۆی جێهێشت و لە پەیامێكدا نووسیویەتی: ماڵئاوا یانە رێزدارەكە، زۆرجار ناتوانم بە وشەكان هەستەكانم دەرببڕم، لەگەڵ زاخۆ سەركەوتووبووین لە دروستكردنی ناوی تیپەكە لەنێو گەورەكانی عێراق، زۆریش لە بردنەوەی جام و نازناوی خولی ئەستێرەكانی عێراق نزیك بووین، ئەمڕۆ چاوەڕێی تەحەدا و گەشتێكی نوێم كە لە بتوانم لە بەرزترین ئاست بمێنمەوە، گەورەترین هیوای من یاریكردن لە مۆندیالی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوردن.
چارەنووسی 3 ئەستێرەی كورد لەگەڵ ناسریە
هەردی سیامەند، سەفەر سلێمان و هەرێم تەحسین، 3 یاریزانی دیكەی كوردن وەرزی رابردوو لە خولی نایابی عێراق یارییان بۆ یانەی ناسریە كرد، ئێستا كارگێری یانەكە لە هەوڵدایە ئەو 3 یاریزانە كوردە بۆ وەرزی داهاتوو بهێڵێتەوە، بەڵام ئەوان بە مەرجی زیاد كردنی مووچەكانیان لە ناسریە دەمێننەوە، ئێوارەی شەممە لە شاری ناسریە كۆبوونەتەوە و ئۆفەرە نوێیەكەی ناسرییەیان رەتكردەوە، چەندان یانەی دیكەی خولی نایابی عێراق بۆ گواستنەوەی ئەو 3 یاریزانە لەسەرهێڵن، بەتایبەتی هەرێم تەحسین لە یانەكانی یانەكانی موسڵ، فەهد و رومادی ئۆفەری پێگەیشتووە.

