رۆژنامەی ھەولێر

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری کەوتە خوارەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 05:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ خۆشبەختانە درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تەممووزی 2025، دژە تیرۆری کوردستان لە دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازدا ڕایگەیاند، لە ماوەی کاتژمێر 06:00 بۆ 07:14 خولەکی بەیانیی  لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کراوەتە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی یەکەمی دژەتیرۆری کوردستان “بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.”

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “هەروەها لە کاتژمێر 7:00 لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.”

چەند خولەکێک دواتر، دژەتیرۆری کوردستان، لە دووەم ڕاگەیەنراویدا ڕایگەیاند ” کاتژمێر 07:14 خولەک، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریکی لە باعەدرێ، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.”