رۆژنامەی ھەولێر

خانمە هونەرمەند نەرمین قادر، بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەوە دەناڵێنێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

خانمە هونەرمەندی بەتوانای كورد، نەرمین قادر بە دەست شێرپەنجەی مەمكەو لە دۆخێكی خراپدایە، هەرچەندە دوو نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام دەبێت نەشتەرگەرییەكی دیكەشی بۆ بكرێت.

خاتوو نەرمین قادر، یەكێكە لە ژنە ئەكتەرە بەتواناكانی كورد كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی هونەری كوردی كردووە بەتایبەتیش لە بەرنامەی بەرنامە، بەڵام چەند ساڵێكە تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە و بە تەواوی تەنگی پێهەڵچنیوە.
لۆلان ئازاد، كچی نەرمین قادر رایگەیاندووە، تائێستا لە شاری بەغداد دووجار نەشتەرگەری شێرپەنجەی بۆ دایكی كراوە و دەبێت بۆ جارێكی دیكەش ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ بكرێتەوە، هەموو تێچووەكانیش لە ئەستۆی خۆیان بووە.
لۆلان دەڵێت “بەهۆی بارگرانی دارایی و قەیرانی ئابوری و مووچەی هەرێم، خێزانەكەی ئیمەش بێبەش نەبووە لەم دۆخە قورسەی كە ئەمڕۆ كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبیت، سەرباری ئەوەش دایكم نەخۆشی شێرپەنجەی مەمكی پلە چوارە، پرۆسێسی چارەخوازییەكەشی نرخێكی خەیاڵی ئەوێت”.
كچەكەی نەرمین قادر گلەیی لە حكوومەتی هەرێمە كە وەكوو پێداویست هاوكاری دایكیان نەكردووە و وتویەتی “باسی ئەزموون و شۆڕش و مێژووی خەباتی هونەری دایكم ناكەم،
چوونكە بێ ئەرزشترین چین لەم كۆمەڵگایە لە چاوی دەسەڵاتەوە چینی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانن، بەداخەوە ئەم نەخۆشییەی دایكم لەهەموو شتێك بەئازاراترە كە ڕۆژانە بە بەرچاومەوە وەكوو مۆمێك دەتوێتەوە”.