رۆژنامەی ھەولێر

زۆرترین وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتوگوزار کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لەناو ئاو و ژێر سێبەری کەپر و دارەکان خۆیان تێکەڵی سروشت کردووە، زۆرترین ئەو گەشتیارانەی ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتوون، گەرمای بە تینی شوێنەکانیان وایان لێ کردوون خۆیان بگەینن بە فێنکی نێو چەم و ڕووبارەکان. بەرپرسانی کەرتی گەشتوگوزار، دەڵێن، زۆرترین وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتوگوزار کراوە، ھەمەچەشنکردنی ئابووری یەکێک بووە لە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم.

گەشتیاران سەرسامن بە ئارامی و ئاوەدانی کوردستان
جگە لە گەشتیاری بیانی، گەشتیاری ناوخۆیی بەڕێژەیەکی بەرچاو لەم وەرزەدا ڕوو لە ھاوین ھەوار و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن. عەبدوڵڵا محەممەد، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە شاری ڕوومادی ھاتووین بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، کوردستان شوێنێکی زۆر خۆش و ئارامە، خەڵکەکەشی میواندۆستن، ئەوەش زیاتر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە.
ئەو گەشتیارە، دەشڵێ: شارەکەمان زۆر گەرمە، لەگەڵ ئەوەش کارەبا نییە، کاتێک سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان دەکەین و لەگەڵ سروشت تێکەڵ دەبین گەرما و زەحمەت و ماندووبوونی شارەکەمان لەبیر دەچێتەوە و حەزناکەین بگەڕێینەوە.
سەرنجڕاکێشی ناوچە گەشتیاریی و فێنکی ئەو ناوچانە بنەمان بۆ مانەوەی گەشتیار لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان. زەھرا چەتۆ، گەشتیارێکی کەرکووکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەگەڵ خێزانەکەم ھاتوومە و کەشوھەوای ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران زۆر خۆش و فێنکە و بە ئاسانی دەستت لەو ناوچانە بەرنابن، بۆیە بڕیارمان داوە چەند ڕۆژێک لێرە بمێنینەوە تا کەمێک پلەکانی گەرما دادەبەزن ئەو کات دەگەڕێینەوە.
مستەفا کەریم، گەشتیارێکی دیکەی خوارووی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بۆ گەشت کردن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوومان لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی گەشتێکی خۆش لەناو کەشوھەوای فێنک و سرووشتی کوردستان بەسەر ببەین، بەڕاستی کوردستان خۆشە و شوێنی زۆر جوانیشی ھەیە، لەگەڵ ئەوەش مامەڵەی خەڵکی ئێرە لەگەڵ ئێمە زۆر باشە و گرنگی زۆریش بە پاکوخاوێنی دەدەن، لە ھەمان کاتدا نرخەکان گونجاون، ئەوەش زیاتر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە.
زۆرترین وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتوگوزار بووە
لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەی باران و بەفر وەکو پێویست نەبوو، بەڵام نەبۆتە ھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکان، لە ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران ھاوین ھەوار و شوێنی گەشتیاری ھەنە، جوانی و کەشوھەوای فێنک و سرووشتی سەرنجڕاکێشی ئەو ناوچانە بوونەتە ھۆکاری ئەوەی کە ساڵانە ڕێژەی گەشتیاران زیاتر ببێت. بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری، دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆر باشی داوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکان ئەوەش بۆ زیاتر پێشخستنی ئەو کەرتە و بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و زیاتر سەرنجڕاکێشی گەشتیارانە.
لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ھەزار شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن کە گەشتیاران دەتوانن لە کاتی گەشتەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان تیایدا بمێنەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش پڕۆژەی گەشتیاری گرینگ لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. لە ساڵی ٢٠١٩ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی پێکھێندرا، دوای سوێند خواردنی لە بەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایەنی پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کوردستانێکی بەھێز بوو، کابینەی نۆیەم، ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بە پلانێکی ستراتیژییەوە ھەنگاوی بەرەو بەھێزترکردنی کوردستان ناوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرجەم سێکتەرەکان ھەنگاو بە ھەنگاو دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کرد، ھەمەچەشنکردنی ئابووری یەکێک بوو لە سیاسەتەکانی کارکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوی گرنگی لە کەرتی گەشتوگوزار ناوە، لە کابینەی نۆیەم بە سەرمایەی زیاتر لە ٧.٥ ملیار دۆلار پڕۆژەی وەبەرھێنانی گەشتیاری جێبەجێ کراون و زۆرترین وەبەرھێنانیش لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتوگوزار ئەنجام دراوە، بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەت لە کۆتایی ٢٠٢٤ زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بەگوژمەی دەیان ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ نۆژەنکردنەوە و شوێنی نوێی گەشتیاری دەکرێت، ئەوەش وا دەکات کوردستان زیاتر لەڕووی گەشتیاری بچێتە پێشەوە و ڕوویەکی جوانتریش بە کوردستان ببەخشێت، ھاووڵاتییان و گەشتیارانیش ئەو پڕۆژانە بە گرنگ دەزانن بۆ زیاتر پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان.

لە شوێنە گەشتیارییەکان بە ھەزاران کەس بوونە بە خاوەن کار
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بوونی سەیرانگە و ناوچەی گەشتیاری زۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەلی کاری بۆ ھەزاران ھاووڵاتی ڕەخساندووە، ھەروەھا چەندین کەس وەکو خاوەن پڕۆژە و سەیرانگە و شوێنی گەشتیاری، توانیویانە لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن، کە ئێستا لە شوێنە گەشتیارییەکان بە ھەزاران کەس کار دەکەن و بوونەتە خاوەن کار، ئێمەش وەک گەشتوگوزار و لایەنی پەیوەندیدار چاودێرین بەسەر سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکان، بە پێدانی ڕێنمایی و نوێکردنەوەی مۆڵەت و پابەندکردنیان بەو ڕێکارانەی تایبەتن بە گەشتوگوزار.
پڕۆژەیەکی ناوازەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت
کوردستان وڵاتی سروشت و چیاکانە، دیمەنە جوانەکانی دڵی گەشتیاران مەست دەکات و ڕۆژ دوای ڕۆژیش گەشتیاری زیاتر دێنە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بەھۆی جێبەجێکردنی ستراتیژی ھێنانی گەشتیارە بۆ ھەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت، ماستەرپلانەکە لە ھاوین ھەواری بێخاڵەوە دەست دەکات و لە ساڵێکدا نەخشەسازییەکی نایابی گەشتیاری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش دەکرێت، بەوەش پڕۆژەیەکی ناوازەی گەشتیاری لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت. پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، ئاشکرای کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە، ئەوەش وایکردووە بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری لە پلان و بەرنامەدان، بوونی ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگەی سەرەنج ڕاکێش لە سنوورەکەمان بوونەتە ھۆی ئەوەی گەشتیارانی بیانی بەتایبەت شار و شارۆچکەکانی عێراق بەو پێشکەوتنانەی ھەرێمی کوردستان سەرسام بن و زیاتر خواستی سەردانی کردنی ئەو شوێنانەیان ھەبێت، بەتایبەتی لە کاتی بۆنە و پشووەکاندا گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە دەڤەرەکەمان دەکەن.