سلێمان تاشان – ههولێر
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەبارەت بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک و مووسڵ و ناوچەکانی تری سنووری مادەی سەد و چلی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە نەزۆکی لەباربردرا، بڕیارەکە دەرخەری درێژەدان بە سیاسەتێکی مەترسیداری حکوومەتی عێراقە لەدژی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و بە ئامانجی بێبەهاکردنی دەستوور و بەهێزکردنی ناوەند لێک دەدرێتەوە.
لە نووسراوەکە فەرمان بە زانكۆكانی مووسڵ، كەركووك و چەند شوێنی تر کراوە توێژینەوە و تاقیكردنەوەكان بە زمانی كوردی نەكرێت و تەنانەت فەرمانی كردووە كە پرسیارەكان بۆ قوتابیانی كورد وەرگێڕانیشی بۆ نەكرێت، بڕیارەکە سیمایەکی فاشیستانەی پێوە دیارە لە کاتێکدا بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق زمانی کوردی و زمانی عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە عێراق و دەستوور ئەو مافەی بە زمانی کوردی داوە جگە لە خوێندن و نووسین لە قۆناغەکانی قوتابخانە و زانکۆکان لە هەمان کاتدا لە نامە فەرمییەکانی حکوومەت و وەزارەتەکانی عێراق بەکار بهێنرێت.
پێویستە زمانی کوردی لە سەر دراو و پاسپۆرت و پوول و تەواوی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عێراق هاوشانی زمانی عەرەبی بەکار بهێنرێت. بەداخەوە لەم ڕووەوە سازش لە زۆربەی مافەکان کراوە و ئەوەی لە عێراق بە پراکتیکی بۆ زمانی کوردی کراوە زۆر کەمترە لە مافە یاساییەکانی دەستوور. ئەگەر پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە زمانی کوردی قسە بکات و حەز نەکات بە زمانی عەرەبی بدوێت یان زمانەکە نەزانێت ئەوا شتێکی ئاساییە و دەبێت لە پەرلەمانی عێراق وەرگێڕ دابین بکرێت و کاتێک پەرلەمانتارێک بە کوردی قسە دەکات ڕاستوخۆ بە زمانی عەرەبی بۆ تەواوی پەرلەمانتاران وەربگێردرێت و بەپێچەوانە کاتێک بە زمانی عەرەبیش قسە دەکرێ بە زمانی کۆردی بۆ پەرلەمانتارەکان وەرگێردرێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێدندنی باڵای عێراق ئەوە پێشان دەدات کە عێراق تەنانەت ئەوەندە مافەیش بۆ کورد بە ڕەوا نازانێت و دەخوازێت قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشەی پێ بکات ئەویش لە شوێنێک کە خۆی شوێنی ناکۆکە و بە پێی دەستوور هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و عێراق لە هەموو ڕوویەکی سیاسی، تەناهی، پەروەردەیی، ئابووری و ئیداری ئەوەندە مافی بەسەر سنووری مادەی سەدو چل هەیە کە کوردیش هەیەتی، ناوچەکە دەبوایە هەژدە ساڵ لەمەوبەر یەکلایی کرابایەوە بەڵام هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و عێراق بەتایبەتی لەوەتەی ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە دەیەوێت بە خشکەخشک بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە.
هەرچەندە ئەو بڕیارە لە لایەن بەرپرسانی هەرێم و پەرلەمانتاران و وەزیری دادی عێراق و جێگری پەرلەمانی عێراق و دامەرزراوەکانی تر هەر زوو ڕەت کرایەوە بەڵام هەنگاوەکە درێژەی هەمان هەنگاو و سیاسەتە کە عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە سەرجەم سێکتەرەکانی وەک ئابووری و دارایی، بازرگانی، نەوت و وزە و بوارەکانی تر ڕەچاوی دەکات.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا کرد.
ڕاشیگەیاند؛ دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ماددەی (4) بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە لە دەوڵەتدا.
جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارەکە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (7)ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە زمانە فەرمییەکانی عێراقە، کە لە ژمارە (4311)، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی 2014 بڵاو کراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا.
جگە لەوان وەزارەت و دەزگا پەیوەنددارەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیارەکەیان کرد و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ماددەی (4)ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ.
هاوکات وەزارەتەکە، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەکات، دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبووەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور، زمان و فەرهەنگی هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازی.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەکردنی ئەم پرسە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە.
ئەو عەقڵیەتەی حوکمڕانیی عێراق دەکات هیچ باوەڕێکی بە دەستوور و بنەماکانی پێکەوەژیان و هاوبەشیی دەسەڵات نییە و هەموو هەوڵێکی بەغدا ئەوەیە چۆن پایەکانی سیستمی فیدراڵی لە عێراق لەرزۆک بکات لە کاتێکدا هێشتا پایەکان بە تەواوی بنیات نەنراون، چۆن دەست بەسەر سەرچاوەکانی ئابووری هەرێمی کوردستاندا بگرێت، چۆن پێشمەرگە لە چەک بێبەش بکات و بە چ شێوەیەک فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بە بەغدا ببەستێتەوە و هەرێمی کوردستان بە تەواوی بێدەسەڵات و دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکوومەت و سیستمەکەی بێ ناوەڕۆک بکات، ئامانجیان ئەوەیە کورد لاواز و حەوجێی دەستی خۆیان بکەن و درێژە بە هەمان سیاسەتی ڕژێمەکانی پێشوو بدەنەوە.

