و: ئەرسەلان حەسەن
پەیڤکاتۆر، جۆرێکە لە نووسین و زادەی توانای زمانە. هەرچەند پەرویز شاپور بە تایبەتی دەستی بەم شێوازە نووسینە کردووە، بەڵام ئەم کورتنووسینەی زادەی بنەمای وردبینی و توانا زمانەوانیەکان، لە دەقە شیعر و نووسراوەکانی پێش خۆی نموونەی زۆرە.
لەم نووسینەدا بۆ ناسینی هەندێک لە توانا زمانییەکان و دەربڕینی پەیڤکاتۆر، چەند نموونەیەک لە ڕووی توانا زمانی و هونەرییەکانی دەربڕین شەنوکەو دەکەین.
«پشیلەکە بەدارەکەدا هەڵدەگەڕێ و منیش بە پێکەنینەوە سەیری دەکەم، کە دارەکە بە پشیلەکەدا دێتەخوارێ.»
“هاتنەخواری دارەکە بە پشیلەکەدا” گەڕاندنەوەی ڕەفتاری ئاژەڵانە بۆ ڕووەکەکان که جۆرێکە لە سەلماندنی مەجازی، واتە گەڕاندنەوەی کردارێک بۆ سوبێکتێک کە ناتوانێت بیکات.
«ئاوی تەمبەڵ، هەڵوەدای گۆماوە.»
سەلماندنی مەجازی لەم نموونەیەشدا وێنەی خوڵقاندووە، گەڕاندنەوەی سیفەتەکانی مرۆڤ بۆ ئاو کە بوونەوەرێکی زیندوو نییە، بەزاراوەی پەیڤکاتۆر پێی دەوترێت “دەستنیشانکردن”.
«ژیانی هەزارپێ بەشی بەستنی بەندۆکەی پێڵاوەکانی ناکا.»
جگە لە ناسینەوە، بە واتای خەیاڵکردنی پێڵاو و بەندۆکەی پێڵاوە بۆ هەزارپێیەک، بەکارهێنانی ناوی ئەم زیندەوەرە زیادەڕەوی لە دروستکردنی وێنەیەکی گاڵتەجاڕانە دەکات.
«لەو کاتەوە سنگم وێران بووە، بە تەرازوو جگەرە دەکێشم.»
ئیلهام لە کرداری “من دەکوژم” دووانەیەکی دروست کردووە. یەک بە جگەرەکێشان و دوو بە تەرازوو کێشان. پێدەچێت بەم لێڕوانینە بەشی یەکەمی ئەم نموونەیە ”لەو کاتەوە سنگم وێران بووە” شایانی سڕینەوەیە.
«بۆ ئەو بوونەوەرە دەگریم، بۆ مەلەکردن لە سەرابدا جلی مەلەوانی دەکاتە بەر.»
لە بەشی یەکەمی ئەم نموونەیەشدا “بۆ ئەو بوونەوەرە دەگریم” شایانی سڕینەوەیە. پێگەی تەنز لەم نموونەیەدا بەرەنجامی گۆڕانی پێکهاتەی مانایی “سەراب”ـە لە وەهمی شکانی تینوێتی لە گەرمادا، بە خەیاڵی مەلەوانیکردن لە ڕووباردا.
«ڕووی مانگت، خاڵی بەیەکگەیشتنی نیگاکانە.»
“ڕووی مانگت” دەربڕینێکی مەجازییە بە ناوهێنانی (مانگ) لەبری سیفەتی (جوانی). “خاڵی پێک گەیشتنی نیگاکان” هێنانی هۆکار و ئیرادەی هۆیە بۆ ئاماژەکردن بەجوانی و سەرنجڕاکێشیی خاوەنی ڕووە مانگەکە.
«لە بازاڕی ئاسنگەرەکان، وادەی بینینی ئەو پیاوە قسەخۆشە دیاری دەکەم.»
“بازاڕی ئاسنگەرەکان” لە میتافۆری باوی زمان وەرگیراوە. بازاڕی مسگەرەکان، شێوەیەکی دیکەی ئەم میتافۆرەیە. دۆزینەوەی مەودای مانای نزیک و مانای دوور (قەرەباڵغی دەنگەکان) لەم میتافۆرە دا، زۆر سادە و ئاسانە، بەڵام جوانی وتارەکە لە لێکچوونە پەردەپۆشەکەی پیاوی قسەخۆش لەگەڵ بازاڕی ئاسنگەردایە.
«باسی مشکم دەکرد، سەروکەللەی پشیلە دەرکەوت. قسەکانم هەڵاتن.»
فانتازیای جوانی ئەم وتەیە، گەڕاندنەوەی ڕەفتاری مشکە بۆ “وشەکان” و دژایەتی وشەکان.
«لە کڵاوڕۆژنەی هیواوە، گوللەیەک بە مێشکمەوە نرا.»
“کڵاوڕۆژنەی هیوا” زیادکردنێکی لێکچواندنە. چەمکی دەرهەستەیی کڵاوڕۆژنە لەم بەراوردکردنە، چەمکی ئەبستراکتی کڵاوڕۆژنە لەبەرچاو دەگیرێت نەک دەرخستنی کۆنکرێتی. نووسەر نیشاندانی بابەتی لەوێنەکەیدا جێگیر کردووە و ئەم گاڵتەجاڕییە کاریگەر و داهێنەرەی دروستکردووە.
«هەوری نەزۆک، ئاواتی بینینی چەتر دەباتە ناو گۆڕەوە.»
“ئاواتی بینینی چەتر” هۆ و هۆکاری ڕێگەپێدراوە، ئەو هۆکارەی لە دەقەکەدا ئاماژەی پێکراوە، واتا هەڵدانی چەتر، ئاماژەکردنە بە هۆکارەکە، واتە باران. ئەگەر نووسەر ڕاستەوخۆ دەینووسی: هەوری نەزۆک ئاواتی بینینی باران دەباتە ناو گۆڕەوە، نووسینەکەی داهێنەرانە نەدەبوو، بەڵام بەهێنانی “چەتر” وێنەیەکی نوێی خوڵقاندووە و یارمەتی بەردانگی داوە بۆ دۆزینەوەی وێنەکە.
«بێخەوی پێویستی بەلایەلایەی خەوتن نییە.»
“بێخەوی” زیادکردنێکی مێتافۆرەو دیارە ئاماژە پێکراوی سەرەکی وشەی خەو لەم پێکهاتەدایە ڕۆڵی نییە. نووسەر بەگشتی ئاماژە بەدەقەکە دەکات و بەم پێیەش “لایەلایە”ی بۆ توخمە پێکهێنەرەکانی گاڵتەجاڕیی زیاد کردووە.
«بەپێی گیوتین، سەری مرۆڤ زیادەیە.»
لەڕوانینی یەکەمدا، ئەم ڕستەیە بەگەڕاندنەوەی بۆ خەسڵەتەکانی مرۆڤ (ئایدۆلۆژیا) بۆشتەکان (گیوتین) بنیات دەنرێت، بەمانای میتافۆر بریتییە لە دیاریکردن و جیاکردنەوە، بەڵام وشەی گیوتین ناوی داهێنەری ئەم هۆکارە ترسناکەیە، کەواتە دەکرێ ئاماژەش بێت بەو داهێنەرە. هەروەها بە شێوازی ڕێگەپێدراوی گیوتین کە ئامڕازی جەلاد و ستەمکارانە، ئاماژەیە بەم گروپەو بیروباوەڕی نامرۆڤانەیان.
«بە گشتی ژن و مێرد بەخشندەن.»
“بەگشتی”، بەرەنجامی بەراوردکردنەکانە کە زادەی وەرگێڕانن دوو مانای هەیە، (ئاماژە) و مانا لاوەکیەکەی گاڵتەجاڕانەیە. هێنانە ناوەوەی هێمای “ژن و مێرد” لەدەقەکەدا بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم مانایەیە و بێگومان بۆ بەمامناوەندکردنی چەقۆی ئاماژە گاڵتەجاڕییەکانی.
“مێشوولە ژیانی خۆی بەخوێنمژین بەسەر دەبات.”
“خوێنمژین” وشەیەکی لێکدراوە و ئاماژەپیکردنەکەی هەڵکوتانەسەری لەنکاوی شەوانەیە. کەواتە لەم ئاماژەپێکردنە باوەدا تەبای هەمووبەشەکانی ئەم ڕستەیە، بەڵام ئاماژەکردنە جیاوازەکانی ئەم وشەیە (شەو، خوێن) بەپێی (مێشوولە)، وێنەیەکی نوێ دەخوڵقێنێت کە بینەر سەرسام دەکات.
«لەوشکەساڵیدا ئاو لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ناچێت.»
کاریگەریی ئاو لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ناچێت “میتافۆرییە، واتا مانای سەرەتایی و نزیکی (نەچوونی ئاو)، جێگاسەرنج نییەو مێشکی بیسەر بۆ مانای مامناوەندی (ئاسوودەیی و ئارامی) دەگوازرێتەوە. لەم ڕستەیەدا، مانای سەرەتایی و ئاماژەکردنی واتایی “ئاو لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ناچێت” بەرجسته بووه و بەپێی وشکەساڵی وێنەیەکی ئیرۆنی کێشاوە.
«هەر گەڵایەکی زەرد، پاییزۆکەیەکە.»
گشتاندنی یەکێک لەنیشانە واتاییەکانی (گەڵای زەرد) بۆ دەربڕینی چەمکێکی زیهنی (پاییز) و ڕەنگدانەوەی وێنەکەی، تەرخانکردنی چەمکێکی گشتی (پاییز) لە نموونەیەکی دیاریکراودا (گەڵای زەرد).
«کە هەور دەگری، گوڵە تینووەکان پێدەکەنن.»
هەر دوو ڕستەی پێکهێنەری ئەم گوتەیە، بە “سەلماندنی مەجازی” و گەڕاندنەوەی ڕەفتاری مرۆڤ بۆ بوونەوەرەکانیتر (دیاریکردن) پێکهاتوون. جیاوازیی نێوان “دەگری” تاک و “پێدەکەنن” فرەییە، واتایەکی گاڵتەجاڕانەی هەیە.
**
لە دەرئەنجامی ئەم پێداچوونەوە کورتە بە تایبەتمەندییە زمانەوانی و ڕیتۆریکییەکانی پەیڤکاتۆرەکانی پەرویز شاپوور، تێڕامانە لەوەی کە ئەم شێوازە قسەکردنە، دراوسێیەکی نزیکی شیعرە، بەو پێیەی سوود لە ئامێرە شیعرییەکان وەردەگرێت، کورتی، جێگەی سەرنج، قسەکردن، میتافۆر، ئاماژە، قسەی زل و چەندین تەکنیک و تەکنیکی هونەری دیکەی وەها. هێڵی دابەشکاریی نێوان کاریکاتێر و شیعر، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، لەسەر نەبوونی مۆسیقا و نەبوونی بەردەوامی پێکهاتەیی دامەزراوە.
بەوپێیەی تەرکیزی ڕیتۆریست، بەرهەمهێنانی زمان و دۆزینەوەی توانا ئاشکرا و شاراوەکانی زمانە، بەرهەمەکانی ئەم شێوازە قسەکردنە کە دوای پەرویز شاپوور بەردەوامە، سەرچاوەیەکی لەبارن بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و ڕیتۆریکی، کە جوانی ئاخاوتن لەدەرکەوتە زیندوو و پراکتیکییەکانیدا دەخاتەڕوو.
ن: ئیسماعیل ئەمینی

