چواس خالید – هەولێر
دوای كه‌متر له ساڵێك، قۆناغی یه‌كه‌می گه‌وره پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی ئاوی هه‌ولێر ته‌واو كرا، كه پڕۆژه‌كه گرفتی كه‌مئاوی بۆ سی ساڵی دی له هه‌ولێر ناهێڵێت و به بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت، بڕیاره له چه‌ند مانگی دادێ ته‌واوی پڕۆژه‌كه ته‌واو بكرێت و بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه.
گه‌وره پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی ئاوی هه‌ولێر، كه كه‌متر له ساڵێكه كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه به سه‌ركه‌وتوویی و به شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ی ستاندارد ته‌واو كرا، كه به‌هۆیه‌وه زۆرێك له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی گرفتی كه‌می ئاویان هه‌بوو له شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌بێت و چیدی بێ ئاوی نابیننه‌وه.
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی ئاوی هه‌ولێر، ده‌ست به قۆناغی دووه‌م و كۆتایی پڕۆژه‌كه ده‌كرێت و به‌پێی زانیارییه‌كانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، بڕیاره له چه‌ند مانگی دادێ كاره‌كانی به‌شی دووه‌میش ته‌واوبكرێت و بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ولێره‌وه، كه به‌هۆیه‌وه گرفتی كه‌مئاوی تا سی ساڵی دی چاره‌سه‌ر ده‌كات.
شاری هه‌ولێر شازده هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پێویسته، كه به هه‌ر سێ پڕۆژه ستراتیژییه‌كه‌ی ڕابردووی ئاوی ئیفرازی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م، سێزده هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو و له ڕێگه‌ی هه‌زار و دوو سه‌د و چل بیریشه‌وه، سێزده هه‌زار مه‌تر سێجاكه‌ی دیكه دابین ده‌كرا.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه فریای ئه‌و فراوانبوونه خێرایه‌ی شاری هه‌ولێر نه‌ده‌كه‌وتن، كه تا دێت یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون لێره‌وله‌وێ به‌رز ده‌بنه‌وه و ژماره‌ی هاوبه‌شانی ئاو ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیادتر و زیادتر ده‌بێت، خۆ به‌هۆی تێكچوونی دۆخی كه‌شوهه‌وا له جیهان و كه‌می باران بارین و دابه‌زینی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی، كه سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی زۆری ئاوی ماڵانه و ده‌ستپێوه‌نه‌گرتنی هاووڵاتیان به ئاوه‌وه، له وه‌رزی هاوین، هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر ڕووبه‌ڕووی كه‌م ئاوی ده‌بنه‌وه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری دەستبەسەرداگرتنی به‌شه بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن عێراقی فیدڕاڵه‌وه، هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاری و هتد…، به داهاتی به‌رده‌ستی ناوخۆیی، ڕشتانه كار له سێكته‌ری ئاودا ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی هاووڵاتیانی له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كه‌م ئاوی ئه‌رخه‌یان بكات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا چه‌ندان به‌نداو و پۆندی به گوژمه‌ی قه‌به بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی باراناو، له نێزیك شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات ناوه و جه‌ندانیش ئێستا له جێبه‌جێكردندان.
هاوكات له چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ییدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به بنیاتنانی گه‌وره پڕۆژه‌یی فریاگوزاری خێرای ئاوی هه‌ولێر و به‌ستنه‌وه‌ی تۆڕی ئاو كرد، له ٨ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر دانا و له مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، ئه‌و پڕۆژه‌یه، تا نزیكه‌ی ٣٠ ساڵی دیكه، گرفتی كه‌مئاوی له شاری هه‌ولێر ناهێڵێت.
پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه بۆ شاری هه‌ولێر، یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به گوژمه‌ی چوار سه‌د و هه‌شتا ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ ده‌كرێت، ماوه‌ی ته‌واوبوونی پێنج سه‌د و په‌نجا ڕۆژ بوو، كه ئێستا قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه ته‌واو بووه و به‌ته‌واوبوونی ته‌واوی پڕۆژه‌كه، ١٠٠% گرفتی كه‌مئاوی له شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كات، كه ڕۆژانه چوار سه‌د و هه‌شتا هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو ده‌پاڵێوێت و بۆ هه‌ر كاتێك ٢٠-٢١ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی خاوێێن دابین ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه له هه‌ولێر كرا، بۆ باشتركردنی سیسته‌می دابه‌شكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتوانی شاری هه‌ولێر و به فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرا.
مه‌ودای پڕۆژه‌كه چوار سه‌د و یازده كیلۆمه‌تره و به گوژمه‌ی بیست و پێنج ملیار دیناری عێراقی كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه له ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥، له ڕێوه‌ڕه‌سمێكی تایبه‌تدا به‌ردی بناغه‌ی داندرا، ئه‌و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه، بۆگواستنه‌وه‌ی ئاوی گه‌وره پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌یه بۆ شاری هه‌ولێر.
پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه بۆ شاری هه‌ولێر، به چوار هێڵی سه‌ره‌كی له نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت و پشتی به ئاوی زێی گه‌وره به‌ستووه و دوای پاككردنه‌وه و پاڵاوتنی ئاوه‌كه و فلته‌ركردن و كلۆركردنی به ستانداری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی (WHO)، و عێراقی ده‌گه‌یه‌ندرێته دانیشتوانی شاری هه‌ولێر.
به‌هۆی ئه پڕۆژه‌وه زیادتر له هه‌زار بیری ئاو له شاری هه‌ولێر داده‌خرێت و چیدی بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی دانیشتوانی سودی لێوه‌رناگیرێت، كه به‌وه‌ش ژێرخانی ئاوی ژێر زه‌وی پارێزراو و به‌رز ده‌بێته‌وه.

