رۆژنامەی ھەولێر

ئەمەریکا دیپلۆماتکارەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

لە دوازدەی حوزەیرانەوە ڕۆژێک بەر لەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران دەنگۆی ئەوە بەهێز بوو کە شەڕێک ڕوو دەدات و بۆیەش ئەمەریکا بەپەلە دەستی بە کشاندنەوەی دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق و هەرێمی کورستان و وڵاتانی تری ناوچەکە کرد و داوایشی لە هاووڵاتییانی کرد بە هیچ شێوەیەک گەشتی هەندێک وڵات و ناوچە نەکەن.

ئەو پڕۆسەیە لە گەڵ ڕوودانی جەنگ زیاتر پەرەی پێ درا و ئێستە کە شەش هەفتە لە دەستپێکردنی جەنگ و چوار هەفتە لە کۆتاییهاتنی جەنگ تێدەپەرێت دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و ئەمەریکا دەستی بە گەڕاندنەوەی دیپلۆماتکارەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردووەتەوە.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند فەرمانبەر و دیپلۆماتکارانیان دەست بە گەڕانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە عەرەبیەی گوتووە ئەو بڕیارەی ئەمەریکا هەر لە خۆوە نییە و ئەو گەرەنتییەی لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق وەرگرتووە لە هەموو ڕوویەکەوە گیانی ئەو دیپلۆماتکارانە لە عێراق پارێزراو بێت و هیچ مەترسییەک بۆ سەریان نەیەتە کایەوە، ئەمەریکا لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەم ڕووەوە ڕێوشوێنی پێویست و گونجاوی وەرگرتووە.
ئەو ئاماژەی داوە کە ترسی هێرشەکە لە لایەن گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بووە و تەنانەت لە میانەی جەنگیشدا ئەو گرووپانە بەڵێنیان بە حکوومەتی عێراقدا بوو هیچ هێرشێک نەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و مەرجیان ئەوە بوو هەر کاتێک لە لایەن ئەمەریکاوە بکرێنە ئامانج ئەوا ئەوانیش وەڵامیان دەبێت و بنکەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەنە ئامانج.
بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ گەڕاندنەوەی دیپلۆماتکارانی بۆ عێراق هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی جیددییە بۆ بەرپرسانی عێراق و ئەمەریکا ناخوازێت هەر وا بە ئاسانی گۆرەپانەکە بۆ گرووپە میلیشیاکان چۆل بکات.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت سەرەڕای ئەوەی کە هیچ شەڕێک لەئارادانییە کەچی کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا گرووپە میلیشیاکان زۆرترین هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە بازرگانی و ئابوورییەکان و بەشێک لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کاری تێدا دەکەن.
لەو ماوەیەدا زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو هێرشانە بەرهەمهێنانی نەوت لێیان وەستاوە و بەدەر لە هەرێمی کوردستان لە کەرکووک و شوێنی تری عێراق هێرشی جیاواز تۆمار کراون کە بەشێکیان بۆ سەر ڕادار و پێگە سەربازییەکانی عێراق بووە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی ناوی هیچ کەسێک ببات بە میدیاکانی گوت زۆر ڕوونە درۆنەکان لە کوێوە ئاڕاستە دەکرێن و ئامانجی ئەو هێرشانە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانە. هێرشە درۆنییەکان کردەوەی تیرۆریستین و شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
ئەو داوای لە حکوومەتی فیدراڵ كرد، سنوورێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانە دابنێت و ئەو لایەنانەشی لە پشت ئەو هێرشانەن، ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا و داوای لە هاوپەیمانانیش کردووە هاوکاریان بن.
رۆژی هەینی سه‌باح نوعمان گوته‌بێژی فەرماندەی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كانی سیسته‌می ڕادار و پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراقی ڕاگەیاند. ئەو گوتی دوای لێکۆڵینەوەکان توانیان ئه‌وه‌ پشتڕاست بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و درۆنانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق دروست كراون، كه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌ندین پێگه‌ی سه‌ربازی و سیسته‌می ڕادار له‌ عێراق به‌كار هێنراون.
ئەو گوتیشی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ به‌ وردی شوێنی هه‌ڵدانی ئه‌و درۆنانه‌ی ئاشكرا كردووه‌ و درۆنه‌كان له‌ ناوخۆی عێراقه‌وه‌ هه‌ڵدراون و تەنانەت توانیوانه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ش ئاشكرا بكه‌ن، كه‌ هێرشه‌كانیان ئه‌نجام داوه‌، بەڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و هێرشبه‌رانه‌ ئاشكرا بكات.
هێشتا بە فەرمی دیار نییە کێ لە پشتی ئەو هێرشانەیە بەڵام پەنجەی تۆمەت لەسەر ئەو گرووپە میلیشیا لە یاسا دەرچووانەیە کە بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند و حکوومەتی عێراق سەرکێشییان کردووە و بەرژەوەندییەکانی عێراقیان تووشی مەترسی کردووە.