بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دوو بابەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەوانیش هێرشە درۆنیەکانە بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکەی ‘کوت’ـە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووز، پەرلەمانی عێراق لەسەر هەردوو بابەت کۆدەبێتەوە، بابەتی یەکەم، هێرشە تیرۆریستییەکانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بابەتی دووەم باس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی مۆڵەکەی کوت دەکرێت، کە 61 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە.”
ئەوەشیان خستەڕوو؛ لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات هەڵبگرێت و هەنگاوی جیددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت؛ هاوکات هێرشکارەکان ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.”

