رۆژنامەی ھەولێر

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق: پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان بکات

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە پەیامەکەشدا دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15 مانگی تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە.
باڵیۆزخانەکە پێی وایە، ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی. دەڵێت: ھانی حکومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە.