كارزان گلی – ههولێر
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە رێگەی شاندی دەم پارتییەوە، لە مانگی یەكی ئەمساڵ شیعرێكی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ناردووە، كە لە شیعرەكەدا باس لە خۆشەویستیی نیشتیمان دەكات و هەروەها باس لە برایەتیی دەكات.
رەوشەن چاكر، نووسەر و لێكۆڵەری توركیا، لە سەرچاوەی نهێنییەوە زانیاریی وەگرتووە، كە دەوڵەت باخچەلی، لەرێگەی شاندی ئیمڕاڵییەوە لە مانگی یەكی ئەمساڵدا، شیعرێكی جاید سدقی تارانجی بەناوی (مەملەكەتم دەوێت) بۆ ئۆجەلان ناردووە؛ شیعرەكە بەم شێوازەیە:
مەملەكەتم دەوێت…
زۆر شین بێت، لقەكانی سەوز و زەوییەكانی با زەرد بێت،
با گوڵەكان ببێتە جێژوانی باڵندەكان.
مەملەكەتم دەوێت…
نە سەر بە بەڵا بێت و نە دڵیشی بە حەسەرت بێت،
با شەڕی براكوژی كۆتایی بێت.
مەملەكەتم دەوێت…
نە دەوڵەمەندەكان فەقیر و نە من و تۆش جیاوازیمان هەبێت،
لە رۆژی زستاندا هەموو كەس لە ماڵ و مەسكەنی خۆی بێت.
مەملەكەتم دەوێت…
ژیان و خۆشەویستیی لە دڵەوە بێت،
ئەگەر بكرێت گلەیی تەنیا لە مردنەوە بێت.
ئەو دەوڵەت باخچەلییەی، ئەوكاتەی ئۆجەلان دەستگیر كرا، پارتەكەی مەهەپە، لەگەڵ پارتی ئەناپ و دەسەپە، حكوومەتی هاوپەیمانییان پێك هێنابوو، داوای دەكرد ئۆجەلان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەربچێت، ئەوكات بڵند ئەجەویت و مەسعوود یڵماز، پێیان باش نەبوو ئۆجەلان لەسێدارە بدرێت، بەڵام باخچەلی داكۆكی دەكرد كە لەسێدارە بدرێت و ئەم ناكۆکییە بووە هۆی ئەوەی، حكوومەتی هاوپەیمانیی هەڵوەشێتەوە.
پاشان پارێزەرەكانی ئۆجەلان، لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داوای یاسایییان تۆمار كرد، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە، دادگا بڕیاری دا ئۆجەلان نابێت سزای لە سێدارەدانی بۆ دەربچێت، بۆیە توركیا ناچار بوو بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات و باخچەلی بۆی نەبوو جارێكی تر داوا بكات ئۆجەلان لەسێدارە بدرێت.
ئێستاش باخچەلی شیعر بۆ ئۆجەلان دەنووسێت، وەكوو بڵێی هاوڕێیی گیانیبەگیانی بن و پێی وایە دەبێت ئۆجەلان رۆڵی هەبێت لە بنیادنانەوەی دیموكراتی و ئاشتیی لە توركیا؛ هەربۆیە باخچەلی و ئۆجەلان، بە ئەندازیاریی پرسی چارەسەریی كورد ناویان دەهێنرێت.
باخچەلی، ئەوەندە دژمنی كورد بوو، پێی هەرسی نەدەكرا ناوی كوردیش بێت، ئەو دەیگوت كورد توركی شاخاوین و نابێت وەكوو نەتەوە باسیان بكەین، لە زۆر شوێنیش سووكایەتیی بە نەتەوە و ئاڵا و كولتووری كورد كردووە.
لەبارەی چەكدانانی پەكەكەوە، شرۆڤەكارانی سیاسی و لێكۆڵەرانی سیاسی، بوونەتە دوو بەش، بەشێكیان پێیان وایە ئەمە هەڵخەڵەتاندنی كوردە و تورك تەنیا لە رۆژە سەختەكاندا دەست بۆ كورد درێژ دەكەن، هەروەها ئەو هەنگاوەی ئۆجەلان بۆ چەكدانان بە خیانەت ناو دەبەن. بەڵام بەشێكی تر پێیان وایە، ئیدی خەباتی چەكداری لە دونیای تازەدا باوی نەماوە، پێویستە كورد بۆ بەدیهێنانی مافی خۆی، لە رێگەی دیموكراتی و پەرلەمانەوە خەباتی بۆ بكات.
تێبینی: هەركەسێك ئەو شیعرە بڵاو بكاتەوە، پێویستە ناوی من وەكوو وەرگێڕی شیعرەكە بنووسێت.

