رۆژنامەی ھەولێر

ئایا دەم پارتی دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە؟

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دوای ئەوەی ٣٠ چەكداری پەكەكە چەكیان دانا و سووتاندنیان، وتارێكی پێشكەش كرد و لەوێدا گوتی، لەگەڵ مەهەپە و دەم پارتی بەیەكەوە كار دەكەین تا ئەو پرۆسەیە دەگەیەنینە ئەنجام. پاشان میدیاكانی توركیا وایان لێك دایەوە، كە دەم پارتی لە داهاتوویەكی نزیكدا، بە فەرمی دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە و دوو پارتی بچووك پێك هێنراوە.

پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، هەرزوو وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە، گوتی ”ئێمە لە پڕۆسەی ئاشتی بەیەكەوەین، بەڵام بۆ پرسی سیاسی، بەیەكەوە نین و جیاوازین.“
بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، هەرچەندی بوڵدان قسەیەكی لەو شێوەیەش بكات، بەڵام دەم پارتی هەر دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە.
وەكو ئەوەی چەند شرۆڤەكارێكی سیاسی باسی دەكەن، ناكرێت بۆ پرسی ئاشتی دەست بخەیتە ناو دەستی ئەردۆغان، بەڵام لە هەڵبژاردندا دژی بوەستیتەوە و بڵێیت تاكڕەوە.
واتە دەم پارتی، بۆی نییە لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا ئەردۆغان وەكوو تاكڕەو یان دیكتاتۆر ناو ببات، چونكە بۆ پرسێكی گرنگی ئاشتی لە توركیا دەستی خستووەتە ناو دەستی.
بە گوێرەی زانیارییەكان، رەنگە سیناریۆی دەم پارتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەگەڵ ئاكەپەشدا دووبارە ببێتەوە.
وەكو چۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣ـدا، دەم پارتی نەهێنرایە ناو هاوپەیمانیی (میللەت)، كە لە نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دروست ببوو، بەڵام هەر دەنگیان دایە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن واتە كەمال كلیچدارئۆغڵو. رەنگە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، بەوەی بەفەرمی دەم پارتی نەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بدات، بەمەش شانسی ئەردۆغان بۆ بردنەوە زۆر دەبێت، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشووتری سەرۆكایەتی، راستە لە گەڕی یەكەم كورد دەنگی بە كلیچدارئۆغڵو دا، بەڵام لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دەنگیان دایە ئەردۆغان و، ئەگەر دەنگی كورد نەبایە، ئەردۆغان نەیدەبردەوە.
ئەردۆغان بۆی دەركەوتووە، كە بەبێ دەنگی كورد ناتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، بۆیە لەرێگەی پرسی چارەسەریی كورد، لە دەم پارتی نزیك بووەتەوە و دەیەوێت بیهێنێتە بەرەی خۆی.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رۆڵی گەورەی دەبێت لەوەی دەم پارتی دەنگ بە ئەردۆغان بدات، چونكە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، ئۆجەلان لەرێگەی محەممەدی برایەوە، داوای لە كوردانی ئیستانبۆڵ كرد، دەنگ بە بەربژێری هیچ لایەك نەدەن، ئەمەش بەئاشكرا پشتگیریی بوو لە بیناڵی یڵدرم بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، چونكە كوردەكان لە رێگەی هەدەپەوە خۆیان ئامادە كردبوو دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بدەن و هەرواشیان كرد، بۆیە ئیمامئۆغڵو توانی سەركەوتوو بێت، واتە ئەویش بەدەنگی كورد، چووە سەر كورسی گەورەترین شارەوانیی توركیا كە ئیستانبۆڵ بوو.
ئەو گفتوگۆ و نزیكبوونەوەی لە نێوان ئۆجەلان و ئاكەپە و مەهەپەوە دروست بووە، بەهۆی پرسی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە، رێگە خۆش دەكات تا دەنگی كورد لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانیی كۆماریدا بێت، چونكە ناكرێت لە پرۆسەیەكدا دەست بخەیتە ناو دەستی و لە هەڵبژاردنیشدا هەوڵی لابردنی بدەیت.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەگەر دەم پارتی پشتگیری لە ئەرۆدغان نەكات، رەنگە پرۆسەی ئاشتی لەبار ببرێت، چونكە ئەردۆغان ئامادە نییە، دەست بخاتە ناو دەستی كورد بۆ ئاشتی، بەڵام ئەو دەستە هەوڵی لابردنی بدات.