مریەم بیتوێنی
ڕۆژێکیان ماڵی شکۆ،ڕۆیشتبوون بۆ یەکێک لە سەیرانگا خۆشەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی لەوێ کاتێکی خۆش بەسەربەرن،شکۆ پەتێکی هێناو بەدارێکی داکرد و جۆلانەیەکی دروستکرد.
کاتێک شکۆ جۆلانەی دەکرد، گوێی لە گفتوگۆی نێوان دوو دار بوو. دار سێو دەیگوت: من دارێکی بەرهەمدار و زۆر جوانم، سێوی سوڕیش دەگرم کە میوەیەکی پڕڤیتامین و خۆشە.
دار سنەوبەریش گوتی: منیش دارێکی زۆر سەوز و جوانم، چۆلەکەکان هێلانەم لەسەر دروست دەکەن و دەیکەن بە ماڵی خۆیان، چوار وەرزی ساڵ سەوز و جوانم و ئۆکسجین دەبەخشم.
ئێتر هەر یەکەیان باسی خۆیان دەکرد، لەم کاتەدا شکۆ هاتە لایان و گوتی: دارە جوانەکان، ئێوە هەر یەکەتان جوانن و سودێکی تایبەتیتان هەیە و هەمیشە گرنگن، بۆیە هەر دووکتان بە سوودن، ئێرەش بە ئێوەوە جوانە.

